بۆ بە تەنها ئیسرائیل؟

13-02-2024
عارف قوربانی
عارف قوربانی
نیشانەکردن کورد ئیسرائیل
A+ A-
جەنگى یەکەمى جیهانى، یەکێک لە لێکەوتە گەورە و بەرچاوەکانى ئەو گۆڕانکارییە جیۆسیاسییە بوو کە لە نەخشەى جیهاندا روویدا. لەبەریەکهەڵوەشاندنەوەى چەند ئیمپراتۆریەت و دابەشکردنى جوگرافیاکانیان بۆ چەندین دەوڵەت، بەدیاریکراویش لە ئەوروپا و رۆژهەڵاتى نێوەڕاست، دەیان دەوڵەتى نوێ دروستکران. هەموو ئەو گۆڕانکارییانە و ئەو بڕیارانەى هاوپەیمانان، بە سەرکردایەتیى بەریتانیا وەک براوەى جەنگ لە کۆنگرەکانى ئاشتى (پاریس) و، دواتر لە کۆنگرەى (سان ریمۆ) و لە کۆمەڵەى گەلان شەرعیەتى نێودەوڵەتیان بەبەردا کرا.
 
دیارترین گۆڕانکاری؛ دابەشکردنى جوگرافیاى ژێر قەڵەمڕەوى خەلافەتى عوسمانى بوو بۆ دەیان دەوڵەتى تازەدامەزراو. بەشى هەرە زۆرى دەوڵەتانى عەرەبى بەرهەمى جەنگى یەکەمی جیهانین، ئەویش دواى ئەوەى بەریتانیا هانى خێڵە عەرەبییەکانى ژێر دەستى عوسمانیی دا لەدژى سوڵتان راپەڕن و، بەشدار بن لە وەدەرنانى سوپاى خەلافەت، بەریتانیا دەوڵەت و ناوچەى خۆبەڕێوەبەریان بۆ دروست دەکات. شان بەشانى ئەو پەیمانانەى بە عەرەبەکانى دابوو، بەڵێنى بە جووەکانیش دا لە فەلەستین دەوڵەتێکیان بۆ دروستبکات. 
 
بەریتانیا لەدواى کۆتاییهاتنى جەنگ بەڵێنەکانى خۆى بردەسەر، چەند دەوڵەتێکى بۆ عەرەبەکان دروستکرد و خستنییە ژێر ئینتیدابى خۆى و فەرەنساى هاوپەیمانییەوە ئەوەى پێشتر لە چوارچێوەى (بەڵێنى بلفۆڕ)ـدا لە ساڵى 1917 تاکلایەنە گفتى بە جووەکان دابوو، لە کۆنگرەى (سان ریمۆ) لە ئیتاڵیا، ساڵى 1920 کە (حایم وایزمان، ناحووم سوکولۆڤ، هربرت سموئیل) بە نوێنەرایەتیی یەهوود بەشدارى کۆنگرەکەیان کردبوو، بەریتانیا فەرەنساشى رازیکرد بە جێبەجێکردنى ئەو بەڵێنە، بەڵام لەبەرئەوەى ئەوکاتە رێژەى جووەکان لە فەلەستین زۆر کەم بوو، بۆیە راگەیاندنى دەوڵەتى جووەکانیان دواخست تاوەکو ئەو کاتەى بزووتنەوەى زایۆنیزم دەتوانن بەشێک لە جووە پەڕاگەندەکان بگەڕێننەوە فەلەستین.
 
لەدواى کۆنگرەى (سان ریمۆ) و بە درێژایى ساڵانى دواتر تاوەکو ساتى راگەیاندنى دەوڵەتى ئیسرائیل، بە دەیان هەزار جوو لە وڵاتانى ئەوروپا، ئەمریکا و لە ئاسیا و سۆڤییەتەوە لە چوارچێوەى پلانێکى رێکخراوى نیشتەجێکردندا لەژێر چاودێریی رێکخراوى زایۆنیزم گوازرانەوە فەلەستین. سەرەتا بە کڕینەوەى زەویوزارى عەرەبەکان و دواتریش بە گرتنبەرى رێگەى تووندوتیژى ناوچەیەکى بەرفراوانیان بە عەرەبەکان چۆڵکرد و جوو لە شوێنیان نیشتەجێکران، لە ساڵى 1948 دەوڵەتى ئیسرائیلیان راگەیاند. 
 
لەدواى راگەیاندنى دەوڵەتى ئیسرائیلەوە، بەشێک لە دەوڵەتانى عەرەبى کە خۆشیان زادە و بەرهەمى گۆڕانکارییەکانى دواى جەنگى جیهانی و لەدایکبووى هەمان بەڵێن بوون کە بەریتانیا بەوان و بە جووەکانیشی دابوو، لەلایەک بەرگێکى ئایینى و لەلایەکى دیکەشەوە بەرگێکى نەتەوەییان بەسەردا بڕی و سەنگەرى دوژمنایەتییان لە ئیسرائیل گرت و، بناخەى کێشەیەکی ئاڵۆزیان لە ناوچەکەدا دانا بەناوى کێشەى عەرەب ئیسرائیل. هەندێک لە سەرکردەى ئەو وڵاتە عەرەبییانە بۆ وروژاندنى هەست و سۆزی ئایینى و نەتەوەیى میللەتەکانى خۆیان، ئاویان کردە ئاشى قوڵکردنەوەى ئەم کێشەیەوە و رێگر بوون لە هەر رێگەچارەیەک بۆ پێکەوەهەڵکردنى عەرەب و جوو لەم دەوڵەتە تازەدامەزراوەدا. بەدرێژایى سێ چارەگە سەدەى نێوان راگەیاندنى دەوڵەتى ئیسرائیل بۆ ئێستا، بە سەدان هەزار کەس بوونەتە سووتەمەنیی درێژەکێشان و چارەسەرنەبوونى کێشەى نێوان عەرەبی فەلەستین و جووەکانى ئیسرائیل. 
 
لەپێش چاوى جیهانى عەرەبى و ئیسلامى، خەسڵەتى ئەم کێشەیەشیان بە جۆرێک گۆڕی، کە هیچ کەسێک ئازایەتیى ئەوەى نەبێت پرسیارێک لەبارەی رەوایەتى و ناڕەوایەتى ئەم کێشەیە بورووژێنێت. بەدیاریکراوى سەرکردەى هەندێک لە وڵاتانى عەرەبی سوننە، بۆ بەهێزکردنى پێگەى حوکمڕانى دیکتاتۆرییانەى خۆیان، کارتى فەلەستینیان وەک ئامرازێکى ئایینى و نەتەوەیى دژی نەیارەکانیان لەنێوخۆ و دەرەوە بەکاردەبرد. لەدواى بەهارى عەرەبییەوە تاوەکو ئەندازەیەک جیهانى عەرەبى و بەتایبەت سوننە، ئەو هەستیارییەیان بە کێشەى فەلەستین نەماوە و یەکە یەکە وڵاتانى عەرەبى وەک ئەمرى واقیع خەریکى دەست و پەنجە نەرمکردنن لەمامەڵەکردن لەگەڵ ئیسرائیلدا. ئەوەى ئێستا پەیوەست بە کێشەى ئیسرائیل شوێنى عەرەبى گرتووەتەوە، ئێران و گرووپەکانى شیعەن لە وڵاتە عەرەبییەکاندا. هیچ گومان لەوەدا نییە وڵاتانى عەرەبى سوننە ئامانجیان لە وروژاندنى پرسى فەلەستین و دژایەتى ئیسرائیل چى بوو، ئێرانیش هەمان مەبەستی هەیە لە بەکاربردنى ئەم کارتەدا.  
 
بۆیە لێرەدا دوور لە هەر لایەنگیرییەک بۆ هیچ کام لە تەرەفەکانى کێشەى عەرەب ئیسرائیل و، بێ ئەوەى بگەڕێینەوە سەرچاوە مێژووییەکان بۆ سەلماندنى ئەوەى ئەو خاکە لە بنەڕەتدا موڵکى کامیانە، تەنانەت قسەى ئەو مەلا و زانا ئایینیانەش نەکەین بە پێوەر و بنەما بۆ رەوایەتى و ناڕەوایەتى هیچ لایەکیان کە هەندێکیان جوو بە داگیرکەرى خاکى ئیسلام ناودەبەن و هەندێکیشیان چەندین ئایەتى قورئان بە نموونە دەهێننەوە، کە خواى گەورە لە قورئاندا فەلەستینى وەک خاکى بەنى ئیسرائیل ناوبردووە. خۆمان دید و تێڕوانینمان چییە بۆ ئیسرائیل؟ 
 
لەکاتێکدا بێ ئەوەى خۆمان هیچ هەڵوێستێکى روون و راشکاو، ئاشکرا و نهێنیمان هەبێت، دوژمنانى کورد هەمیشە ئێمە وابەستەى ئیسرائیل دەکەن، لەکاتێکدا خۆیان بە ئاشکرا و نهێنى زۆرترین رایەڵەى پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە. وا بەشێک لە وڵاتانى عەرەبى خەریکى رێککەوتنى ستراتیجى سەربازیى و ئابوورین لەگەڵ ئیسرائیل، تورکیا وەک میراتگرى خەلافەتى عوسمانى کە ئیسرائیل لەسەر بەشێک لە جوگرافیاى ئەو خەلافەتە دروستکرا، یەکێکە لەو دەوڵەتانەى لە دوو ساڵى یەکەمى راگەیاندنى دەوڵەتى ئیسرائیلدا دانى پێدانا، تورکیا بوو و، باشترین پەیوەندیی ئابوورى، ئەمنى و سەربازیی لەگەڵدا هەیە. بەدرێژایى هەشت ساڵى جەنگى عیراق و ئێران، باشترین جۆرەکانى چەکى پێشکەوتووى جیهان لە رێگەى ئیسرائیلەوە بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێران دەستەبەر کراوە. ئیتر بۆچى کورد خۆى خستووەتە دۆخێکى قەتیسبووى وا، کە بوونی ئیسرائیل کراوەتە بیانووى هەڕەشە لە کورد؟.   

 

ئەگەر هەریەک لە ئێمە بە لۆژیک و بەشێوەیەکى عەقڵانى خۆمان بخەینە بەردەم ئەو پرسیارەوە "ئایا ئێمەى کورد چى پەیوەندییەکمان بە کێشەى عەرەب و ئیسرائیلەوە هەیە؟ بۆچى ئەم بابەتە بووەتە بڤە و هەر جۆرە قسەکردنێک ئەگەر لایەنگیریى نەبێت بۆ عەرەب وەک تاوان لێکبدرێتەوە؟" ئەگەر بڕیاربێت ئەو دەوڵەتانەى وەک لێکەوتەى جەنگى جیهانى دروستکراون، رەتبکرێنەوە، پێش ئیسرائیل دەبێت دەیان دەوڵەتى دیکەش نەمێنن. ئەگەر بابەتەکە ئەوەیە عەرەبەکان یان ئێران پێیان وایە (ئەو خاکە موڵکى عەرەبە و دەوڵەتى یەهوود لەسەر خاکى ئەوان پێکهێنراوە)، دەبێت پێشتر ئێران، عێراق، سووریا و تورکیا رەتبکەینەوە، کە ئەوان لەسەر خاکى کورد دەوڵەتیان دروستکردووە. ئەگەر بابەتەکە چەوساندنەوە و ستەمکارییە، دەبێت پێش خەڵکى دیکە، چاومان ئەو ستەم و زوڵمە ببینێت کە نەتەوە داگیرکەرەکانى تورک، عەرەب و فارس بەرانبەر کورد لە کرماشان، ئامەد، عەفرین و کەرکووک دەیکەن. 
 
پێویستە تاکى کورد بەدیدێکى کراوەتر لەو پرس و بابەتانە بڕوانێت کە لەلایەن دەوڵەتەکانەوە وەک ئامرازێک بۆ چەواشەکردنى راى گشتى میللەتى خۆیان بەکاریدەهێنن و دەیکەنە پاساو بۆ لێدان لە نەیارەکانیان و، پێویستە دیدێکى رۆشن و هەڵوێستێکى راشکاوانەمان لەو بارەوە هەبێت، کە دوژمنى ئێمە، داگیرکەرانى خاکەکەى خۆمانن نەوەک خەڵکى دیکە. چ کارمان هەیە بەوەى دراوسێکانمان کێیان خۆش دەوێ و قینیان لە کێیە؟ دەبێت وەک نەتەوەیەک لانى کەم لەو رووەوە سەربەخۆیى خۆمان بپارێزین کە داگیرکەرانمان دۆست و دوژمنمان بۆ دیاری نەکەن. بەوەش لانیکەم یارمەتیی تێگەیشتنى خەڵکى خۆمان دەدەین لەوەى ئەوەى داگیرکەرانى کوردستان لەگەڵمان دەیکەن، دوژمنایەتى ئەوانە بەرانبەر نەتەوەى کورد، نەک لەبەر هەبوونى خەڵکى دیکە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەحموود بابان

گەڕی پێنج پڵەس و شەشەمی گرێبەستە نەوتی و گازییەکانی عێراق بە قازانجی زیاتر لە 30٪ بۆ کۆمپانیاکان کۆتاییهات

کۆمپانیای کار لە هەرێمی کوردستان وەک تاکە کۆمپانیای نێوخۆیی عێراق بە واژۆکردنی ئەو سێ گرێبەستەی لە گەڕی پێنج پڵەس و شەشەمی گرێبەستەکاندا کردی، توانای وەبەرهێنانی کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستانی لە کەرتی نەوت و بەتایبەتیش گاز دەرخست، چونکە دوو لەو کێڵگانەی وەریگرتوون تێکەڵە (نەوت و گاز) و کێڵگەیەکیشیان بەتەنیا گازە، ئەمەش دەرخەری ئەزموونی کۆمپانیای کارە لە بەرهەمهێنانی نەوت و بەفیڕۆنەدانی گازی هاوەڵ.