زیاتر لە 120 کاژێرە حکومەتی ئێران تەواوی هێڵەکانی ئینتەرنێتی پەکخستووە

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئەدلین قاسم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کۆمپانیای نێتبلۆکس کە چاودێریی پچڕانی ئینتەرنێت لە جیهاندا دەکات، رایگەیاند پچڕانی ئینتەرنێت لە ئێران 120 کاژێری تێپەڕاندووە و پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ جیهانی دەرەوە بە تەواوی پەککەوتوون.
 
بەپێی نوێترین راپۆرتی نێتبلۆکس کە رۆژی پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە، رێژەی دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێتی جیهانی لە ئێراندا تەنیا 1٪ـە. ئەمەش بەو مانایەیە کە حکومەتی ئێران توانیویەتی بە تەواوی هێڵەکانی ئینتەرنێت کۆنتڕۆڵ بکات و هاووڵاتیان لە جیهانی دیجیتاڵی داببڕێت.
 
نێتبلۆکس ئاماژە بەوە دەکات، هاوکات لەگەڵ پچڕانی هێڵەکان، حکومەتی ئێران لە رێگەی کۆمپانیاکانی پەیوەندییەوە هەڕەشە لە هاووڵاتیان دەکات؛ هۆشداری دراوەتە بەکارهێنەران کە "هەر هەوڵێک بۆ بەستنەوەی ئامێرەکانیان بە ئینتەرنێتی جیهانییەوە، رووبەڕووی سزای یاساییان دەکاتەوە."
 
کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشتریش چەندین جار ئینتەرنێتی وەک چەکێک بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان بەکارهێناوە. یەکێک لە نموونە هەرە دیارەکان، پچڕانی سەرتاسەریی ئینتەرنێت بوو لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2025.
 
لەو خولەی ناڕەزایەتییەکاندا، حکومەتی ئێران بۆ ماوەی زیاتر لە 400 کاژێر ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی بڕی، تەنانەت سیستمی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی (ستارلینک)یش پەکخرا و هاتووچۆی زانیارییەکان گەیشتە ئاستی سفر، کە دژبەرانی کۆماری ئیسلامی دەڵێن "بۆ مەبەستی رێگریکردن بووە لە بڵاوبوونەوەی وێنە و ڤیدیۆی سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە