گالەری

 
رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی بۆردوومانی سەر نەخۆشخانەی ئەهلی عەرەب، لانیکەم 500 کەس گیانیان لەدەستدا و سەدان کەسی دیکەش بریندار بوون. ئیسرائیل رەتیدەکاتەوە لەلایەن سوپاکەیەوە بۆردوومانەکە کرابێت، هەرچی گرووپە چەکدارەکانی غەززەیە دەڵێن، ئیسرائیل هێرشەکەی کردووە.
 
رۆژی سێشەممە 17-10-2023 تەندروستیی کەرتی غەززە بڵاویکردەوە، نەخۆشخانەی ئەهلی عەرەب لە ناوەندی غەززە بۆردوومان کراوە، ئەو سەدان کەسانەی کوژراون، ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتبوو و بۆئەوەی ژیانیان پارێزراو بێت چووبوونە حەوشەی نەخۆشخانەکە و لەوێ دەمانەوە.
 
بۆردوومانی نەخۆشخانەکە کاردانەوەی گەورەی وڵاتانی ناوچەکە و جیهانی لێکەوتەوە و لە چەند وڵاتێک خۆپێشاندان و ناڕەزایی دەستیپێکرد. لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکاندا، لە تورکیا و ئوردن خۆپێشاندەران چوونە بەردەم باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکانی ئیسرائیل و لە بەیرووتیش لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا خۆپێشاندان کرا.
 
بەپێی تەندروستیی غەززە، تاوەکو ئێستا بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتی غەززە، لانیکەم 3300 کەس کوژراون، بەهۆی گەمارۆی ئیسرائیلیش بۆسەر غەززە و رێگری لە ناردنی ئاو، خواردن و کارەبا، کێشەی گەورە دروستبووە.