رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسداران رایگەیاند، هێزی دەریایی سوپاکە هێرشی کردووەتە سەر سێ بنکەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
ئەمڕۆ دووشەممە، 20ی تەممووزی 2026، سوپای پاسداران لە راگەیێندراوی ژمارە 33ی خۆیدا رایگەیاند، هێزی دەریایی سوپاکە ئۆپەراسیۆنێکیان دژی هێزەکانی ئەمریکا کردووە.
بەپێی راگەیێندراوی سوپای پاسداران، لەم ئۆپەراسیۆنەدا هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی راگرتن و چاککردنەوەی درۆنەکانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی "سەخیر" لە بەحرەین، هەروەها هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی ئامادەکردنی پاپۆڕەکانی جۆری TF59 لە بەندەری سەلمان لە بەحرەین.
سوپای پاسداران دەشڵێت: لە ئۆپەراسیۆنەکەدا هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی پشتیوانی و پڕچەککردنی هێزە تایبەتە دەریاییەکان لە بنکەی "عەریفجان" لە کوێت.
نۆ رۆژە لەسەر یەک، سوپای ئەمریکا بە چڕی دەستی بە بۆردوومانەکانی سەر ئێران کردووەتەوە.
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، لە نۆیەمین شەودا هێرشەکانی ئەمریکا حەوت پارێزگای ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە کە بریتین لە پارێزگاکانی خوزستان، بووشەهر، هورمزگان، سیستان و بەلووچستان، تەورێز و دوو پارێزگای لوڕستان و ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانن.
بەگوێرەی راگەیێندراوی سێنتکۆم، لە نۆیەمین شەوی هێرشەکانیدا بۆ سەر ئێران، چەندین ئامانجی جیاواز، لەوانەش "سەنتەرەکانی فەرماندەیی سەربازیی ئێران، وێستگەکانی بەرگریی ئاسمانی و چاودێریی کەناراوەکان، تواناکانی دەریایی، سەکۆکانی هاوێشتنی مووشەک و درۆن، لەگەڵ تۆڕەکانی پەیوەندیی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە" بۆردوومان کراون.
لە بەرامبەردا ئێران هێرش دەکاتە سەر بەشێک لە وڵاتانی دراوسێی، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی بنکەی ئەمریکایان لێیە.
.jpg&w=3840&q=75)



