رووداو دیجیتاڵ
سەدان هەزار حاجی لە وڵاتە جیاوازەکانی جیهانەوە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج گەیشتوونەتە مەککە و سعودیە ئەمساڵ چاوەڕوانی زیاتر لە 2.6 ملیۆن حاجی دەکات.
بۆ ئەمساڵ ئەو وڵاتە ئامادەکارییەکی زۆری بۆ پێشوازی لە حاجییان کردووە، 14 هەزار کەس وەکو ئەندام و هەشت هەزار خۆبەخش هاوکاریی حاجییان دەکەن.
رۆژی سێشەممە، 30-05-2023، یەکەم کاروانی حاجییانی عێراق بەرەو سعودیە بەڕێکەوت. نیاز راغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "گەشتی حاجییانی هەرێمی کوردستان و عێراق جیاوازن و لە یەک کاتدا نین، یەکەم گەشتی ئاسمانیی حاجییانی هەرێمی کوردستان 12ـی حوزەیران و یەکەم گەشتی وشکانیش 9ـی حەزەیران دەستپێدەکات."
بۆ ئەمساڵ، تێچووی حەج بە رێگەی ئاسمانی 4500 و بە وشکانیش 3800 دۆلار دیاریکراوە.
سعودیە لەڕووی ئەمنی و تەندروستییەوە ئامادەکاریی کردووە و 170 نەخۆشخانە و سەنتەری تەندروستی لە مەککە و مەدینە بۆ حاجییان دابینکردووە.