خەلیل حەییە: ئەمریکا و نێوەندگیران گەرەنتییان پێ داوین بەوەی جەنگ بە تەواوی کۆتایی هات

09-10-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
خەلیل حەییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لە غەززە و سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری بزووتنەوەکە.
خەلیل حەییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لە غەززە و سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری بزووتنەوەکە.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

خەلیل حەییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لە غەززە و سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری بزووتنەوەکە، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، حەماس لەلایەن نێوەندگیران و ئەمریکاوە دڵنیایی پێدراوە کە شەڕی ئیسرائیل لەسەر کەرتی غەززە "بەتەواوەتی کۆتایی هاتووە."  
 
دەشڵێت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، دەستپێکردنی جێبەجێکردنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی و ئاڵوگۆڕکردنی بەندکراوانی فەڵەستینی و بارمتەکانی ئیسرائیل گەیشتوونەتە رێککەوتن.
 
حەییە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی: "ئەمڕۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و دەستدرێژی بۆ سەر گەلەکەمان و دەستپێکردنی جێبەجێکردنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی، کشانەوەی هێزەکانی داگیرکەر، هاتنەناوەوەی هاوکارییەکان، کردنەوەی دەروازەی رەفەح بە هەردوو ئاراستەدا و ئاڵوگۆڕی دیلەکان رادەگەیێنین."
 
ئاشکراشی کرد کە 250 بە ندکراوی حەماس کە لە ئیسرائیل سزای زیندانیکردنی تاهەتاییان بۆ دەرکراوە، لەگەڵ هەزار و 700 بەندکراوی دیکەی خەڵکی کەرتی غەززە کە دوای 7ی ئۆکتۆبەری 2023 دەستگیرکراون، ئازاد دەکرێن، "لەگەڵ ئازادکردنی هەموو منداڵ و ژنان."
 
حەییە گوتیشی: "ئێمە لە برا نێوەندگیرەکان و ئیدارەی ئەمریکاوە دڵنیاییمان وەرگرتووە و هەموویان جەختیان کردووەتەوە کە شەڕ بەتەواوەتی کۆتایی هاتووە. ئێمە لەگەڵ هێزە نیشتمانی و ئیسلامییەکان بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ تەواوکردنی هەنگاوەکانی دیکە و کارکردن بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی گەلی فەڵەستین و دیاریکردنی چارەنووسی خۆی، تاوەکو دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین کە پایتەختەکەی قودس بێت."
 
هەروەها گوتی: "ئێمە بە بەرپرسیارێتییەکی بەرزەوە مامەڵەمان لەگەڵ پلانی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ کرد و وەڵامێکمان پێشکێش کرد کە بەرژەوەندی و مافەکانی گەلەکەمان دەستەبەر دەکات و خوێنڕشتن رادەگرێت، هەروەها دیدگەی ئێمە بۆ راگرتنی شەڕ لەخۆدەگرێت."
 
حەییە باسی لەوەشکرد: "شاندەکەمان بە بەرپرسیارێتی و ئەرێنییەوە هاتە کۆماری میسری عەرەبی، ئەمەش وایکرد ئێمە و هێزەکانی مقاوەمە بتوانین رێککەوتنێک بەدەستبهێنین و پێشکێشی گەلە خۆشەویستەکەمان بکەین."
 
حەییە رووی لە خەڵکی غەززە کرد و گوتی: "جیهان سەرسام بوو بەوەی ئێوە پێشکێشتان کرد لە بەخشین و قوربانیدان و خۆڕاگری و ئارامگری، چونکە ئێوە رووبەڕووی شەڕێک بوونەوە کە جیهان وێنەی نەبینیوە و بەرەنگاری ستەمی دوژمن و دڕندەیی سوپاکەی و کۆمەڵکوژییەکانی بوونەوە."
 
ئەو سەرکردەیەی حەماس گوتی، دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە جەنگی سەر غەززە، "ئێمە لەبەردەم قارەمانێتیی پیاوانی مقاوەمە و پاڵەوانەکانیداین کە لە خاڵی سفرەوە شەڕیان کرد و وەک کێوێکی مەزن لەبەردەم تانک و ئامێر و سەربازەکانی داگیرکەردا وەستانەوە و یەک لە دوای یەک پیلانەکانی دوژمنیان پووچەڵکردەوە، لەوانە پیلانی راگواستن، برسیکردن و دروستکردنی ئاژاوە."
 
حەییە سڵاوی ئاراستەی گەلی فەڵەستین لە هەموو شوێنێک، نێوەندگیران لە میسر، قەتەر و تورکیا و هەموو ئەوانە کرد کە لە یەمەن، لوبنان و شوێنەکانی دیکە بەشداریی شەڕی دژ بە ئیسرائیلیان کردووە. هەروەها سڵاوی بۆ هەموو هاوسۆزانی دۆزی فەڵەستین لە جیهاندا و بەشداربووانی "کاروانەکانی پشتیوانی و ئازادی لە وشکانی و دەریاوە" نارد. 
 
پێشتر ئەمڕۆ، نێوەندگیران لە دانوستاندنەکانی شەرم شێخ لە میسر، رێککەوتنێکی ئاگربەستیان راگەیاند. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش ئەمڕۆ پێنجشەممە رێککەوتنەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماسی پشتڕاستکردەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسرور بارزانی لە قەڵای دێرینی سەڵاحەدینی ئەییوبی لە قاهیرە.

قاهیرە؛ مەسرور بارزانی دوای کۆشکی کۆماری سەردانی قەڵای سەلاحەدینی ئەیووبی کرد

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری قاهیرە لەگەڵ سەرۆککۆماری میسر کۆبووەوە و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارەکانی وەبەرهێنان و بازرگانی کرایەوە. هاوکات سەرۆکی حکومەتی کوردستان سەردانی قەڵای سەلاحەدینی ئەییووبی کرد.