هەلی کار لە سعودیە.. 8 کەس بۆ سەرپەڕاندن

21-05-2015
هەڵۆ کاکەوەیس @halo_kakawais
نیشانەکردن سعودیە
A+ A-
رووداو- ئاژانسەکان

حکومەتی سعودیە 8 هەلی كاری جیاواز رادەگەیێنێت و پێویستی بە 8 كەسە بۆ سەرپەڕاندنی تاوانباران، ئەوانەی بۆ ئەو کارەش وەردەگیرێن پێویستیان بە هیچ ئەزموونێک نییە.

لە ماڵپەڕی فەرمی دادگای شەرعی حکومەتی سعودیە، ژمارەیەک هەلی کار راگەیێندراون و تێیدا هاتووە، کە پێویستیان بە 8 کەس هەیە بۆ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بە شیر و مل پەڕاندن، یاخود بۆ دەستبڕین، چونکە سزای دزین دەستبڕین و هەندێکجار قاچ بڕینیش لەخۆدەگرێت. بەپێی جۆری تاوانەكە، دادوەر جۆری سزاكە دەسەپێنێت.

ئەو فۆرمەی کە ئارەزوومەندان پڕیدەکەنەوە، دواتر لە کاتی وەرگرتنیان وەک فەرمانبەری ئایینی هەژماردەکرێن و مووچەیەکی زۆر وەرناگرن.

ئەم هەفتەیە سعودیە سەری كەسێكی پەڕاند، ئەمە بەپێی ئاژانسی فەرمی ئەو وڵاتە، بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە سەریان پەڕێندراوە، دەگاتە 85 کەس، لە کاتێکدا ئەم ژمارەیە نزیکە لە ساڵی 2014 کە 88 کەس سەریان پەڕێندرابوو، لە کاتێکدا رێکخراوی مافی مرۆڤی جیهانی ئاماژە بەوە دەکات کە نزیکەی 90 کەس لە سعودیە بەشیر سەریان لە جەستەیان جیاکراوەتەوە.

ئەو کەسانەی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا دەسەپێندرێت، تۆمەتبارکراون بە بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر و ئەنجامدانی تاوانی کوشتن، لەو ژمارەیەی لە سێدارەش دراون، زۆربەیان بیانین. بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی جیهان، سعودیە بە سێیەم وڵات دادەنرێت لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە دوای ئێران و چین.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە