رووداو -هەولێر
لە سەردانی شازادەی جێنشینی سعودیەدا بۆ کۆماری چین نەک هەر رێککەوتنی چەندین ملیار دۆلاری واژۆ کرا، بەڵکو حکومەتی سعودی سیاسەتی دژەتیرۆری چینی بە مافی ئەو وڵاتە زانی و دواجاریش بڕیار درا زمانی چینی بخرێتە پرۆگرامەکانی خوێندنی شانشینەوە. نزیکبوونەوەی ریاز و بەیجینگ لەلایەکەوە پەیوەندی بە ساردیی پەیوەندییەکانی شانشین لەگەڵ رۆژئاواییەکان هەیە و لەلایەکی دیکەشەوە درێژەی ئەو گەشەیەیە کە لە 10 ساڵی رابردوودا لە پەیوەندییەکانی چین و کەنداو هاتووەتە ئاراوە.
محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، شەش رۆژی هەفتەی رابردووی لە سێ وڵاتی ئاسیا بەسەر برد. حکومەتی ریاز سەردانەکەی ئاسیا بە هەوڵێک بۆ "فرەڕەنگکردنی هاوپەیمانێتییە جیۆپۆلیتیکییەکان لە ئاسیا" لەقەڵەم دەدات. لەدوای کوژرانی جەمال خاشوقچی رۆژنامەنووس، ئەوە یەکەمجارە بن سەلمان گەشتێکی دیپلۆماتیک و بازرگانی هێندە گەورە و فرەلایەن بکات.
لە تشرینی یەکەمی رابردووەوە پەیوەندییەکانی سعودیە و وڵاتانی رۆژئاوا ئاڵۆزی تێکەوتووە، دوای ئەوەی خاشوقچی لە کۆنسوڵخانەی سعودیە لە ئیستانبوڵ کوژرا و پەنجەی تۆمەت بۆ لای حکومەتی سعودیە درێژ کرا. ریاز تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە، بەڵام کۆی رووداوەکانی شەش مانگی رابردوو پەیوەندییەکانی سعودیە و رۆژئاوای لاواز کرد. هەرچەند بن سەلمان لە کۆبوونەوە داخراوەکاندا بێزاری خۆی لە هەڵوێستی رۆژئاواییەکان پیشانداوە، بەڵام خاشوقچی تاکە هۆکاری نزیکبوونەوەی ریاز و وڵاتانی ئاسیا نییە و سعودیەش تاکە وڵاتی ناوچەکە نییە کە هەوڵی نزیکبوونەوە لە چین دەدات.
بادانەوەی کەنداو بۆ لای چین
پەیمانگەی ئینتەرپرایزی ئەمریکی (AEI) لە راپۆرتێکدا باسی ئەوە دەکات کە بادانەوەی وڵاتانی کەنداو بۆ لای ئاسیا و بەتایبەتی چین بڕیارێکی سیاسییە و لۆژیکێکی ئابووری لە پشتە و گۆڕانی هاوسەنگییە ئابوورییەکانیش دەوری تێیدا هەیە، رەنگدانەوەی ئەو راستییەشە کە گەشەی ئابووری وڵاتانی کەنداو لە داهاتووشدا هەر لەسەر نەوت، غاز و بەرهەمە نەوتییەکان دەبێ، وەک چۆن کەنداو خاڵێکی پێکەوە بەستنەوەی ئاسیا و ئەفریقا و لەوێشەوە ئەوروپای "یەک کەمەربەند، یەک رێگا"ی حکومەتی چینە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی سندوقی نێودەوڵەتیی نەختینە (IMF) قەبارەی بازرگانی نێوان چین و وڵاتانی کەنداو لە ساڵی 2002 دا تەنیا 9.8 ملیار دۆلار بووە، کەچی لە ساڵی 2014 هەمان ناوچە بە بڕی 175 ملیار دۆلار مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ بەیجینگدا هەبووە.
وڵاتانی کەنداو گەورەترین هەناردەکاری نەوتن بۆ چین و دووەم دابینکاری غازی سروشتی ئەو وڵاتەن. حکومەتی چین دایناوە لە دوو ساڵی داهاتوودا ببێت بە گەورەترین بازاڕی هەناردەی کەنداو. چاوەڕێ دەکرێ لە دوو ساڵی داهاتوودا قەبارەی هاوردەی کەنداو لە چین دوو هێندە ببێت و بگاتە 135 ملیار دۆلار.
لە ساڵی 2014ەوە نرخەکانی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیون، ئەمەش حکومەتەکانی کەنداوی ناچارکرد بیر لە فرەجۆرکردنی ئابوورییەکەیان بکەنەوە کە پێویستی بە وەبەرهێنان و بەشداریی بیانییە. روئیای 2030 سعوودیە کە بن سەلمان خۆی سەرپەرشتی دەکات نموونەیەکی ئەو هەوڵانەیە. بەگوێرەی راپۆرتەکەی (AEI)، چین بەنیازە دوو تریلیۆن دۆلار لە ژێرخان، گواستنەوە و لۆجیستیکی وڵاتانی کەنداو وەبەرهێنان بکات.
بن سەلمان لە کاتی سەردانەکەی هەفتەی رابردووی بۆ چین گوتى :"دەستپێشخەری رێگای ئاوریشم (ناوی دووەمی پڕۆژەی یەک کەمەربەند، یەک رێگا) و ئاراستە ستراتیژییەکانی چین لەگەڵ روئیای 2030 شانشیندا دەگونجێن". روئیای 2030 پڕۆژەیەکە بۆ دوورخستنەوەی ئابووریی سعودیە لە نەوت و بەهێزکردنی کەرتی تایبەت کە لە درێژخایەندا بتوانێ باری حکومەت لە دروستکردنی هەلیکار و دابینکردنی بژێوی هاووڵاتیان سووک بکات.
پەیمانگە ئەمریکییەکە پێیوایە پلانەکانی بەهێزکردنی کەرتی تایبەت دەرگای باش لە کۆمپانیا چینییەکان دەکاتەوە، ئەوەش جگە لەوەی دەرفەتی گەورەی هاوکاری لەنێوان کەرتی نەوتی سعودیە و چیندا هەیە. لە گەشتەکەی ئەمجارەی شازادەی جێنشیندا، کۆمپانیای ئارامکۆی سعودی و نۆرینکۆی رێککەوتنێکیان بۆ دروستکردنی پاڵاوگە و کارگەی پێترۆکیمیا لە شاری پانژین لە باکووری رۆژهەڵاتی چین واژۆ کرد. پاڵاوگەکە رۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێوێ.
گۆڕانی باڵانسی ئابووریی جیهان
گروپی ستاندارد چارتەرد پێشبینی دەکات پشکی چین لە ئابووری جیهان لە نێوان ساڵانی 2018 بۆ 2030 لە 61٪ەوە بۆ 22٪ بەرز ببێتەوە. لە کاتێکدا پشکی ئەمریکا لە ئابوووریی جیهان لە 24٪ەوە بۆ کەمتر لە 21٪ و پشکی یەکێتیی ئەوروپا بۆ کەمتر لە 15٪ دابەزێ. بەو پێیەش چین دەبێ بە گەورەترین ئابووریی جیهان. هەر ئەمەش بیانوویەکی باشی بە کەنداوییەکان داوە بە ئەولەوییەتەکانیان لە گەڕان بە دوای هاوبەشی بازرگانیدا بچنەوە.
راپۆرتەکەی (AEI)، پێشبینی دەکات کە هاوکارییەکانی نێوان چین و کەنداو گۆڕانی گەورەش لە نۆرم و دامەزراوە ئابوورییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دروستبکات، بەجۆرێک دوور نییە لە ساڵانی داهاتوودا مۆدێڵی چینی ـ کەنداوی بۆ حوکمڕانی و ئیدارەی ئابووریی ناوچەکە بێتەئاراوە کە تێیدا حکومەت ئیدارەی گەشەی ئابووریی وڵات دەکات کە لە ساڵانی دواتردا کاریگەری گەورە لەسەر حکومەتەکان و بازاڕەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دادەنێ، لە کاتێکدا "چین و وڵاتانی کەنداو خاوەن مۆدێل و روانگەیەکی هاوبەشن بۆ پەرەسەندنی ئابووری کە تێیدا حکومەت رۆڵی سەرەکی و ناوەندی دەگێڕێ و لە قازانجی کۆمپانیا و دامەزراوە داراییەکانی حکومەت".
ئەم گەشە بەرفراوانە لە بواری ئابووریدا پەیوەندی کولتووری و زمانیش بەدوای خۆیدا دەهێنێ. خالد بن فالح، وەزیری وزەی سعودیە لەبارەی ئەو پەیوەندییانەوە رایگەیاند :"کولتووری ئێمە زۆرباش لەگەڵ کولتووری چینیدا دەسازێ. سەدان قوتابی خۆمان ناردووەتە چین، کاتێ دەگەڕێنەوە و بە چینی قسە دەکەن، هەزاران کەس لە سعودیە لە گەورەیی و سەرنجڕاکێشی چین تێدەگەن. پێویستە ئەمە زیاتریش ببێ". رۆژێک دواتر حکومەتی سعودیە رایگەیاند زمانی چینی دەخرێتە پرۆگرامی خوێندنی سعودیەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ