رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئۆپەراسیۆن و هێرشەکەی ئێران سنووردار بوو و بە ئامانجی تەمێکردنی رژێمی ئیسرائیل کرا''، گوتیشی، بەر لە ئۆپەراسیۆنەکە بە وڵاتانی ناوچەکەیان گوتووە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەمای ''بەرگریی رەوا لە خۆی'' وڵامدانەوەی دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 14-04-2024، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بەر لە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکەی شەوی رابردوو کە لەلایەن ئێرانەوە کرایە سەر ئیسرائیل، لێکدانەوەی وردیان بۆ پێکانی ئامانجەکانیان کردووە.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان گوتی، یەکێک لە ئامانجەکانیان ئەو بنکە سەربازییە بووە کە فڕۆکە f35ـەکانی ئیسرائیلی تێدا راگیراون کە لە هێرشەکەی سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق بەکارهێنراون.
شەوی شەممە، 13-04-2024، تاوەکو بەرەبەیان، ئێران لە رێگەی نزیکەی 300 درۆن و مووشەکی کرووزەوە هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، بەڵام سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشەکە زیانێکی ئەوتۆی نەبووە و 99%ی مووشەک و درۆنەکانیان خستوونەتە خوارەوە.
هێرشەکە بە دوای ئەوەدا هات کە رۆژی 01-04-2024 کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق کرایە ئامانج و حەوت کەس کە دووانیان فەرماندە و ئەوانی دیکەش راوێژکاری سەربازیی ئێران بوون، کوژران، ئێران تۆمەتەکەی خستەپاڵ ئیسرائیل و هەڕەشەی وەڵامدانەوەی کرد.
بەگوتەی وەزیری دەرەوی ئێران، خاڵیکی دیکە کە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کراوەتە ئامانج، ناوەندێکی زانیاریی ئیسرائیل بووە کە ''ژووری کۆنترۆڵی سەرجەم ئۆپەراسیۆنەکانی شەش مانگی رابردووی رژێمی ئیسرائیل، بەتایبەتی هێرشەکەی سەر کۆنسوڵخانەی ئێمە لە دیمەشق بووە.''
وەک ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ئاماژەی دا، ئەو بنکەیەی f35ـەکانی ئیسرائیلی تێدا راگیراون لە بەرزاییەکانی جۆلان کە لەنزیک سنووری لوبنانە، دەشڵێت، ''دوای بەئامانجگرتنی کۆنسوڵخانەکەمان لە دیمەشق، 10 رۆژ چاوەڕوانی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بووین، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبوو و وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەرکۆنەی ئیسرائیلیان پەسند نەکرد.''
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە، ''ئێمە هیچ کات بەدوای پەرەپێدانی گرژییەکان نەبووینە و شەش مانگە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ناوچەکە دانمان بەخۆماندا گرتووە، بەڵام پێدەچێت رژێمی ئیسرائیل بە هەڵە لە دانبەخۆداگرتنەکەی ئێمە تێگەیشتووە.''
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ئاماژەی بەوە کرد، لە هێرشەکەی شەوی رابردوودا جگە لە بنکەی سەربازی، هیچ شوێنێکی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئیسرائیلیان نەکردووەتە ئامانج، گوتیشی، ''ئامانجی ئێمە تەنیا تەنبێکردنی رژێمی ئیسرائیلە و بە دوای زیانگەیاندن بە هێز و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا نین.''
وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، سەرەڕای ئەوەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە خاکی وڵاتانی دراوسێدا ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکەی ئەوان نەبووە، بەڵام هۆشدارییان داوە ''ئەگەر ئەمریکا خاکی وڵاتانی ناوچەکە بۆ بەرگری و پاڵپشتی لە تەلئەڤیڤ بەکاربهێنێت، ئەوە ناچارین بنکەکانی سەربازیی ئەمریکاش بکەینە ئامانج.''
وەک ئەمیر عەبدوڵڵاهیان گوتی، 72 کاژێر بەر لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە، لە پەیامێکدا بە وڵاتانی ناوچەکەیان راگەیاندووە، ''وەڵامی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کۆنسوڵخانەکەمان لە دیمەشق، لە چوارچێوەی بەرگریی رەوا لە خۆمانە و بێگومان دەکرێت.''
بەشێک لە درۆن و مووشەکەکانی شەوی رابردووی ئێران بە ئاسمانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕبوون، کە ژمارەیەکیان لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکاوە لە سنووری سلێمانی و هەولێر خرانەخوارەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ