ژووری بازرگانی ئێران-عێراق: سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی کێشە ئابوورییەکان چارەسەر دەکات

06-05-2024
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی ژووری بازرگانیی هاوبەشی ئێران - عێراق ئاشکرای کرد، قەبارەی هەناردەی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان لە ساڵی رابردوودا بۆ 2.65 ملیار دۆلار دابەزیوە. هاوکات، سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێران بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان بە بایەخەوە باس دەکات. 
 
رۆژی دووشەممە، 6ـی ئایار، سەید حەمید حوسەینی، ئەندامی ژووری بازرگانیی هاوبەشی ئێران - عێراق لە میانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووریی رووداو رایگەیاند، ساردبوونەوەی پەیوەندییە سیاسیەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بووەتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان.
 
حەمید حوسەینی گەشبینیی خۆی بۆ سەردانەکەی نێچێرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڕبڕی کە ببێتە هۆکار بۆ چارەسەرکردنی کێشە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان.
 
بە گوتەی ئەو ئەندامەی ژووری بازرگانیی هاوبەشی ئێران - عێراق، لەکاتێکدا لە چەند ساڵی رابردوو، پشکی هەرێمی کوردستان لە هەناردەی ئێران بۆ عێراق نزیکەی 40٪ بوو، کەچی لە ساڵی رابردوودا ئەو رێژەیە بۆ نزیکەی 20٪ دابەزیوە. 
 
حوسەینی ئاماژەی بەوەکرد: "هەرێمی کوردستان هەر کاڵا و بەرهەمێک کە هەناردەی دەکات، لە رێگەی خاکی ئێرانەوە ترانزێتی دەکات بۆ بازاڕەکانی ئەفغانستان، ئیمارات، ئەرمەنستان و وڵاتانی دیکە."
 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەید حەمید حوسەینی:
 
رووداو: دەمەوێت باسی بایەخی ئەم سەردانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانم بۆ بکەی بۆ ئێران؛ لە رووی ئابوورییەوە چ بایەخێکی هەیە؟
 
حوسەینی: سڵاوم هەیە بۆ بینەرانی بەڕێزتان. زۆر خۆشحاڵم لە خزمەت ئێوەدام. راستییەکەی ئەوەیە کە ئێمە پێکەوە دراوسێین. دراوسێش ناچارە. تۆ ناتوانی دراوسێی خۆت هەڵبژێریت. ئەگەر کێشەیەکیش لە نێوانی ئێمەدا بێت، چارەیەکمان نییە جگە لەوەی کە لەرێگەی گوتوبێژ و گفتوگۆوە چارەسەری بکەین. لەگەڵ ئەوەشدا، دەزانین جیهانی دوای شەڕی غەززە و دوای هێرشی درۆنی و مووشەکی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل جیهانێکی جیاواز دەبێت و ستراتژیی سیاسی و سەربازیی جیهان خەریکە دەگۆڕدرێت. لەبەر ئەوەش دەبێت وڵاتانی ناوچەکە بەردەوام لە گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیرورا و هاوکاریی لەگەڵ یەکتردا بن. ناتوانین نکۆڵی لەوە بکەین لە ماوەی یەک دوو ساڵی رابردوو، ناکۆکی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران بەتایبەتی لەگەڵ هەولێر هەبووە. خۆشحاڵم کە ئەم سەردانە دەکرێت. دڵنیام لە میانی ئەم سەردانەدا زۆرێک لە هەڵە لێکتێگەیشتنەکان و جیاوازییەکان چارەسەردەکرێن. 

 

رۆژنامەکانی ئێران گرینگییان بەم سەردانە داوە. چەند بابەتیان وەک ئامانجی سەردانەکە باس کردووە. یەکێکیان ئەوەیە کە ئێمە رێککەوتنێکی ئەمنیمان هەیە لەگەڵ عێراق واژۆمان کردووە. پێداگرین لەسەر ئەوەی کە ئەو رێککەوتنە ئەمنییە بڕواتە بواری جێبەجێکردنەوە. هەرێمیش بەشێکە لە خاکی عێراق و لەبەر ئەوەش هەرێمی کوردستان دەبێت ئەو رێککەوتنە لەبەرچاو بگرێت. هەندێ گرووپی دژ بە شۆڕش ( شۆڕشی ئیسلامیی ئێران) هەن کە هەندێ جار لە خاکی هەرێمی کوردستان کەڵک وەردەگرن و دژ بە ئێران چالاکی ئەنجام دەدەن، ئەمەش ناڕەزایەتیی ئێرانی بەدواوە هاتووە. لەو لاشەوە هەندێ هەواڵ و دەنگۆ و قسەڵۆک هەن لەسەر بوونی هێزەکانی ئیسرائیل لە کوردستانی عێراق. ئەم کێشانە دەبێت لە هەر بارودۆخێکدا لە میانی گوتوبێژەکان و دانوستاندنەکان چارەسەر بکرێن و زانیاری ئاڵوگۆڕ بکرێن. ئەگەر لێکتێنەگەیشتنێک هەیە، پشتیوان بە خوا چارەسەربکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ بابەتی دیکە هەن کە بەزۆری بابەتی ئابوورین و بابەتی دیکە وەک هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کە هەولێر هیوادارە ئێران بتوانێت نێوەندگیری لە نێوان پارتی و یەکێتیدا بکات و لەو رێگەشەوە بتوانن بابەتی هەڵبژاردن چارەسەر بکەن.
 
رووداو: بەڕێز حوسەینی، باسی کێشەی ئابووریت کرد، ئەو کێشە ئابوورییانە کامانەن کە پێشبینی دەکرێت بەهۆی ئەم سەردانەوە چارەسەر بکرێن؟ وەکو چی؟
 
حوسەینی: سەیرکە، کاتێک کە پەیوەندییە سیاسییەکان ئەو گەرمییەی جارانی نەمابێت، بەدڵنایییەوە کاریگەری دەکاتە سەر پەیوەندییە ئابوورییەکان. ئێمە ئاماری ساڵی رابردووی هەتاویی هەناردەکردنی ئێرانمان بۆ هەرێمی کوردستان هەیە کە نزیکەی 2 ملیار و 650 ملیۆن دۆلار کاڵای ئێرانی بۆ هەرێمی کوردستان هەناردەکراوە، کە دەکاتە 5٪ی کۆی توانای هەناردەکردنی ئێران. ساڵی رابردوو 50 ملیار دۆلار هەناردەکاریمان هەبووە، شتێک زیاتر لە 5٪ی ئەو بڕە، هەناردەی هەرێمی کوردستان کراوە. یان ئەگەر هەناردەی ئێمە بۆ عێراق بە گشتی نزیکەی 10 ملیار دۆلار بێت، نزیکەی 9 ملیار و 600 ملیۆن دۆلارە، نزیکەی 20٪ی چووە بۆ هەرێمی کوردستان. لە کاتێکدا پشکی هەرێمی کوردستان لە کۆی هەناردەی ئێران بۆ عێراق پێشتر نزیکەی 40٪ بوو. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە ساردیی پەیوەندییە سیاسییەکان کاریگەری لەسەر پەیوەندییە ئابوورییەکان داناوە. نامەوێ بڵێم کێشەی گەورە دروستبووە، بەڵام قەبارەی هەناردەکاری ئێمە بۆ کوردستانی عێراق کەمبووەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە هەناردەی ئێمە بۆ بەشەکانی دیکەی عێراق کەم نەبووەتەوە. بەڵام لەرووی بابەتەکانی دیکەوە، بۆ نموونە لەبارەی ترانزێتەوە پەیوەندییەکان هەر وەک خۆیام ماونەتەوە. بەڵام پەیوەندییەکان دەتوانێت پێشبخرێت. لەبەر ئەوەی عێراق لە قۆناخی نۆژەنکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەدایە. بەشێک لەو ناوچانەی کە بڕیارە نۆژەن بکرێنەوە، لەژێر دەسەڵات یان لە نزیکی هەرێمی کوردستاندان، لەبەر ئەوە هەرێمی کوردستان دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ لە بەرزبوونەوەی ئاستی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و عێراق بگێڕێت.
 
رووداو: بەڕێز حوسەینی، ئامانجتان چییە؟ ئامانجتان ئەوەیە دوای سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای ئەم گفتووگۆیانە ئەم پەیوەندییە بازرگانییە لە دوو ملیۆن دۆلارەوە بگەیەننە چەند؟ 
 
حوسەینی: سەیرکە، دەڵێم پشکی هەرێم نزیکەی 4 ملیار دۆلار بووە. ئێمە دووەمین هاوبەشی بازرگانیی هەرێمی کوردستانین. پێمانوایە کە بازرگانانی هەرێمی کوردستان تواناییەکی باشیان هەیە بۆ ئەوەی کە نە تەنیا بۆ بازاڕی خۆیان کاڵای زیاتر لە ئێرانەوە هاوردەبکەن، بەڵکو لە بازاڕی عێراقیش دەتوانن چالاک بن. پێمانوایە قەبارەی هەناردەی ئێران دەتوانێت زیاتر لە 10 ملیار دۆلاری ئێستا بێت، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی عێراق لە قۆناخی نۆژەنکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەدایە و لەبەر ئەوەش کاڵای ئێرانی زیاتر لە جاران دەتوانێت لە بازاڕی عێراق هەبێت. برەودان بە هاوکارییەکان، نامەوێ بڵێم لە بابەتە بازرگانییەکان کێشەی گەورەمان هەیە بەڵام، هەر کێشەیەک هەبێت دەتوانین چارەسەری بکەین. پرۆژەی پێشتر ماوە، بابەتی کۆن ماون. بۆ نموونە بابەتی ئەو کۆمپانیانەی کە لە پێش هێرشی داعش لە هەرێمی کوردستان کاریان دەکرد، چەند پرۆژەیەکیان ئەنجام داوە و دوای هێرشی داعش ئەو پرۆژانە راگیران و هەندێ لە کۆمپانیا ئێرانییەکان دەڵێن کە مافە داراییەکانیان ماوە. زۆر سرووشتییە بۆ ئەوەی کە پەیوەندییەکان پەرەپێبدەین، دەبێت بابەتەکانی پێشوو چارەسەربکرێن.
 
رووداو: بەڕێز حوسەینی بەرلەوەی باسی کۆمپانیا ئێرانییەکان بکەین، با پرسیاری ئەوەت لێبکەم سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردنکارانی کوردستان باس لە شەش ملیار دۆلار دەکات کە قەبارەی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، منیش ئاگەدارم کە لایەنی ئێرانی باس لە دوو ملیار دۆلار دەکەن لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی. جیاوازی ئەو ئامارانە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
 
حوسەینی: تەماشا بکە. یەکەم، هەندێ کاڵای ئێرانی هەر بە قاچاخ هەناردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت. کەواتە ئێمە بابەتی قاچاخ یان بە نایاسایی هەناردەکردنی کاڵای ئێرانیمان هەیە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستانیش. جگە لەوەش پێوەری گومرکەکان جیاوازە. بۆ نموونە گومرکی ئێران ئەگەری هەیە بەهای کاڵایەک تۆنێکی بە 200 دۆلار دابنێت، بەڵام هەرێمی کوردستان بەپێی زانیاری و پێوەری خۆی، هەر ئەو کاڵایە تۆنێک بە 400 دۆلار دابنێت. جگە لەوەش ئێمە قەبارەی ترانزێتی کاڵا کە لە رێگەی خاکی خۆمانەوە ئەنجام دەدرێت، بە قەبارەی بازرگانیی خۆمان هەژمار ناکەین. بۆ نموونە ئێمە لە گومرکی باشماخ ساڵی رابردوو نزیکەی 3.5 ملیار دۆلار کاڵامان ترانزێت کردووە. ساڵانە نزیکەی 4 تاوەکو 5 ملیار دۆلاری ئەو کاڵایانەی کە پێداویستیی هەرێمی کوردستانن لە رێگەی خاکی ئێرانەوە ترانزێت دەکرێن. ساڵی رابردوو نزیکەی 100 هەزار ئۆتۆمبێل لە رێگەی خاکی ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان ترانزێت کراوە، یان کەرەستەی کارەبایی، زۆربەی کاڵا و کەرەستەی پێویستی هەرێمی کوردستان لە رێگەی خاکی ئێرانەوە ترانزێت دەکرێت، بۆ نموونە لە بەندەر عەباسەوە یان لە بەندەر لنگەوە هاتوون و لەرێگەی دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخانەوە چوونەتە نێو خاکی عێراق. ئەگەری هەیە گومرکی هەرێمی کوردستان ئەو کاڵایانە وەک کاڵای هەناردەکراو لەلایەن ئێرانەوە هەژماربکات. ئەم کارە لەلایەن تورکیاشەوە دەکرێت. تورکیا کاتێک ئاماری هەناردەکردنی خۆی بڵاودەکاتەوە، ئاماری ترانزێتیش هەژمار دەکات.
 
رووداو: لە کۆی 1400 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی ئێران لەگەڵ عێراق 600 کیلۆمەتری لەگەڵ هەرێمی کوردستاندایە. عێراق ژمارەیەکی زۆر دەروازەی سنووریی لەگەڵ ئێراندا هەیە، پەیوەندییەکی بەهێزتان لەگەڵ عێراق هەیە. چ پێویستتان بە بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانتانە لەگەڵ هەرێمی کوردستان؟ 
 
حوسەینی: تەماشابکە، ئێمە سێ دەروازەی فەرمیمان هەیە. پەروێزخانمان هەیە، باشماخ و تەمەرچینیشمان هەیە. ئەوانە دەروازە فەرمییەکانن و چوار بازاڕچە یان دەروازەی لاوەکیشمان هەیە. وەک مەرزی کێلێ و شوشمێ و کاڵاش ئاڵوگۆڕی پێدەکرێت. شارە سنوورنشینەکانی ئێمە لە پارێزگاکانی وەک کوردستان و کرماشان و ئازەربایجانی رۆژئاوا خوازیارن لەگەڵ شارە سنوورییەکانی خۆیان لە هەرێمی کوردستان پەیوەندییان هەبێت. دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەژێر گوشاردان کە ئەو بازاڕچە یان دەروازە لاوەکییانە پەرەپێبدەن، نەک تەنیا بۆ گواستنەوەی کاڵا، بەڵکو بۆ هاتووچۆی خەڵکیش. بەم دواییانە، ئێکسپۆی ئێران بەڕێوەچوو. شاندێکی 240 کەسی لە بازرگانانی عێراق بانگهێشت کرابوون و بەشێکی زۆریان ئەو هاوڕێیانە بوون کە لە هەرێمی کوردستان، لە سلێمانی و هەولێر و هەڵەبجەوە هاتبوون. کاتێک کە لەگەڵ هاورێیانم لە هەڵەبجە قسەم دەکرد زۆر پێداگر بوون کە بازاڕچەیەکی سنووریی نوێ بکرێتەوە. جگە لەوەش ئێران خەریکە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانیش بەکاردەهێنێت بۆ گواستنەوەی گەشتیارانی ئایینی چلەی ئیمام حوسێن. هەندێک لە گەشتیارانی ئایینی چلەی ئیمام حوسێن، خوازیارن لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە بڕۆنە ناو خاکی عێراقەوە. لەبەر ئەوەیە هەرچەندە بتوانین پەرە بە پەیوەندییەکانمان بدەین، باشترە. دەبینی کولتووری هاوبەش و مێژووی هاوبەشمان هەیە. هەندێ لە سنوورنیشینان لە بنەڕەتدا پەیوەندیی خزمایەتییان لەگەڵ یەکدی هەیە. تاوەکو پەیوەندییەکانمان باشتر بکەین، چاکتر دەتوانین کێشەکانی نێوانمان چارەسەربکەین. پێموایە لە قازانجی خەڵکی هەردوو لایە کە بتوانین ئەو بازاڕچانە زیاتر پەرەپێبدەین. 
 
رووداو: گلەییەک هەیە کە ئەمەی لە نێوان هەرێمی کورستان و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەیە بازرگانی نییە. تەنیا هاوردەکردنی کاڵا و شتومەکە. چی بکرێت بۆ ئەوەی بکرێت بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی؟ واتە ئێران تەنیا وەکو بازاڕێک بۆ ساخکردنەوەی کاڵاکانی سەیری هەرێمی کوردستان نەکات؟ کاڵا و شتومەکیش لە هەرێمی کوردستان بکڕێت. یان ژمارەیەک کارگە و کارخانەی گەورە لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێنێت. هیچ پلانێکی لەو جۆرەتان هەیە؟ 
 
حوسەینی: ئەو ئامارەی کە من هەمە، 350 کۆمپانیای ئێرانی لە هەرێمی کوردستان تۆماکراون. ئەو ئێرانییانەی کە چوونەتە هەرێمی کوردستان و کۆمپانیایان دامەزراندووە. لەگەڵ ئەوەشدا 150 کارگەی بەرهەمهێنانی ئێرانی لە هەرێمی کوردستاندا چالاکن. کەواتە لە بازاڕی کاری هەرێمی کوردستان هەم هێزی کاری ئێرانی و هەم کۆمپانیای ئێرانی چالاکن. لە کەرتی جیاوازیشدا کاردەکەن، بۆ نموونە لە بواری پاککەرەوەکان یان شیرەمەنی و کەرەستەی بیناسازی و تەنانەت لە بواری گازدا کۆمپانیا ئەندازیارییەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستاندا کاردەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا، پەیوەندییەکانی ئێمە لە راستیدا یەک لایەنە نییە. ئێستا زۆربەی بەرهەمە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەرێگەی خاکی ئێرانەوە ترانزێت دەکرێت. کەواتە ئێمە بووینەتە ئامانجی یەکەم بۆ بەرهەمی هەرێمی کوردستان. ئەو ئامارانەی کە لە باشماخەوە وەرم گرتوون، رۆژانە 200 تاوەکو 250 تانکەری عێراقی گازوایل یان بەنزین یان رۆنی پیشەسازی و بەرهەمە نەوتییەکانی دیکە وەک نەفتا دەگوازنەوە بۆ سنوورەکانی ئەفغانستان و ئیمارات. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ لە کارگەکانی پێترۆکیمایی لە ئێران هاوردەکاری نەفتای هەرێمی کوردستانن. خۆم سەرقاڵی پرۆژەیەکم کە نەفتای هەرێمی کوردستان بۆ پرۆژەکانی پێترۆکیمیایی خۆمان هاوردە بکەین. ئەو توانایەی کە هەرێمی کوردستان هەیەتی بۆ هەناردەکردن بە زۆریی لە بواری بەرهەمە نەوتییەکانە کە خودی ئیران لەو بارەیەوە زۆر بەتوانایە، لە بەر ئەوەیە کە کەڵکی ئابووری نییە کەرتی تایبەتی ئێران بەرهەمە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان هاوردەبکات چونکە ئەو بەرهەمانە لالەیان حکومەتی ئیرانەوە لە بازاڕی ناوخۆ پاڵپشتییان لێدەکرێت، بەڵام ئەو رێگەیە بۆ هەرێمی کوردستان کردووەەتەوە بۆ ئەوەی بەرهەمە نەوتییەکانی بۆ ئەفغانستان و ئەرمەنستان و وڵاتانی دیکە هەناردەبکات. ئەوەی کە هەرێمی کوردستان هەناردەی دەکات بۆ بازاڕەکانی دەوربەر تەنانەت بۆ تورکیا هەر لەرێگەی خاکی ئێرانەوە ئەنجام دەدرێت.
 
رووداو: بەڕێز حوسەینی ئێستا ژمارەی کۆمپانیا ئێرانییەکان لە هەرێمی کوردستان چەندن بە دیاریکراوی کە وەبەرهێنان و سەرمایە گوزاری دەکەن؟ ئەو ئامارەی کە هەمانە، ئەوەیە کە 350 کۆمپانیای ئێرانی لەوێ تۆمارکراون.
 
حوسەینی: تەماشا بکە، بەشێک لەو چالاکییە دەبێت لەلایەن بازرگانانی هەولێرەوە بکرێن. پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ سلێمانی، پەیوەندیی کۆن و مێژوویین و پتەویشە. بەڵام هەڵە لێکتێگەیشتن کاریگەرری لەسەر پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ هەولێر دادەنێت. ئێمە لە بیرمانە کە ژووری بازرگانیی هەولێر بەیاننامەیەکی دەکرد و رایگەیاند کە پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ ئێران بپچڕێنن. ئەمە بەدڵنیاییەوە بۆ ژوورە بازرگانییەکانی دوو وڵات باش نییە. لە جیاتی ئەوەی گەشە بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان دوو وڵات بدەن، داوای پچڕانی پەیوەندییە بازرگانییەکانیان کرد. کاتێک بازرگانانی هەرێمی کوردستان و ئێران بزانن کە خراپ لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان چارەسەرکراوە و دڵنیا ببنەوە کە بەرپرسانی دوو وڵات پاڵپشتی لەو پەیوەندییە بازرگانییانە دەکەن، بە دڵنیاییەوە زەمینەی جیاواز دروستدەبێت بۆ پەرەپێدانی هاوکارییەکان، چ بۆ هەناردەکردنی بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستان لەرێگەی خاکی ئێرانەوە بێت، چ لە بوارێکی دیکەدا بێت. بۆ نموونە هەندی جار هەناردەکاری ئیرانی لە ناخۆ گوشار بۆ گومرکەکانی ئێران دەهێنێت کە رێگە بە گواستنەوەی بەرهەمی هەرێمی کوردستان نەدەن. ساڵی رابردوو لە ئێران 5 ملیۆن و 900 هەزار تۆن قیرمان هەناردەکردووە کە بڕەکەی دوو ملیار و 200 ملیۆن دۆلار بووە. ئەو هەناردەکارانەی ئێران دەڵێن بۆ رێگە دەدەن قیری هەرێمی کوردستان و عێراق لەرێگەی خاکی ئێرانەوە هەناردەبکرێت کە هەرزانترە لە قیری ئێمە و بازاڕی ئێمەشی خراپ کردووە. دەبینی کاتێک کە پەیوەندییەکانی دوو لایەن ئاسایی بن، تەنانەت گوشاری کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت کاریگەری لەسەر ئەو پەیوندییانە ناکات. یارمەتی زیاتریش دەدات کە ئەو پەیوەندییانە زیاتر و زیاتر گەشە بکەن.
 
رووداو: بەڕێز حوسەینی زۆر سوپاست دەکەم.
 
 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە