ئێران
خانمێک لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کوالالامپوور وێنەی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆچکردووی کۆماری ئیسلامیی لە دەست گرتووە. رۆژی 1ـی ئاداری 2026. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، بەهۆی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری وڵاتەکەی، لێپرسینەوە لە سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بکرێت؛ دەشڵێت: "نکۆڵی لە مافی ئێران بۆ بەرگریکردن لە سەروەریی خۆی ناکرێت."
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، نامەیەکی ئاراستەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد.
لە نامەکەی عێراقچیدا هاتووە: "بەئامانجگرتنی بەئەنقەستی بەرزترین بەرپرسی فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پێشێلکارییەکی ئاشکرای بنەڕەتیترین یاساکانی تایبەت بە پەیوەندیی نێوان دەوڵەتەکانە." ئاماژەی بەوەش کردووە کە هێرشێکی لەو شێوەیە، لێکەوتەی قووڵ و بەرفراوانی دەبێت و بەرپرسیارێتییەکەی تەنیا لە ئەستۆی بکەرانیەتی.
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لە مافی بەرگریکردنی وڵاتەکەی کردووەتەوە و رایگەیاندووە: "بەگوێرەی مادەی 51ـی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە هیچ شێوەیەک نکۆڵی لە مافی رەسەن و دانپێدانراوی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناکرێت بۆ بەرگریکردن لە سەروەری، یەکپارچەیی خاک و گەلەکەی."
عێراقچی لە نامەکەیدا راشکاوانە ناوی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی هێناوە و دەڵێت، کوشتنی خامنەیی بەرپرسیارێتیی نێودەوڵەتی دەخاتە ئەستۆی ئەوان و "هەموو ئەو کەسانەی کە لە داڕشتن، دەرکردنی فەرمان، رێگەپێدان و ئەنجامدانی ئەم کردەوە تاوانکارییەدا هاوکار بوون."
لە کۆتایی نامەکەیدا، وەزیری دەرەوەی ئێران داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایش کردووە بەرپرسیارێتییەکانیان بۆ پاراستنی ئاشتی جێبەجێ بکەن و "رێوشوێنی بەپەلە و کاریگەر بۆ لێپرسینەوەی تەواو لە ئەمریکا و ئیسرائیل بگرنەبەر."
رۆژی 28ـی شوباتی 2026، لە ئەنجامی هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، عەلی خامنەیی و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای دیکەی ئەو وڵاتە کوژران. لە وەڵامدا هێزە چەکدارەکانی ئێران چەندین شەپۆلی هێرشی بە مووشەکی بالیستی و درۆن بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ