رووداو – ئاژانسەكان
ئەم زانیارییانە لەلایەن زانایانی كۆمەڵەی نێودەوڵەتیی زانستی فیزیۆلۆژی روونكراونەتەوە لە چلەمین كۆنفرانسی خۆیاندا كە ساڵی 2017 بەسترا، ئەوانەی توێژینەوەیان لەسەر كراوە، رۆژێك 25%ی كالۆرییان وەرگرتووە و رۆژی دواتر بڕی ئاساییان وەرگرتووە، پوختەی ئەنجامی توێژینەوەكە سێ خاڵی راگەیاندووە:
1- رۆژووگرتن كێشی جەستە كەم دەكاتەوە.
2- چەوریی نێو هەناو كەم دەكاتەوە.
3- ئەگەری نەخۆشكەوتنی دڵ و لوولەكانی خوێن كەم دەكاتەوە.
جەستە پێویستی بە زۆرخۆری نییە
د.نۆربەرت سمیس كە دكتۆرای لە زانستی فیزیۆلۆژی هەیە، دەڵێت بەشێكی زۆر لە نەریتە خۆراكییەكان زیاتر رەهەندێكی كولتوورییان هەیە، واتە شیرینی و چەورییەكان زیاتر بۆ چێژ و خۆشی بەسەربردن دەخورێن، نەك بەهۆی برسێتی و پێداویستیی فیزیۆلۆژی جەستە بۆ خۆراك و وزە، بۆیە سەردەمی ئێستا سەردەمی قەڵەوبوونە.
كاردانەوەكانی جەستە بەرامبەر رۆژوو
هەموو خانەكانی جەستە پێویستیان بە شەكرە وەك سەرچاوەیەكی وزە كە ئاستەكەی لەلایەن جگەر و پەنكریاس و رژێنەكانی ئەدریناڵ رێكدەخرێ بە هەماهەنگییەكی ورد و رێك. لەباری ئاساییدا ئەو خۆراكانەی دەیانخۆین وەك سەرچاوەی وزە بەكاردێن، بەڵام كاتی رۆژوو، جەستە پەنادەبات بۆ وزە زیادە و هەڵگیراوەكان و دووبارە سوودیان لێدەبینێتەوە.
كاتی رۆژوو ئەم گۆڕانكارییانە روودەدەن:
1- قۆناغی یەكی رۆژوو، چەند كاژێری سەرەتا:
لەگەڵ دابەزینی ئاستی شەكری خوێن، هەستێكی قوڵی برسیێتی دەستپێدەكات و ئارەزوویەكی بەهێز بۆ خواردن دروستدەبێت. دەگوترێت وەرزشێكی سادە بەسوودە بۆ سەركوتكردنی ئەم هەستی برسێتییە.
2- قۆناغی دووەمی رۆژوو، كاژێرەكانی دواتر:
جەستە دەستدەكات بە سووتاندنی شەكری هەڵگیراوی جگەر (گلایكۆجین). ئیدی دەردانی ئەنسۆلین كەم دەبێتەوە. دابەزینی كێش لەم قۆناخەوە دەستپێدەكات. هەر پاوەندێك (450 گرام) شەكری هەڵگیراو كە دەگۆڕێ بۆ شەكری ئاسایی، سێ پاوند ئاو خەرج دەكات.
3- قۆناغی سێ
لەم قۆناغەدا جەستە دەستدەكات بە سووتاندنی شانە چەورییەكان و گۆڕینیان بۆ وزە..سووتاندنی چەورییە شانەكان گرنكە بۆ راگرتنی ئاستێكی پەسەندی شەكری خوێن. لە قۆناغی كۆتاییدا بەگشتی كەمتر هەستی برسێتی و بەتاڵبوونی گەدە هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ