ئێران شەپۆلێکی نوێی هێرشی بۆ سەر ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا دەستپێکرد

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ
 
لە 11ـەمین رۆژی شەڕی نێوان هەردوو لادا، ئێران شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنیی بۆ سەر تەل ئەڤیڤ، حەیفا و چەند ئامانجێکی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەستپێکرد.
 
رۆژی سێشەممە، 10ـی ئاداری 2026، سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە شەپۆلێکی نوێی هێرشەکانیاندا بۆ سەر ئیسرائیل، چەندین "مووشەکی ستراتیژییان" بەکارهێناوە کە بەهێزترین مووشەکەکانی نێو کۆگەکانی ئێرانیان تێدایە، لەوانە مووشەکەکانی فەتاح، عیماد و خەیبەر.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران، جگە لە شارە جیاوازەکانی ئیسرائیل وەک تەل ئەڤیڤ، چەندین بنکە و ئامانجی هێزەکانی ئەمریکاش لە ناوچەکە کراونەتە ئامانج.
 
هاوکات سوپای ئێرانیش لە راگەیێندراوێکی جیادا ئاماژەی بەوە کردووە، لە رێگەی "درۆنی هێرشبەرەوە" بنکەیەکی سەربازی و ناوەندێکی هەواڵگرییان لە شاری حەیفا پێکاوە.

 

 
 
ئاژانسی تەسنیمی ئێران لە زاری سوپای ئێرانەوە بڵاویکردەوە، ئەو ناوەندە سەربازییەی لە حەیفا بۆردوومان کراوە، "رۆڵێکی سەرەکی لە بەرهەمهێنانی چەکدا هەیە و بایەخێکی ستراتیژیی گەورەی بۆ بەهێزکردنی توانای جەنگیی ئیسرائیل هەیە."
 
ئەم هێرشانەی تاران لە کاتێکدایە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هەردوولا پێی ناوەتە 11ـەمین رۆژی خۆی و تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ هێوربوونەوەی دۆخەکە یان وەستاندنی هێرشەکان لە ئارادا نییە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە