رووداو دیجیتاڵ
لە دووبەی کار لەسەر دروستکردنی تابلۆیەکی گەورەی دوو هەزار مەتری دەکرێت کە لەسەر قوماش دەکێشرێت. وێنەکێشەکە هیوای وایە، قەبارە گەورەکەی ئەم تابلۆیە ریکۆردێکی جیهانی بشکێنێت و دەڵێت، دەبێتە گەورەترین تابلۆ لە جیهاندا کە بە رەنگی زەیتی لەسەر قوماش کێشرابێت.
ساشا جەعفەری ئەو وێنەکێشەیە کە کار لەسەر تابلۆکە دەکات، سەبارەت بە پەیامی ئەو تابلۆیەی بڕیارە بیکێشێت دەڵێت، باسی گەشتی مرۆڤایەتی دەکات لە رابردوو و ئێستا و داهاتووش.
وێنەکێشەکە دەشڵێت "ویستم تابلۆکە بکێشم بۆ نیشاندانی گەشتی مرۆڤ، کە پێمان بڵێت ئێمە لە کوێ بووین، لە کوێین و بۆ کوێ دەڕۆین، گەشتەکەش چۆن کۆتایی دێت. کە دەستم بە تابلۆکە کرد، سەرەتا بڕیار نەبوو بکرێتە گەورەترین تابلۆی جیهان، بەڵام دواتر پەرەم پێدا و وردە وردە گەورەتر بوو. بەم تابلۆیە گەوتررەین هۆڵم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا داپۆشیوە".
تابلۆکە لە هۆڵێکی هۆتێلی ئەتلەنتیس لە دوبەی کێشراوە. وێنەکێشەکە دەیەوێت بەم تابلۆیە هاوکاری دارایی بۆ منداڵانی جیهان کۆبکاتەوە.
بەپێی چاوەڕوانییەکانی وێنەکێشەکە، تابلۆکە لەوانەیە نرخەکەی بگاتە زیاتر لە 30 ملیۆن دۆلار، پارەکەشی دەدات بە رێکخراوە خێرخوازییەکانی تایبەت بە منداڵان.
ساشا جەعفەری ئاماژە بەوەش دەکات "هەستدەکەم لە جیهانی هاوچەرخدا دەتوانیت بەم جۆرە پەیامی خۆت بگەیێنیت. دەتوانیت هەر شتێک بکەیت بۆئەوەی نیازی خۆت نیشانبدەیت. بۆ من گرنگ نیازی کارکردن و نیشاندانی کێشەکانی جیهانە".
ساشا جەعفەری هونەرمەندێکی بەریتانییە، لەدوای قەدەخەی هاتووچۆ و وەستانی گەشتە ئاسمانییەکانەوە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە لە دووبەی مایەوە و دەستی بەو کارە کردووە.
جەعفەری دەڵێت، رۆژانە 16 بۆ 17 کاژێر کاری لەسەر تابلۆکە کردووە، ماوەی شەش مانگیشە بەردەوام کاری لەسەر دەکات. دوای تەواوبوونی تابلۆکە، لە مانگی 12ی ئەمساڵدا لە زیادکردنێکی ئاشکرادا لە دووبەی بە 70 پارچەی جیاواز دەفرۆشرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ