رووداو دیجیتاڵ
سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئیمارات بووە بابەتی سەرەکیی لاپەڕەی یەکەمی رۆژنامەکانی ئەو وڵاتە و بە بایەخەوە تیشک دەخەنە سەر سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەبوزەبی.
رۆژنامە گەورەکانی ئیمارات، وەک رۆژنامەی ئەلبەیان، رۆژنامەی ئیمارات ئەلیەوم، و رۆژنامەی ئەلئیتیحاد، گرینگییەکی زۆریان بە رووماڵکردنی سەردانەکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەبوزەبی دا.
رۆژی هەینی، 24ی ئایار، نێچیرڤان بارزانی بە سەردانێکی فەرمی سەردانی ئیماراتی کرد و لەلایەن محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی وڵاتەکەوە پێشوازی گەرمی لێکرا؛ دواتر لە کۆشکی کەنار دەریا (الشاطئ) بە دووقۆڵی کۆبوونەوە.
لە کۆبونەوەکەدا، باسی هەموو لایەنە جۆراوجۆرەکانی پەیوەندییەکانی نێوان ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و کۆماری عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی کرا. هەروەها گفتوگۆ کرا لەسەر رێگاکانی پەرەپێدانی هاریکاری و فراوانکردنی ئاسۆکانی بۆ بەرژەوەندی هەردوو گەل و گەیشتن بە ئاواتەکانیان بەرەو گەشەپێدان و خۆشگوزەرانیی بەردەوام. هەردوولا بیروڕایان لەسەر کۆمەڵێک بابەتی بەرژەوەندی هاوبەش ئاڵوگۆڕ کرد.

پێش کۆبوونەوە دووقۆڵییەکە، سەرۆکی کۆمەڵێک بەرپرسی دیکەی باڵای وڵاتەکە لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوون، لەوانە؛ حەمدان بن محەمەد بن زاید ئال نەهیان، زەید بن محەممەد بن زاید ئال نەهیان؛ محەممەد بن حەمەد بن تەحنون ئال ناهیان، راوێژکاری کاروباری تایبەت لە دیوانی سەرۆکایەتی کۆماری؛ حەمدان بن موبارەک ئەلنەهیان، سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی ئیمارات، و عەلی بن حەمەد ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و خەلیفە شەهین ئەلمەرار وەزیری دەوڵەت.
دیدارەکە دۆستانە بوو کە "رێگەخۆشکەر بوو بۆ دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ،" لەسەر بنەمای ئابووری و وەبەرهێنان، لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەوڵەتی پێشەنگی کەنداو.
'دیداری هاوڕێ'
دوای کۆبوونەوەکە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەژماری فەرمیی خۆی لە ئێکس پۆستێکی کرد، تێیدا جگە لەوەی خۆشحاڵیی خۆی بە بینینەوەی محەممەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات دەربڕیوە، نووسیویەتی، لە کۆبوونەوەیاندا "تاوتوێی پەرەسەندنەکانی ناوچەکە، بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئیمارات کرد، لەگەڵ چەند پرسێکی دیکە. هەرێمی کوردستانی عێراق پەیوەندییە بەهێزەکانی لەگەڵ ئیمارات بەرز دەنرخێنێت."
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەو بارەیەوە گوتی: "لە کۆبوونەوەیەکی دۆستانەدا، پەیوەندییەکانی ئیمارات لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران، هەروەها هەردوولا بیروڕایان لەبارەی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا ئاڵوگۆڕ کرد، هەروەها لەسەر دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە گفتۆگۆیان کرد."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە هەردوولا جەختیان لە به هێزکردنی پەیوەندییەکان له بواره ئابووری، بازرگانی و هاوکاری له بواری وزه کردەوە، "هەروەها باسیان له دەرفەتی وەبەرهێنان و کارپێکردنی سەرمایەی ئیماراتی له عێراق و هەرێمی کوردستان کرد به تایبەت لە بواری پڕۆژەکانی ژێرخانی ئابووری و پڕۆژەکانی گەشەپێدان کرد.

سەبارەت بە بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرئەنجامەکانی، لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی کاری هاوبەش و هاوکاریی نێودەوڵەتی و هاوپشتی فرەلایەنە لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و سنووردارکردنی فراوانبوون و بڵاوبوونەوەی زیاتری کێشەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، "جگە لە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و لەگەڵ ناوچەکە، گۆڕانی کەشوهەوا و لێکەوتەکانی و کۆمەڵێک بابەتی بەرژەوەندی هاوبەش، لایەنێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیانی پێکهێنا".
'هەنگاوی ساڵ'
محممەد عەرەب، سەرۆکی ناوەندی عەرەبی بۆ بەدواداچوون و شیکاری ئەو کۆبوونەوەیەی بە "هەنگاوی ساڵ" بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، و سەرەتایەکی نوێ بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییەکان ناوبرد.

محەممەد عەرەب بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کوردستان بەهۆی توانا ئابوورییەکانی لە رووی کشتوکاڵ و کانزا و بەرهەمهێنانەوە بۆ هەموو لایەک سەرنجڕاکێشە، دەشڵێت، کوردستان دەتوانێت ببێتە خاڵی دەستپێک بۆ هەر وڵاتێک کە بەدوای کرانەوەی ئابووریدا بگەڕێت، ئەمەش بۆ پەیوەندییە باشەکانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنێتەوە لەگەڵ دراوسێکانی، کە دەتوانێت ببێتە پردێکی پەڕینەوە بۆ ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان.
'چاوی کەنداو لەسەر هەرێمی کوردستانە'
محەممەد عەرەب باسی لەوەشکرد، وڵاتانی کەنداو چاویان لە فراوانکردنی چالاکییە بازرگانی و وەبەرهێنانەکانیانە، "ئێستا چاویان لە سەقامگیرترین و سەلامەتترین و سەرنجڕاکێشترین ناوچەیە،" ئەوەش بە ئاماژەدان بە هەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەش کرد کە "هێزی کاری کورد بە داهێنەریی و تەکنەلۆژیای خۆی لە بواری کارەکەیدا جیادەکرێتەوە، بۆیە سەیر نییە وڵاتانی کەنداو بەرووی هەرێمی کوردستاندا دەکرێنەوە"، جەختیشی لەوە کردەوە کە هیچ بەربەستێک نییە بۆ ئەوەی تەواوی کەنداو لە کوردستان بێت، ستایشی ئەو سیاسەتە هاوسەنگەشی کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی رابردوودا پەیڕەوی کردووە بۆ راکێشانی وەبەرهێنەران.
عەرەب گوتی کوردستان پڕه له شتی باش و "سامانی بە نرخ لە ژێر پێی کورد هەیە و هەوڵی کورد بۆ گرێدانی بەرژەوەندییه ئابورییەکانی بەو وڵاتانەی که سەرکەوتوون له سەر ئاستی تەکنەلۆژیا و بەڕێوەبردنی سامان و پیشەسازی، سەرکەوتنێک بۆ ئەوان هەژمار دەکرێت".
'سیاسەتمەدارە رەسەنەکە'
سەبارەت بە رۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی سەنتەری عەرەبی بۆ بەدواداچوون و شیکاری دەڵێت، "بۆچوونێکی تایبەتم هەیە لەسەر برا نێچیرڤان بارزانی، من بە سیاسییەکی رەسەن ناوی دەبەم."
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، "ئەو مەیلی بۆ پڕوپاگەندە یان پەرەسەندنی میدیایی نییە، بەڵکو هەمیشە بەرەو دروستکردنی پردی هاوکاری هەنگاو دەنێت، هەروەها شێخ محەممەد بن زاید یەکێکە لە سەرکردە ژیر و هۆشیار و پشتیوانەکانی کەنداو لە عێراق و کوردستان، و هەمیشە سیاسەتێکی دۆستانە و دیسپلینکراوی ئیماراتی هەیە بەرامبەر بە عێراق و هەرێمی کوردستان."
محەممەد عەرەب دەشڵێت: "نێچیرڤان بارزانی بە وردبینییە سیاسییەکەی و ئەو میراتە سیاسییەی کە لە بنەماڵە دێرینەکەی و گەلەکەی کە پشتوانی لێ دەکات درێژدەبێتەوە، و هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، برا مەسرور بارزانی، ئەم دیدارە لەگەڵ کارەکتەرێکی ناوەندی و وردبین وەک شێخ محەممەد بن زاید دەکەن بە سەرەتای قۆناخێکی نوێی هاوکاری نێوان ئیمارات و کوردستان."
بانگهێشتکردنی سەرۆکی ئیمارات بۆ هەولێر
سەنگەر عەبدولڕەحمان، نێردراوی رووداو لە ئیمارات رایگەیاند کە نێچیرڤان بارزانی و محەمەد بن زاید ئال نەهیان کۆبوونەوەیەکیان لە پایتەختی ئیمارات ئەنجامداوە و باسیان لە پرسە گرنگەکانی ناوچەکە کردووە، وهەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە، نێچیرڤان بارزانی بانگهێشتی محەمەد بن زاید ئال نەهیانی کردووە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ