رووداو دیجیتاڵ
هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح کە کەمپێکی ئاوارەکانی کردە ئامانج، کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە. بەشێک لە وڵاتان داوا دەکەن ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر شارەکە رابگرێت و رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرێت.
دوێنێ شەو (یەکشەممە) سوپای ئیسرائیل هێرشێکی فراوانی بۆ سەر شاری رەفەح لە باشووری غەززە دەستپێکرد. تەندروستیی غەززە دەڵێت: "لە کوشتارگەکەی رەفەح" 45 کەس لە ئاوارەکان کوژران؛ 23ـیان ژن، منداڵ و بەساڵاچوو بوون و 249 کەسی دیکە برینداربوون.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هێرشەکەوە رایگەیاند، فڕۆکەیەکی جەنگییان هێرشی کردووەتە سەر کۆمەڵگەیەکی حەماس "کە جموجۆڵیان تێدا هەبووە."
هەروەها سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کوژرانی ئەو ژمارە زۆرەی هاووڵاتییانی سیڤیل دەکەن. "پێش هێرشەکە رێکاری تایبەتییان گرتووتە بەر بۆ ئەوەی کەمترین هاووڵاتی سیڤیل ببنە قوربانی."
ئێوارەی ئەمڕۆ (دووشەممە) بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەرلەمانی ئیسرائیل کوژرانی ئەو ژمارە زۆرەی هاووڵاتییانی بە "رووداوێکی تراژیدی" چوواند. ئەوە یەکەمجارە لەدوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کوژرانی هاووڵاتییانی فەلەستینی بەوجۆرە وەسف بکات.
'هێرشەکە هەوڵەکانی ئاگربەست تێکدەدات'
رۆژی دووشەممە، 27ـی ئایاری 2024، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە راگەیێندراوێکدا نیگەرانی خۆی لەبارەی بۆمبارانکردنی شاری رەفەح لەلایەن ئیسرائیلەوە دەربڕی و گوتی: "بۆمبارانکردنەکە هەوڵی نێوەنگیرەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و ئاگربەستی هەمیشەیی تێکدەدات".
چەند مانگێکە قەتەر هاوشانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و میسر نێوەندگیری لەنێوان شاندی ئیسرائیلی و حەماس دەکەن بۆ ئەوەی هەردوولا رازی بکەن بە راگەیاندنی ئاگربەست، بەڵام تاوەکو ئێستا هەوڵەکان بێئەنجام بوون.
قەتەر سەرکۆنەی هێرشی ئیسرائیلی بۆ سەر رەفەح کرد و بە "مەترسیدار و پێشێلکاری بەرامبەر بە یاسا نێودەوڵەتییەکان" وەسفیکرد و داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، دەستبەجێ کار بۆ راگرتنی هێرشی ئیسرائیل و ئاوارەبوونی خەڵک بگرن.
'دۆزەخی سەر زەوی'
ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئاوارە فەلەستینییەکان – ئۆنروا هێرشەکەی ئیسرائیلی بە "دۆزەخی سەر زەوی" وەسفکرد و گوتی، چاودێری ئەو راپۆرتانە دەکەن کە لە رەفەحەوە پێیان دەگات.
ئۆنروا ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو زانیارییانەی کە لە رەفەحەوە دەربارەی هێرشەکەوە پێمان دەگەن ئەوە نیشان دەدەن کە دۆخی هاووڵاتییانی سیڤیل زۆر خراپە".
تۆر وێنسلاند، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست داوای لە ئیسرائیل کرد، هێرشی سەر رەفەح رابگرێت و نەبێتە هۆی کوژرانی هاووڵاتییانی سیڤیل.
هێرشەکە 'سووکایەتییە بە بڕیارەکانی دادگەی دادی نێودەوڵەتی'
دوای هێرشەکە؛ مووسا فەکی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەفریقا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس هێرشەکەی ئیسرائیلی بە "سووکایەتیکردن بە بڕیارەکانی دادگەی دادی نێودەوڵەتی" وەسفکرد.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەفریقا گوتیشی: "لەگەڵ هێرشە ئاسمانییە ترسناکەکەی ئیسرائیل کە بووە هۆی کوژرانی ژن و منداڵانی فەلەستینی. دەوڵەتی ئیسرائیل بەردەوامە لە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و سووکایەتیکردن بە بڕیاری دادگەی نێودەوڵەتی داد کە دوو رۆژ لەمەوبەر بڕیاریدا ئیسرائیل چالاکییە سەربازییەکانی لە رەفەح رابگرێت".
رۆژی هەینی، 24-05-2024، دادگەی نێودەوڵەتیی داد لە شاری لاهایی هۆڵەندا لەسەر داوای ئەفریقای باشوور دەستی بە دانیشتن کرد. وڵاتە ئەفریقییەکە داوای لە دادگەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە بۆ ئەوەی داوا لە ئیسرائیل بکات "هێرش و ئۆپەراسیۆنی سەر شاری رەفەح بوەستێنێت، هەروەها رێگە بۆ ناردنی هاوکاری بکاتەوە."
نەواف سەلام، سەرۆکی دادگەی نێودەوڵەتیی داد لە دانیشتنەکە گوتی: "دادگە بڕیاریداوە بۆ ئەوەی داوا لە ئیسرائیل بکات هەر ئێستا ئۆپەراسیۆنەکانی لە رەفەح رابگرێت و دەروازەی رەفەحیش بۆ ناردنە ژوورەوەی هاوکاری بە کراوەیی بهێڵێتەوە."
سەرۆکی دادگە هەروەها رایگەیاند، پێویستە ئیسرائیل بەبێ دروستکردنی هیچ کۆسپێک رێگە بدات چەند لێکۆڵەرێک بچنە غەززە و لێکۆڵینەوە بکەن.
دادگەکە هەروەها داوای لە ئیسرائیل کرد لە ماوەی مانگێکدا راپۆرتێک پێشکێشی دادگەکە بکات و باسی ئەو هەنگاوانە بکات کە کاری لەسەر کردووە.
دادگەکە پێیوایە ئەو دۆخەی ئێستا لە غەززە هەیە، "دەبێتە هۆی زیانگەیاندنێکی زۆر بە مافی هاووڵاتییەکانی غەززە کە چاکناکرێتەوە."
'هیچ ناوچەیەکی ئارام بۆ فەلەستینییەکان لە غەززە نییە'
جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس گوتی: "دەبێت ئەوجۆرە ئۆپەراسیۆنانە بوەستێندرێن.. هیچ شوێنێکی سەلامەت لە غەززە بۆ هاووڵاتییانی سیڤیل نییە. داوا لە هەموو لایەک دەکەم بەتەواوەتی رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرن".
بۆرێل سەرۆکۆنەی هێرشەکەی کرد و گوتی، "زۆر نیگەرانی ئەو هەواڵانەم کە لە رەفەحەوە لەسەر هێرشەکەی ئیسرائیل پێمان دەگەن، کە بووەتە هۆی ئاوارە بوونی چەندین کەس و لەنێویاندا منداڵی بچووک هەن".
ماکرۆن: پەستم لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەمپی ئاوارەکان
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند "پەست"ـە لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەمپەکانی ئاوارە فەلەستینییەکان لە شاری رەفەح.
ماکرۆن داوای راگرتنی "ئۆپەراسیۆنەکان"ی ئیسرائیلی کرد بۆ سەر رەفەح کرد و گوتی، "دەبێت ئەو ئۆپەراسیۆنانە بوەستێندرێن.. هیچ شوێنێکی سەلامەت بۆ فەلەستینییەکان لە رەفەح نییە".
'ئەنجامدەرانی هێرشەکە رووبەڕووی بەرپرسیارییەتی دەکەینەوە'
هێرشکەی ئیسرائیل تووڕەیی تورکیای لێکەوتەوە و سەرۆککۆماری تورکیا هەڕەشەی ئەوەی کرد ئەنجامدەرانی هێرشەکە رووبەڕووی بەرپرسیارییەتی دەکەنەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، وڵاتەی "هەموو شتێک دەکات" بۆ ئەوەی ئەو "بەربەڕی و بکوژەکانی هیچ پەیوەندییان بە مرۆڤایەتییەوە نییە،" رووبەڕووی بەرپرسیارییەتی بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ