سوپای پاسداران شەپۆلی 61ـەمینی هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل و ئەمریکا راگەیاند

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سوپای پاسدارانی ئێران دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی بۆ سەر تەلئەڤیڤ و بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە راگەیاند و دەڵێت، لە ئەنجامی هێرشەکەدا 230 کەس کوژراون.
 
رۆژی چوارشەممە، 18-03-2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، شەپۆلی 61ـەمینی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راست 4" بە دروشمی "یا اباعبدالله الحسین" دەستیپێکردووە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هێرشەکان لە تۆڵەی کوژرانی عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کراون.
 
سوپای پاسداران ئاشکرای کردووە کە لەم شەپۆلەدا، 100 ئامانجی سەربازی و ئەمنی لە ناو جەرگەی ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە کراونەتە ئامانج. بۆ ئەم مەبەستەش جۆرە جیاوازەکانی مووشەکی بالیستی لەوانە (خورەمشەهر 4، قەدر، عیماد و خەیبە شکەن) لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە درۆنی خۆتەقێن و زیرەک بەکارهێنراون.
 
لە راگەیێندراوەکەدا بانگەشەی ئەوە کراوە کە "لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمشەودا، 230 ئیسرائیلی کوژراون." سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئۆپەراسیۆنەکە لە کاژێر 03:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە دەستیپێکردووە و "بە سەرکەوتوویی" ئامانجەکانی پێکاوە.
 
جەنگی نێوان ئێران و بەرەی ئەمریکا - ئیسرائیل پێی ناوەتە 19ـەمین رۆژیەوە. جەنگەکە لە 28ی شوباتی 2026ەوە دوای ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، کە تێیدا چەندین بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە کوژران، کە دیارترینیان عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو.
 
لە بەرامبەردا، سوپای پاسداران و گرووپە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە، زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنییان بۆ سەر ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو دەستپێکردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە