رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لانیکەم 24 کەس بەهۆی لافاوەکانی رۆژئاوای یەمەن گیانیان لەدەستدا، تیمە فریاگوزارییەکان لە گەڕان بەردەوامن.
ئاژانسی سندووقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNFPA) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە: "لە یەمەن 24 کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە و 17 کەسیش بێسەروشوێنن."
بەگوێرەی ئەو ئاژانسەی نەتەوە یەکگرتووەکان، سێ بەنداو رووخاون، هەزار و 20 خێزان بەهۆی لافاوەکانەوە زیانیان پێگەیشتووە و چەندین خانووش رووخاون.
تاوەکو ئێستا حووسییەکان هیچ لێدوانێکیان لەسەر رووخان و تێکچوونی هیچ بەنداوێک نەداوە.
دوێنێ چوارشەممە، میدیای فەرمیی حووسییەکانی یەمەن بڵاویکردەوە: "16 کەس بەهۆی لافاوەوە لە ناوچەی مەحویت لە رۆژئاوای سەنعای پایتەخت گیانیان لەدەستداوە."
محەممەد میفتاح، جێگری سەرۆکوەزیرانی ئیدارەی حووسییەکان بە میدیای وڵاتەکەی گوت: "چەندین رێگە ژێرئاو کەوتوون و تیمەکان ناتوانن لەکاتی خۆی بگەنە شوێنە زیان بەرکەوتووەکان."
ئەحمەد سلێمان دانیشتووی شاری حەیس لە پارێزگای تەعز گوتی: "من و منداڵەکانم رزگارمان بوو، بەڵام لافاو ماڵەکەمانی برد، ئاژەڵەکان، هەموو کەلوپەل و بەتانییەکانمانی برد؛ هیچ شتێکمان نەماوە."
دوێنێ دەسەڵاتی حووسییەکان رایگەیاند، لیژنەیەک بۆ وەڵامدانەوەی قەیران و رووداوەکان پێکدەهێنن و دەستیان بە دابەشکردنی خواردن و فەراهەمکردنی پەناگە بۆ زیانلێکەوتووان کردووە.
ناوچە شاخاوییەکانی رۆژئاوای یەمەن، ساڵانە بارانێکی زۆری وەرزی دەیانگرێتەوە. بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆتایی مانگی تەممووزەوە تاوەکو کۆتایی ئاب، 60 کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە و 268 هەزار کەسیش زیانیان بەرکەوتووە. پارێزگەکانی نێوەڕاست و رۆژئاوای یەمەن ئاگادار کراونەتەوە کە چاوەڕوانی لافاوی خراپتر بکەن.
رۆژی دووشەممە، 26-08-2024، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند: "لە مانگەکانی داهاتوو، پێشبینی بارانی زیاتر دەکەین کە نێوەڕاستی یەمەن و دەریای سوور بگرێتەوە."
سەرەتای مانگی ئابی ئەم ساڵ، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا کە کارەساتەکانی یەمەن پێویستییان بە 4.9 ملیۆن دۆلار هەیە.