رووداو دیجیتاڵ
میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە بەهۆی هێرشی ئەمریکاوە بۆ سەر بوشەهر سیستمی بەرگری دامەزراوەی ئەتۆمی بوشەهر کارا کراوە.
شەوی دووشەممە 20ی تەممووزی 2026، میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە: "ئەمریکا هێرشی بۆ سەر بەشێک لە شارەکانی باشووری ئێران دەستپێکردووە و سیستمی بەرگری لە نزیک دامەزراوەی ئەتۆمی بوشەهر کەوتووەتە کار.
بەگوێرەی میدیاکانی ئێران، دەنگی تەقینەوە لە بەندەرعەباس، قیشم، سیریک، چابەهار و کۆنارەک بیستراوە.
هەر ئێوارەی ئەمڕۆ، میدیاکانی ئێران بڵاوکردەوە، هێرش کراوەتە سەر یەکەیەکی پیشەسازی لە شاری خومەین، شیراز، سیریک و بەندەرعەباس.
شەوی دووشەممە سێنتکۆم لە پەیامێکدا بڵاویکردەوە: "ئەمڕۆ کاژێر 4:00ـی ئێوارە بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا [11:00 شەو بەکاتی هەولێر]، هێزەکانی ئەمریکا بە فەرمانی فەرماندەی گشتی [دۆناڵد ترەمپ] دەستیان بە گەڕێکی نوێی هێرشەکان بۆ سەر ئێران کرد."
لەبارەی ئامانجی هێرشەکانەوە، سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشەکان بۆ ئەوەن "توانا سەربازییەکانی ئێران زیاتر لاواز بکەن، کە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز بەکاریاندەهێنێت."
ئەم هێرشانەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران پێیان ناوەتە قۆناخێکی مەترسیدارەوە و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاندووە، وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا لە "جەنگێکی گشتگیر"ـدایە.
ئەم شەپۆلە نوێیەی هێرشەکان دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی تووندی دایە تاران و گوتی، هەر جارێک سەربازێکی ئەمریکی بکوژن، باجەکەی چەندین هێندە دەدەن.
.jpg&w=3840&q=75)



