پاسداران شەپۆلی 13ـەیەمی هێرشەکانی راگەیاند و ژمارەی کوژراوانی ئەمریکا بەرزبووەوە

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، شەپۆلی 13ـەیەمی هێرشەکانیان بە ناوی "بەڵێنی راستگۆ 4" دەستپێکردووە.

02-03-2026

01:04

داواکارییەکی بەپەلە لە ئەمریکاوە بۆ هاووڵاتییانی

رووداو
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات بەپەلە چەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەجێبهێڵن و عێراقیشی تێدایە.
 
ئەو وڵاتانەی ئەمریکا داوای چۆڵکردنی دەکات ئەمانەن:
 
- عێراق
- ئێران 
- میسر
- ئوردن 
- کوەیت
- لوبنان
- عومان 
- قەتەر
- سعودیە
- سووریا
- ئیمارات
- یەمەن 
- کەرتی رۆژئاوا و غەززە لە فەلەستین

 

 

01:02

سوپای ئیسرائیل شەپۆلێکی نوێی هێرشی بۆ سەر تاران راگەیاند

رووداو
سوپای ئیسرائیل شەپۆلێکی نوێی هێرشی بۆ سەر تارانی پایتەختی ئێران راگەیاند.

01:01

ئیسرائیل و ئەمریکا چۆن شوێنی خامنەییان دۆزییەوە و چەند کاتی ویستووە؟

شیوەنگێڕیک وێنەی عەلی خامنەیی لە تاران بەرزکردووەتەوە دژی کوشتنی رێبەرەکەیان لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە. وێنە: Reuters
دوو سەرچاوەی ئاگادار بە میدیایەکی بەریتانیان گوتووە، ئیسرائیل لە رێگەی هاککردنی تۆڕی کامێراکانی هاتووچۆی تارانەوە چاودێریی پاسەوانانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کردووە و لەو رێگەیەوە شوێنی خامنەیی دۆزیوەتەوە.
 
رۆژنامەی (The financial Times) ئەمڕۆ دووشەممە، دووی ئاداری 2026 راپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە باس لەوە دەکات، ئیسرائیل چۆن شوێنی خامنەیی دیاری کردووە. 
 
رۆژنامەکە دەڵێت، کامێراکانی هاتووچۆی ئێران بۆ چاودێریکردنی 'خۆپیشاندەران و نەیارانی وڵاتەکە بەکاردێن'، بەڵام مۆساد توانیویەتی ئەم کامێرانە دژی خودی وڵاتەکە بەکاربهێنێت.
 
دوو سەرچاوەی ئاگادار لە باباتەکە بە رۆژنامەکەیان گوتووە، ئیسرائیل چەند ساڵێک لەمەوبەر دەستی بەو کامێرانە گەیشتووە و بۆی دەرکەوتووە کە کامێرایەکی دیاریکراو بە جۆرێک ئاراستە کراوە کە شوێنی پارککردنی ئۆتۆمبێلی ئەندامانی تیمی پاسەوانی خامنەیی نیشان دەدات. لە رێگەی ئەو کامێرانەوە، هەواڵگریی ئیسرائیل فایل و زانیاری وردی لەسەر ناونیشانی ماڵەوە، خشتەی کارکردن و ئەو کەسانەی پاسەوانییان لێدەکەن، بۆ پاسەوانەکان دروست کردووە.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئیسرائیل و ئەمریکا خزمەتگوزاری مۆبایلیان لە شەقامی "پاستۆر" لە تاران پەکخستووە (ئەو شوێنەی باس لەوە دەکرێت خامنەیی لێ کراوەتە ئامانج)، بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی هەوڵ دەدەن پەیوەندی بە پاسەوانەکانەوە بکەن و ئاگادارییان بکەنەوە، تەنیا هێڵی سەرقاڵ (busy signal)یان بۆ بچێت.
 
 

00:14

سێنتکۆم کوژرانی دوو سەربازی دیکەی راگەیاند

رووداو
 
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، دوای دۆزینەوەی تەرمی دوو سەربازی دیکە، کۆی گشتی ئەو سەربازە ئەمریکییانەی لە میانی ململانێ بەردەوامەکان لەگەڵ ئێراندا کوژراون، گەیشتە شەش سەرباز.
 
سێنتکۆم دەڵێت: "هێزەکانی ئەمریکا لەم دواییانەدا تەرمی دوو سەربازیان لە دامەزراوەیەکدا دۆزیوەتەوە کە پێشتر وەک بێسەروشوێن هەژمار کرابوون، ئەو شوێنە لە کاتی هێرشە سەرەتاییەکانی ئێران بۆ سەر ناوچەکە پێکرابوو."
 
سێنتکۆم وردەکاری زیاتری لەسەر ئەو بارودۆخە نەخستووەتەڕوو کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانیان.
 
سێنتکۆم دەشڵێت: "ئۆپەراسیۆنە جەنگییە سەرەکییەکان بەردەوامن. ناسنامەی کوژراوەکان ئاشکرا ناکرێت تاوەکو 24 کاتژمێر بەسەر ئاگادارکردنەوەی کەسوکاریان تێپەڕ دەبێت."
 

00:00

ئەوەی نەتزانیوە بیزانە؛ کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی ئیبراهیم لینکن و جیراڵد فۆرد چۆن دەپارێزرێن؟

کەشتیی جیراڵد فۆرد
ئەمریکا دوو کەشتییە زەبەلاحەکەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێگیرکردووە و لەوێوە هێرشدەکاتە سەر سەر ئێران، ئەی ئەو کەشتییانە چۆن لە هێرشەکانی ئێران دەپارێزرێن؟
 
رووکاری کەشتییەکە لە دوو چینی پۆڵای بەهێز و قەڵغانی کەڤلار کە پێنج هێندەی پۆڵا بەهێزترە، پێکدێن. بە سەدان ژووری ئاوی داخراویان تێدایە، بۆ ئەوەی لە کاتی پێکانیاندا ئاو نەچێتە بەشەکانی دیکە و نووقم نەبن
 
سیستمی مووشەکیی (ESSM) و (RAM)ـیان لەسەرە بۆ تێکشکاندنی فڕۆکە و مووشەکی دژە-کەشتی. هەروەها چەکی فەلانکس (Phalanx) لەسەر جێگیرە کە ئەو چەکە 3000 فیشەک لە خولەکێکدا دەتەقێنێت. 
 
خاوەنی سیستمی پێشکەوتووی جەنگی ئەلیکترۆنییە و دەوروبەری کەشتییەکە بە کەشتی وێرانکەر دەورەدراوە. 
مووشەکی هایپەرسۆنیک دەتوانێت کەشتییەکان بپێکێت؟
 
کەشتییەکان وا دروستکراون بەرگری لەو جۆرە مووشەکانە بکەن بەشێوەی کەوانەیی وەکو مووشەکی کروز یان جۆرەکانی دیکەی مووشەک دەجوڵێنەوە، بەڵام هایپەرسۆنیک بەهۆی خێراییەکەی و ماوەی کاردانەوەی سیستمی بەرگری، بەرگریکردن لێی قورسە یان دەکرێت بگوترێت ئەستەمە.
 
ئەگەر مووشەکێکی هایپەرسۆنیک بەر سەکۆی هەڵدانی مووشەک بکەوێت لە کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگردا، ئەوا ئەو کەشتییە بێ سوود دەبێت و ماوەی چاککردنەوەی زۆری پێ دەچێت، ئەمەش وا دەکات بگوترێت کەشتییەکە لەکار کەوتووە، بەڵام نقووم بوونی کارێکی زۆر قورسە، ئەوەش بەهۆی گەورەیی قەبارەکەی و شێوازی دروستکردن و ئەو مادانەیە کە کەشتییەکەی پێ رووپۆشکراوە.

 

 

23:53

پاسداران شەپۆلی 13ـەیەمی هێرشەکانی راگەیاند و ژمارەی کوژراوانی ئەمریکا بەرزبووەوە

ساتی هەڵدانی مووشەکێکی ئێرانی. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ 

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، شەپۆلی 13ـەیەمی هێرشەکانیان بە ناوی "بەڵێنی راستگۆ 4" دەستپێکردووە. 
 
سوپای پاسدارانی ئێران ئەمرۆ دووشەممە، دووی ئاداری 2026 رایگەیاند، "شەپۆلی 13یەمی ئۆپەراسیۆنی 'بەڵێنی راستگۆ 4' لەلایەن یەکەی درۆنیی هێزی دەریایی سوپاوە دژی بنکەی "عەریفجان"ی هێزی دەریایی ئەمریکا لە کوێت دەستیپێکرد.