د. فەرەنگیس قادری: بەریتانیا لە رێگەی دوو رۆژنامەی کوردییەوە هەوڵیداوە کورد خۆی بە عێراقی بزانێت

21-02-2024
پەیمان محەممەد
فەرەنگیس قادری: پێشتر لە ئەرشیڤەکاندا تەنیا لە روانگەی بەریتانیاوە باسی رووداوەکانی ئەو کاتی کوردستان کراوە، بەڵام ئێمە گوتوومانە دەبێ دەنگی کوردیش لە ئەرشیڤەکەدا پارێزراو بێت.
فەرەنگیس قادری: پێشتر لە ئەرشیڤەکاندا تەنیا لە روانگەی بەریتانیاوە باسی رووداوەکانی ئەو کاتی کوردستان کراوە، بەڵام ئێمە گوتوومانە دەبێ دەنگی کوردیش لە ئەرشیڤەکەدا پارێزراو بێت.
نیشانەکردن کورد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەنتەرێکی لێکۆڵینەوەی کوردی لە زانکۆی ئێکسێتەری بەریتانیا، ئەرکی بەدیجیتاڵیکردنی بەڵگەنامە کوردییەکانی لەئەستۆگرتووە، سەرۆکی سەنتەرەکە دەڵێت، ساڵی 2006، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاوکاریی دامەزراندنی سەنتەرەکەی کردووە.
 
لە ئینیستیتیوتی لێکۆڵینەوە عەرەبی و ئیسلامیییەکانی زانکۆ ئێکسێتەری بەریتانیا، سەنتەرێک بۆ لێکۆڵینەوە کوردییەکان هەیە، کە د. فەرەنگیس قادری سەرۆکایەتی دەکات.
 
تیمی بەرنامەی دیاسپۆرای تۆڕی میدیایی رووداو سەردانی ئێکسێتەر و سەنتەری لێکۆڵینەوەکەیان کردووە و گفتوگۆیان لەگەڵ فەرەنگیس قادری کردووە، کە تێیدا چۆنیێتیی بەڕێوەچوونی پڕۆژەکە لە سەنتەرەکەدا، بۆ بەئەرشیڤکردن و بەدیجیتاڵکردنی بەڵگەنامە کوردیییەکان دەخاتەڕوو و دەڵێت، ''هەوڵدەدەین بەڵگەنامەکان لە ئەرشیڤی کوردیدا بناسێنین و بیانهێنینە نێو گۆڕەپانی ئەکادیمییەوە.''
 
سەرۆکی ئەو سەنتەرە زانیاریی گرنگ لەسەر چۆنیێتیی دروستبوونی قەوارەی عێراق، ''بەزۆر لکاندن''ـی باشووری کوردستان بە عێراق و گرنگیی رۆژنامەکان لە سەردەمی شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفیددا دەخاتەڕوو.
 

فەرەنگیس قادری باس لە گێرتوتبێڵ (میس بێڵ)، ئەو ئەفسەرە ژنە بەریتانیاییە دەکات کە رۆڵێکی بەرچاوی لە پێکهێنانی قەوارەی عێراق و، ''بەزۆر لکاندن''ـی باشووری کوردستان بەو وڵاتە نوێیەوە هەبووە.
 
سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی کوردی لە زانکۆی ئێکسێتەر ئاماژەی بەوە کرد، گێرتوتبێڵ، دیزاینەری سەرەکیی پڕۆژەکە بووە و هەوڵی زۆری بۆ لکاندنی باشووری کوردستان بە قەوارەی عێراق داوە، گوتیشی ''بەڵام لەنێو پێشانگەکەماندا موقاوەمەی کوردی، رۆژنامە کوردییەکان و بزووتنەوەی کوردستانیش لە بەرامبەر هەوڵی بێڵدا دەبینرێن.''
 
بەریتانییەکان دوای جەنگی یەکەمی جیهانی و لاوازبوونی دەسەڵاتی عوسمانییەکان ناوچەی عێراقیان خستەژێڕ دەسەڵاتی خۆیان و دواتر لە ساڵی 1921 کرایە وڵاتێکی پاشایەتی و، مەلیک فەیسەڵ کە بە رەچەڵەک هاووڵاتیی سعودی بوو، لەلایەن بەریتانیاوە کرایە یەکەم شای ئەو وڵاتە نوێیە.
 
فەرەنگیس قادری دەڵێت، گیرتوتبێڵ رۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە هاوردەکردنی شا و پێکهێنانی حکومەتی مەلیک فەیسەڵ لە عێراق و پشتیوانییەکی زۆری لە دەسەڵاتەکەی کردووە.
 

هەر لەو کاتەدا، شێخ مەحموودی حەفید کە دوای هەرەسهێنانی میرنشینی بابانەکان لە باشووری کوردستان دەسەڵاتی سیاسی، ئایینی و کۆمەڵایەتیی ناوچەکەی بە دەستەوە گرتبوو، لە بەرەی شەڕ لە دژی بەریتانییەکان بوو. سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی کوردی لە ئێکسێتەر دەڵێت ''حکومەتی بەریتانیا نەیویستووە دەسەڵاتی مەلیک مەحموود لە کوردستان قبووڵ بکات، بۆیە بەردەوام لە شەڕ و بەربەرەکانێدا بووە لەگەڵی.''
 
وەک فەرەنگیس قادری باسی دەکات، پێشتر لە ئەرشیڤەکاندا تەنیا لە روانگەی بەریتانیاوە باسی رووداوەکانی ئەو کاتی کوردستان کراوە، ''بەڵام ئێمە گوتوومانە دەبێ دەنگی کوردیش لە ئەرشیڤەکەدا پارێزراو بێت و بەپێی بەڵگەکان باس لەو ستەمانە بکرێت کە لە کورد کراون و رۆڵی خراپی بەریتانیا لەسەر کوردستان نیشان بدرێت، کە ئەمەش لەلایەن زانکۆکەوە قبووڵکرا.''
 
سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی کوردی لە ئێکسێتەر گوتیشی، ئێستا لە بەشێکی  پێشانگەی بێڵ، باس لە بەرەنگاربوونەوەی کوردی لە بەرامبەر بەریتانیا و بەتایبەتی رۆڵی شێخ مەحموودی حەفید کراوە.

 

 
بەگوتەی فەرەنگیس قادری، پێشانگەکە هەم بۆ بەریتانییەکان و هەم بۆ کورد شتی نوێی تێدایە: ''بەتایبەتی لەسەر هۆکاری ناکۆکییەکانی نێوان شێخ مەحموودی حەفید و حکومەتی بەریتانیا.''
 
وەک لە بەڵگەنامەکاندا هاتووە، سیاسەتی بەریتانیا بەرامبەر بە کورد بەردەوام گۆڕدراوە، سەرۆکی سەنتەرەکە لەوبارەوە گوتی ''راستە پێشتر بەریتانیا هانی ناسیۆنالیزمی کوردی داوە، بەڵام ئەوە لە ژێر ئەجێندای سیاسەتی سەرمایەداریی خۆیدا بووە و دواتر سیاسەتیان بە گشتی بەرامبەر بە کورد گۆڕدراوە.''
 

رۆڵی رۆژنامەکان لە کاتی شەڕی بەریتانیا و مەلیک مەحموود لە کوردستان
 
بەریتانیا لە ساڵەکانی 1918ـوە تاوەکو ساڵی 1926 چەندین رۆژنامەی کوردی لە باشووری کوردستان چاپ و بڵاوکردووەتەوە، یەکەم رۆژنامەی کوردی کە لە باشووری کوردستان بە زاراوەی سۆرانی بڵاوکراوەتەوە، رۆژنامەی ''تێگەیشتنی راستی'' بووە، کە یەکەم وەشانی لە ساڵی 1918 لە بەغدا بووە.
 
فەرەنگیس قادری جەختی لەوە کردەوە ''بەریتانیا بەر لەوەی بە فیزیکی کوردستان داگیربکات، رۆژنامەکەی ناردووە و لەژێر درووشمی 'رۆژنامەیەک کە خزمەتی سەربەستی، یەکێتی و سەربەخۆیی کوردان دەکات' بڵاوی کردووەتەوە، کە هانی ناسیۆنالیزمی کوردی و پێکهێنانی حکومەتی سەربەخۆی کوردی دەدات و دژی عوسمانییەکان دەرکراوە.''
 
وەک سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی کوردی دەڵێت ''بەپێی بەڵگەنامەکان، کاتێک راوێژکارانی بەریتانیا هاتوونەتە کوردستان، شێخ مەحموودی حەفید کە هێزێکی گەورەی هەبووە، زۆر زوو لە مەبەستیان تێدەگات کە ئەو سنوورەی بۆیان دیاری کردووە حکومەتی تێدا پێکبهێنێت، تەنیا سنووری سلێمانییە و لەگەڵ ئەو سنوورەی پێشتر بەڵێنییان بە کورد دابوو، زۆر جیاوازە؛ بۆیە شێخ مەحموود ئەوە قبووڵ ناکات و سەرهەڵدانی کورد دروست دەبێت.''
 
حکومەتی بەریتانیا دوای گۆڕینی سیاسەتەکانی بەرامبەر بە کورد، دوو رۆژنامەی دیکەش بە ناوەکانی ''پێشکەوتن'' و ''ژیانەوە'' بە زاراوەی سۆرانی لە کوردستان بڵاودەکاتەوە، کە فەرەنگیس قادری لەبارەی نێوەڕۆکی رۆژنامەکانەوە دەڵێت، ''ئەم جارە بەریتانیا هەوڵدەدات تاکی کورد ئامادە بکات بۆ ئەوەی شووناسی نوێی خۆی وەکو هاووڵاتییەکی عێراقی قبووڵ بکات.'' 
 

''شیخ مەحموود لە گرنگیی رۆڵی رۆژنامەکان تێگەیشتبوو''
 
سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی کوردی لە ئێکسێتەر هەر سەبارەت بە کاریگەریی رۆژنامە لەو سەردەمەدا دەڵێت ''هەر وەک چۆن بەریتانیا بۆ ئەوەی کاریگەری بخاتە سەر کوردستان کەڵکی لە رۆژنامەکان وەرگرتووە،  شێخ مەحموودیش بۆ پێشخستنی ئەجێندای خۆی، هانای بۆ رۆژنامە بردووە و دەردەکەوێت، کە ئەوکات زۆر بە باشی لە گرنگیی رۆڵی رۆژنامە تێگەیشتووە.''
 
''رۆژی کوردستان'' یەکەم رۆژنامە بووە کە شێخ مەحموودی حەفید، بۆ گەیاندنی دەنگی کورد و داخوازییەکانیان کەڵکی لێ وەرگرتووە، دواتر رۆژنامەی ''بانگی حەق'' لەژێر هێرشی بەریتانییەکاندا، لە ئەشکەوتی جاسەنەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە، هەروەها رۆژنامەی ''امید استقلال''ـیش فەرمانەکانی شێخ مەحموود و داخوازیی ئەو کاتەی خەڵکی کوردستانی تێدا بڵاوکراوەتەوە.
 

رۆڵی نێچیرڤان بارزانی لە پێکهێنانی سەنتەرەکە 
 
سەنتەری لێکۆڵینەوەی کوردی لە زانکۆی ئێکسێتەر، لە ساڵی 2006ـەوە دامەزراوە، کە بەگوتەی سەرۆکی سەنتەرەکە، تاوەکو ئێستا چەندین مامۆستای کورد و بیانی کاریان تێدا کردووە.
 
فەرەنگیس قادری گوتی بەر لەوەی بچێتە زانکۆکە، سەنتەری لێکۆڵینەوەی کوردی لە ئینیستیتیوتی لێکۆڵینەوە عەرەبی و ئیسلامییەکان پێکهاتبوو، دەشڵێت، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەی ئیبراهیم ئەحمەد هاوکار بوون بۆ دامەزراندنی سەنتەرەکە.
 
''چەندین کەسایەتی ئەرشیڤی خۆیان بە سەنتەرەکە بەخشیوە''
 
وەک سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی کوردی لە ئێکسێتەر دەڵێت، ئەرشیڤی چەندین کەسایەتیی کورد و بیانی لە سەنتەرەکەیاندا هەیە، لەوانەش ئەرشیڤی عومەر شێخ مووس، یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و کریس کۆشیرا، نووسەر و فۆتۆگرافەری فەرەنسی و دۆستی دێرینی کورد.
 
عومەر شێخ مووس لەوبارەوە بە رووداوی گوت، ''ساڵی 2007 کە بیستم سەنتەرێکی لێکۆڵینەوەی کوردی لە ئێکسێتەر دامەزراوە، بڕیارمدا سەرجەم ئەرشیڤەکەم بخەمە بەردەستی سەنتەرەکە.''
 
ئەو نووسەر و سیاسەتڤانە کوردە گوتیشی، ''جگە لە بەشێکی کەمی نامەکان کە زۆر هەستیارن و نەمناردوون، سەرجەم ئەو نامە و نووسراوانەی لەگەڵ سەرکردەکانی کورد ئاڵوگۆڕم کردوون، پێشکێشی سەنتەرەکە کراون و لە ئەرشیڤەکەدا بەردەستن.''
 

بەدیجیتاڵکردنی بەڵگەنامەکان
 
د. جەیمس داونس، کە لە پڕۆژەی تۆمارکردنی دیجیتاڵیی بەڵگەنامە کوردییەکان هاوکاری سەنتەرەکە دەکات، لەبارەی چۆنیێتیی ئەرشیڤکردنی بەڵگەنامەکان و بەردەستبوونیان بۆ خوێنەر و توێژەران بە رووداوی گوت ''ئێمە چەند بژارەیەک لە بابەتە بە دیجیتاڵکراوەکان لە ئەرشیڤ و دەنگەکان کە هەڵمانگرتوون، هەڵدەبژێرین، کە بابەتەکان دەستنیشانکران، دەخرێنە سەر ماڵپەرێکی تایبەت کە [بۆ بینینیان] نە پێویست بە خۆتۆمارکردن و چوونە ژوورەوە دەکات، نە تێپەڕەوشە [پاسوۆرد]، هەمووی بۆ داونلۆدکردن بەردەستن.''
 
د. جەیمس داونس گوتیشی، کاتێک بابەتێک دەستنیشان دەکرێت، بەبەکارهێنانی کامێرایەکی تایبەت وێنەی دەگیرێت و دەکرێتە کۆپییەکی دیجیتاڵی، ''پاشان فایلە دیجیتاڵییەکان بە روونیی زۆر بەرز لەبەر دەگیرێنەوە، ئینجا وێنەکان، چاکدەکرێن و دەخرێنە سەر ماڵپەرەکە. چەندین لاپەڕە دەکرێنە فایلی پی دی ئێف و وێنەکانیش بە فایلی جی ئی پێگ دەمێننەوە کە فایلی وێنەیین.''  
 

''رۆڵی ژنان لە مێژووی کورددا وەک خۆی پیشان نەدراوە''
 
فەرەنگیس قادری ئاماژەی بەوە کرد ''لە وڵاتانی دیکە، ژنانی کورد بە چەوسێندراوە و ستەملێکراو ناسراون و لە 10 ساڵی رابردووشدا وێنای چەکدار لە ژنی کورد دروستبووە، کە ئەمە دوو وێنای تەواو پێچەوانەن بۆ ژنانی کورد.''
 
سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی کوردی لە ئێکسێتەر ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی کە پێشتر بەردەست بوون، ژنانی کورد وەکو بەرهەمهێنەری هونەری و ئەدەبی نەناسراون و ئەو بۆشاییە لە لێکۆڵینەوە زانستییەکان، وەرگێڕانە ئەدەبییەکان لە زمانی کوردی و زمانە ئەورووپییەکاندا دەبینرێن ''بەڵام ئەو ئەرشیڤە بەهێزەی کە لە سەنتەرەکەدا هەیە، دەرخەری ئەو راستییەیە؛ ژنانی کوردیش لە ئەدەب و هونەردا بەشدار بوونە.''
 
فەرەنگیس قادری ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی بەڵگەنامەکان، ژنانی کورد نەک تەنیا بەشداری چالاکییە ئەدەبی، هونەری و سیاسییەکان بوونە بەڵکو رۆڵێکی زۆر کاراشیان گێڕاوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەیەکی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لەبارەی رێکارەکانی سەرژمێریی گشتیی

16 هەزار مامۆستا لە هەرێمی کوردستان بۆ سەرژمێریی گشتی گرێبەستیان بۆ دەکرێت

بۆ سەرژمێری گشتیی دانیشتووان، وەزارەتی پلاندانانی عێراق پێویستی بە 120 هەزار مامۆستایە، بەپێی بەڕێوەبەری گشتیی ئاماری سلێمانی، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 16 هەزار مامۆستایان پێویستە و وەزارەتی پەروەردە دەستنیشانیان دەکات.