گالەری


وێنەکان: AFP
 
باڵی چەکداریی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستین دەڵێت 'ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی ئەقسا'یان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکردووە و سەروو پێنج هەزار مووشەکیان ئاڕاستەی ئیسرائیل کردووە. ئیسرائیلیش دەڵێت، کۆمەڵێک چەکدار دزەیان کردووەتە نێو سنوورەکەیان. 
 
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ژمارەیەک چەکدار لە کەرتی غەزەوە دزەیان کردووەتە نێو خاکی ئیسرائیل، دوای ئەوەی دەیان مووشەک لەوێوە ئاراستە کران.
 
لە چەند وێنە و گرتە ڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێت، ژمارەیەک چەکدار لە غەزەوە بەرەو خاکی ئیسرائیل دەپەڕنەوە و تەقە دەکەن. 
 
هاوکات، مووشەکبارانەکە زیانێکی زۆری بەر ئیسرائیل گەیاندووە و بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە و زیانگەیاندن بە چەند یەکەیەکی نیشتەجێبوون و رێگەوبانەکان. 
 
کەتائیبی عیزەدین قەسام کە باڵی چەکداریی بزووتنەوەی حەماسە، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی ئەقسا رادەگەیێنین و لە 20 خولەکی یەکەمدا سەروو 5,000 مووشەکمان تەقاندووە." باڵە چەکدارییەکەی حەماس دەشڵێت، "بڕیارماندا کۆتایی بە هەموو تاوان و داگیرکارییەکی (ئیسرائیل) بهێنین." 
 
سوپای ئیسرائیل لەو بارەوە گوتی، ئەو زانیاریەی حەماس باسی دەکات کە گوایە 5000 مووشەکی ئاراستە کردووە "راست نییە" و ژمارەی مووشەکە ئاراستەکراوەکان 2500 دانە بوون. 

دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانکردن و تۆپبارانکردنی چەند شوێنێکی غەزە کرد و لە هەندێک شوێنیش شەڕ لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس دروستبوو.