رووداو دیجیتاڵ
کەرتی غەززە رووبەڕووی کارەساتێکی مرۆیی قووڵ بووەتەوە، بڵاوبوونەوەی برسێتی بە شێوەیەکی بەرفراوان ژیانی دوو ملیۆن هاووڵاتیی مەدەنی خستووەتە مەترسییەوە. ئەم دۆخە دەرەنجامی راستەوخۆی جەنگی چڕ و گەمارۆ تووندەکانی ئیسرائیلە، کە رێگری لە گەیشتنی خۆراک، ئاو، سووتەمەنی و پێداویستییە پزیشکییەکان دەکات.
گەمارۆی تووندی ئیسرائیل و کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان وایکردووە بڕی ئەو هاوکارییە مرۆییانەی دەگاتە کەرتەکە، زۆر کەم بێت و بەشی پێداویستیی دانیشتووانەکەی نەکات.
تێکدانی ژێرخانی کشتوکاڵی و نانەواخانەکان لە بۆردوومانەکانی سوپای ئیسرائیلدا، قەیرانەکەی قووڵتر کردووەتەوە و بەشێک لە خەڵکی ناچار کردووە پەنا بۆ خواردنی ئالیکی ئاژەڵان و گژوگیا ببەن.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، رێکخراوە مرۆییەکانی وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان و پرۆگرامی خۆراکی جیهانی بەردەوام هۆشداری دەدەن لەوەی "برسێتی وەکو چەکێکی جەنگ" لە غەززە بەکاردەهێندرێت، داوای کردنەوەی دەستبەجێی دەروازەکانیش دەکەن.
زۆرێک لە وڵاتانی جیهان سەرکۆنەی ئەو دۆخە دەکەن و داوای گوشارخستنە سەر ئیسرائیل دەکەن بۆ رێگەدان بە گەیاندنی هاوکاری بەبێ مەرج.
بەهۆی برسێتییەوە چەند رۆژێکە تەندروستیی غەززە بەشێوەی رۆژانە هەواڵی لەبرسا مردنی خەڵکی مەدەنی بڵاودەکاتەوە، کە بەشێکی زۆریان منداڵن. تاوەکو ئێستا بەپێی ئامارەکانی تەندروستیی غەززە، زیاتر لە 110 کەس لەبرسا مردوون.
تەنانەت کەناڵە گەورەکانی راگەیاندن لە جیهان باس لەوە دەکەن کە پەیامنێرەکانیان لە غەززە و کەسوکاریان برسین.
زۆربەی وڵاتانی جیهان سەرکۆنەی ئیسرائیل دەکەن لەوەی رێگری لە گەیشتنی هاوکاریی مرۆیی بۆناو غەززە دەکات و بە "قبووڵنەکراو" ناوی دەبەن. ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوایین لێدوانیدا باسی لەوە کردووە، قەیرانی غەززە تەنیا قەیرانێکی مرۆیی نییە، بەڵکو قەیرانێکی ئەخلاقییشە و تەحەدای ویژدانی مرۆڤایەتی دەکات. گۆتێرێز دەشڵێت، وشە و قسە نابنە خواردن بۆ منداڵانی برسیی غەززە، وەکو ئاماژەیەک بەوەی کە دەبێت کردار بنوێنرێت.