رووداو دیجیتاڵ
سلێمان رەمەزان، راهێنەری یانەی دهۆک لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، دووپاتیکردەوە کە ئەو کوڕی شاری دهۆکە و پێویستە خزمەتی ئەو شارە بکات و گوتی "دهۆک هەر کاتێک پێویستی بە من بێت لەهەر روویێکەوە ئامادەم خزمەتی بکەم". هەروەها دووپاتیکردەوە کە لەم دوو رۆژەدا داهاتووی ئەو وەک راهێنەر لەگەڵ یانەی دهۆک یەکلایی دەبێتەوە.
دوای ئەوەی ئەمیر ئەزرەفشان وەک راهێنەری یانەی دهۆک دەستی لەکارکێشایەوە، کارگێڕیی یانەکە ئەرکەکەی بە رەمەزان سلێمان راسپارد و ئەویش قبوڵی کرد و یانەکەی گەڕاندەوە سەر رێچکەی سەرکەوتنەکان و لە کۆتاییشدا دهۆکی کردە پاڵەوانی جامی عێراق، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە 5-3 لە یانەی زاخۆی بردەوە.
سلێمان رەمەزان لە بووڵتەنی وەرزشیی رووداودا میوانی سامان وڵاتژێری بوو، وەڵامی چەند پرسیارێکی رووداوی دایەوە.
ئەو راهێنەرە سەرەتای قسەکانی بەوە دەستپێکرد کە زۆر خۆشحاڵ بووە بەهۆی ئەوەی دوو یانەی کوردستان و لە یەک پارێزگا گەیشتوونەتە یاریی کۆتایی جامی عێراق و گوتی "شانازییە کە من بتوانم جامی عێراق بۆ شاری دهۆک ببەمەوە، هەموو خەڵکی دهۆک شانازی بەو نازناوەوە دەکات".
سلێمان رەمەزان، دووپاتیکردەوە "من کوڕی دهۆکم و دەبێت خزمەتی شارەکەم بکەم. دهۆک هەر کاتێک پێویستی بە من بێت لەهەر روویێکەوە ئامادەم خزمەتی بکەم".

ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە زۆر نزیکە لە د.عەبدوڵڵا جەلالی سەرۆکی یانەکە و هەردووکیان هەمیشە ئامادەن بەهەموو شێوەیەک لە خزمەتی یانەی دهۆک و شاری دهۆکدا بن.
سامان وڵاتژێری لە سلێمان رەمەزانی پرسی، پێشتر من بە بینەرانی رووداوم گوتووە سلێمان رەمەزان لەسەر لاپەڕەیەکی سپی گرێبەستی لەگەڵ یانەی دهۆک کردووە، ئایا زانیارییەکانم دروستن؟ ئەو راهێنەرە لە وەڵامدا گوتی "بەڵێ زانیارییەکانت سەدا سەد راستن، من لەسەر لاپەڕەیەکی سپی گرێبەستم لەگەڵ یانەی دهۆک کردووە".
ئەو زیاتر گوتی "پەیوەندی من و یانەی دهۆک و سەرۆکی یانەی دهۆک لەوە گەورەترن باسی هەندێک شت بکەین کە بەلامەوە ئەوەندە گرنگ نین، گرنگ خزمەتکردنی یانەکەمانە".
دواتر رووداو لەبارەی داهاتووی لەگەڵ یانەی دهۆک پرسیاری لێکرد، ئایا داهاتووی تۆ لەگەڵ یانەی دهۆک بەکوێ گەیشت، دەمینیتەوە یان دەڕۆی؟ سلێمان رەمەزان گوتی "لەم دوو رۆژەدا داهاتووی من لەگەڵ دهۆک یەکلایی دەبێتەوە".
ئەو راهێنەرەی یانەی دهۆک لە بەشێکی قسەکانیدا بۆ رووداو باسی لەوە کرد کە ئەو سوپاسی هەر کەسێک دەکات بە قسەیەک یارمەتی بدات بۆ خزمەتکردنی یانەکەی و گوتی "من زۆرجار بەر لە یاری بۆچوونی هەر کەسێک وەردەگرم کە بزانم سوودێکی دەبێت، تەنانەت هەندێکجار بۆچوونی کارمەندانی یانەکەش وەردەگرم".
ئەو دووپاتیکردەوە کە بەر لەیاریی کۆتایی جامی عێراق راوێژی بە مەسعود میرالی راهێنەری پێشووتری یانەکەی کردووە و گوتی "میرال لەدوای یارییەکانیش پەیوەندیم پێوە دەکات و قسە لەسەر یارییەکە دەکەین و پیرۆزبایی بردنەوەمان لێدەکات".
سلێمان رەمەزان لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی سامان وڵاتژێریدا سەبارەت بە داهاتووی هاروون ئەحمەدی ئەستێرەی یانەکەی؟ گوتی "هاروون ئەحمەد شەنگستەی یانەکەیە و هەر دەبێت لە ریزەکانی تیپەکەدا بمێنێتەوە". ئەو دووپاتیشیکردەوە "هیچ یاریزانێکی ناوخۆ و بیانی ناتوانێت شوێنی هارووون ئەحمەد بگرێتەوە"..
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ