سعودیە و ئوسترالیا رکابەری لەسەر دوایین بلیتی راستەوخۆی مۆندیال دەکەن

10-06-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن سعودیە ئوسترالیا پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هەردوو هەڵبژاردەی سعودیە و ئوسترالیا لە یاریی لووتکەی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیال رووبەڕووی یەکدەبنەوە و رکابەری لەسەر یەکلاکردنەوەی دوایین بلیتی راستەوخۆ کیشوەرەکە دەکەن، بۆ گەیشتن بە مۆندیال.
 
ئەمشەو کاژێر 21:15 لە جەددە، هەڵبژاردەی سعودیە لە رکابەرییەکانی گەڕی دەیەم و لە کۆمەڵەی سێیەمدا میوانداریی هەڵبژاردەی ئوسترالیا دەکات و هەردوو تیپ رکابەری لەسەر یەکلاکردنەوەی دوایین بلیتی گەیشتن بە مۆندیال دەکەن، کە تا رادەیەک زۆر لە بەرژەوەندی هەڵبژاردەی ئوسترالیا یەکلابووەتەوە.
 
سعودیە بەر لەم یارییە لە پلەی سێیەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەیە و سێ خاڵ لە ئوسترالیاوە دوورە، بردنەوە لە یارییەکەدا بەس نییە بۆ ئەوەی سعودیە سەربکەوێت، بەڵکو پێویستە بە جیاوازییەکی زۆر یارییەکە بباتەوە تاوەکو دەگاتە مۆندیال، چونکە جیاوازیی گۆڵ لە ئوسترالیا 8 گۆڵە و لە سعودیە 0ـە، بۆیە ئوسترالیا هەلێکی زیاتری هەیە بۆ ئەوەی راستەوخۆ بەشداریکردنی لە مۆندیالدا مسۆگەربکات.
 
لەم کۆمەڵەیەدا ژاپۆن وەکو یەکەم هەڵبژاردەی ئاسیا و یەکێک لە پێشەنگەکانی جیهان خۆی گەیاندووەتە مۆندیال، ئەمشەو بلیتی دووەم یەکلادەبێتەوە و ئیندۆنیزیاش گەیشتووەتە قۆناخی پلەی ئۆف.
 
سعودیە دوو یاریی لە ئوسترالیا بردووەتەوە 5 جار بەرامبەریان دۆڕاوە و لە 4 یارییدا یەکسانبوون.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە