رووداو - تاران
عەلی لاریجانی بە سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڵبژێردرایەوە. هیچ پەرلەمانتارێکی رۆژهەڵاتی کوردستانیش بە ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران هەڵنەبژێردرا.
رۆژی چوارشەممە 31-5-2017، هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران بۆ ماوەی یەک ساڵی داهاتوو بەڕێوەچوو. لەو هەڵبژاردنەدا عەلی لاریجانی، تاکە بەربژێری پۆستی سەرۆکایەتی پەرلەمان بە 204 دەنگ لە کۆی 267 دەنگ بۆ خولی دەیەمی پەرلەمان و، بۆ دەیەمین ساڵی لەدوای یەک، وەک سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرایەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە مەسعود پزشکیان و عەلی موتەهەری بۆ پۆستی جێگری یەکەم و دووەمی سەرۆکی پەرلەمان دەنگیان پێدرایەوە.
لەو هەڵبژاردنەدا، نوێنەری شارەکانی بۆکان و هەروەها نوێنەری پیرانشار و سەردەشت خۆیان بۆ دەستەی سەرۆکایەتیی بەربژێر کردبوو، بەڵام دەنگیان نەهێنا. هەروەها بێهروز نیعمەتی، نوێنەری پێشووی ئەسەدئابادی هەمەدان، کە کوردە و لە هەڵبژاردنی ساڵی رابردوو لە بازنەی تاران خۆی کاندیدکرد، وەک ئەندامی چاودێر هەڵبژێردرایەوە.
لە 12 ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی، 3 کەس ئەندامی فراکسیۆنی ریفۆرمخوازان و 9 کەسیش ئەندامی فراکسیۆنی سەربەخۆکان و نەریتخوازانن.
ساڵی رابردوو نوێنەری بۆکان بۆ یەکەمجار وەک پەرلەمانتارێکی کوردی سوننەمەزهەب وەک چاودێر بووە ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران.
پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ