رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامەیەکی ئەمریکا، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشتر سێ کەسی بۆ شوێنگرتنەوەی خۆی دەستنیشان کردووە. بەگوێرەی راپۆرتەکە، خامنەیی لە کاتی جەنگی 12 رۆژەی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا لە حوزەیرانی 2025 ئەم کەسانەی دەستنیشان کردوون.
ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی هاوبەشیان کردە سەر چەندین پارێزگەی ئێران. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "خامنەیی، یەکێک لە بەدکارترین کەسەکانی مێژوو، مرد. ئەو نەیتوانی لە دەست سیستمە هەواڵگری و چاودێرییە زۆر پێشکەوتووەکانی ئێمە رزگاری بێت، کە بە هاوکاریی نزیک لەگەڵ ئیسرائیل کارمان کرد."
رۆژی یەکشەممە 01-03-2026 رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا، لەسەر زاری شەش بەرپرسی باڵای ئێران و دوو پیاوی ئایینی ئەو وڵاتەوە بڵاویکردەوە: "خامنەیی لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوو و لە کاتی جەنگی 12 رۆژەدا، ناوی سێ کەسی وەک بەربژێری جێگرتنەوەی خۆی دیاری کردووە."
تایمز دەڵێت: "ئەو کەسانە بریتیبوون لە: غوڵام حوسێن موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران؛ عەلی ئەسغەر حیجازی، بەرپرسی نووسینگەی خامنەیی؛ هەروەها حەسەن خومەینی، نەوەی ئایەتوڵڵا خومەینی، کە وەک پیاوێکی ئایینیی میانڕۆ و نزیک لە ریفۆرمخوازەکان دەبینرێت."
بەگوێرەی راپۆرتەکە: "هەرچەندە موجتەبا خامنەیی، کوڕی عەلی خامنەیی، لایەنگری زۆری هەیە، بەڵام خامنەیی بە پیاوانی ئایینیی دەوروبەری گوتووە نایەوێت پۆستی رێبەری باڵا ببێتە میرات."
تایمز نووسیویەتی، بەرلە هێرشەکان، خامنەیی هەندێک رێکاری بۆ پاراستنی رژێمەکە گرتەبەر و بەڕێوەبردنی وڵاتی بەخشییە عەلی لاریجانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی. "لاریجانی مەسعود پزیشکیانی سەرۆککۆماری پەراوێز خستووە و رۆژی شەممە بە تووندی هەڕەشەی لە ئەمریکا و ئیسرائیل کرد و گوتی: وانەیەکی لەبیرنەکراو بە ستەمکاران دەدەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ