رووداو دیجیتاڵ
داتاکانی کەشتیوانی نیشانی دەدەن، کەشتییەکی نەوتی عێراقی، کە بڕێکی زۆر نەوتی خاوی هەڵگرتووە، بە ناوچە ئاوییەکانی نزیک لە کەناراوەکانی ئێران لە تەنگەی هورمز تێپەڕیوە. ئەمەش دوای ئەوە دێت تاران عێراقی لەو سنووردارکردنانە بەدەرکرد کە خستوویەتیە سەر تەنگەکە.
بەگوێرەی داتاکانی ماڵپەڕی "ڤیسڵ فایندەر" بۆ چاودێریی کەشتیوانی، کەشتی "ئۆشن سەندەر" کە نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی قورسی بەسرەی هەڵگرتبوو، رۆژی 2ـی نیسان بە سەلامەتی بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیوە. چاوەڕوان دەکرێت کەشتییەکە بارەکەی لە ناوچەی پێنگێرانگی مالیزیا دابگرێت.
تێپەڕبوونی ئەم کەشتییە لە کاتێکدایە، گرژییەکان لە ناوچەکە گەیشتوونەتە لووتکە، بەڵام ئێران رایگەیاندووە کە رێگری لە کەشتییەکانی عێراق ناکات.
پێشتر ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیای سەر بە فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لە پەیامێکدا سوپاسی گەلی عێراقی کرد بۆ پشتیوانیکردنیان لە ئێران و رایگەیاند: "عێراقی دۆست، لە هەر جۆرە سنووردارکردنێک کە لە تەنگەی هورمزدا دامانناوە، بەدەر دەکرێت."
زولفەقاری ئاماژەی بەوە کرد، ئەو سنووردارکردنانەی تاران تەنیا "وڵاتە دووژمنەکان" دەگرێتەوە. ئەو هێرشانەی کرانە سەر وڵاتەکەی، بە "دەستدرێژیی دڕندانەی ئەمریکا و قەوارەی زایۆنی" ناوبرد و ستایشی هەڵوێستی عێراقییەکانی کرد کە بە گوتەی ئەو "بەرامبەر دەستدرێژییەکان هەڵوێستێکی حەکیمانەیان هەبووە."
گوتەبێژەکەی خاتەمولئەنبیا لە پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە ئێستا دەرفەتێکی مێژووییە بۆ عێراق تاوەکو کۆتایی بە بوونی ئەمریکا لەسەر خاکەکەی بهێنێت و رێگری لە "تاڵانکردنی سامانی وڵاتەکەی" بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ