رووداو دیجیتاڵ
بۆ سێیەم رۆژی لەسەریەک، پێکدادانە سەربازییەکان لە نێوان ئێران و ئیسرائیلدا چڕتر بوونەتەوە و هەردوولا هێرشی قورسی مووشەکی و ئاسمانییان بۆ سەر یەکدی ئەنجام داوە، کە بووەتە هۆی زیانی گیانی و مادیی زۆر.
ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی بەرفراوانی بۆ سەر چەندین شوێن لە تاران و شارەکانی دیکەی ئێران ئەنجام داوە. ئامانجەکان بەزۆریی دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکانی لەخۆگرتووە. بەهۆی ئەم هێرشانەوە، زیاتر لە 400 کەس لە ئێران کوژراون، کە ژمارەیەک زانای ئەتۆمی و فەرماندەی سوپای پاسداران لەنێویاندایە.
لە بەرامبەردا، ئێران چەندین مووشەکی بالیستی ئاڕاستەی ئیسرائیل کردووە. هەندێک لەم مووشەکانە بەر چەندین شار کەوتوون، لەوانە حەیفا، بات یام، تەلئەڤیڤ و ریحۆڤۆت. لە ئەنجامدا، بەلایەنی کەمەوە 10 بۆ 14 کەس کوژراون و سەدانی دیکەش بریندار بوون.
هێرشەکان زیانێکی زۆریان بە ژێرخانی مەدەنی لە هەردوولادا گەیاندووە. هاوکات، ئاسمانی هەردوو وڵات بەڕووی گەشتەکاندا داخراوە و پرۆسەی خوێندن لە قوتابخانەکان راگیراوە.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خۆی لە تێوەگلان لەم پێکدادانە دوور خستووەتەوە، بەڵام هۆشداریی داوەتە ئێران کە هێرش نەکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە. لە لایەکی دیکەوە، یەکێتیی ئەورووپا داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی کردووە، چونکە ترسێکی زۆر هەیە لە فراوانبوونی شەڕەکە لە ناوچەکەدا.