رووداو دیجیتاڵ
7 رۆژ بەسەر بەیانیی رۆژی هێرشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران تێپەڕی. هەفتەیەکە رۆژانە یەکدی ئاگرباران دەکەن.
لەم 7 رۆژەدا شەڕەکە بەرۆکی چەند وڵاتێکی دیکەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گرتووە، لەوانە: ئیمارات، قەتەر، بەحرێن، کوێت، لوبنان، ئوردن، عێراق و هەرێمی کوردستان.
ئێران هێرش دەکاتە سەر بنکە ئەمریکی و ئیسرائیلی و بەرژەوەندییەکانیان لەو وڵاتانە و دەڵێ، بەرگری لە خۆیان دەکەن. هەڕەشەش لە هەر لایەنێک دەکات خۆیان بکەنە بەشێک لە شەڕەکە و بچنە پاڵ ئەمریکا و ئیسرائیل.
بە گوتەی بەرپرسانی ئێران، تائێستا 2000 درۆن و 600 مووشەکیان لە جەنگەکە بەکارهێناوە.
ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی رۆژی یەکەمیان بە کوشتنی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستپێکرد. لەگەڵ ئەو نزیکەی 40 فەرماندەی سەربازیی و بەرپرسی حکومەتی ئێرانی کوشت.
هەرچەندە زیانەکانی ئیسرائیل بە تەواوی دیار نین، بەڵام ئەمریکا کوژرانی 6 سەربازی پشتڕاستکردووەتەوە. هەرچەندە لایەنی ئێران دەڵێ، زیانی گەورەتریان لە "دووژمن" داوە.
جەنگەکە جگە لە بارودۆخی دەروونی و ئارامی و ئاسایشی خەڵک، کاریگەری لەسەر کەرتی ئابووری هەبووە، بە تایبەت وزە و کەرتی بازرگانی.
ئێران هاتووچۆی لە گەرووی هورمزی بە تەواوی داخستووە، ئەو گەرووە 20٪ی وزەی جیهان دابین دەکات. هەناردەکردنی کاڵا و پێداویستی بۆ دەرەوە تاڕادەیەک راگرتووە.
ئەورووپا کەوتوونەتە ئامادەییەوە بۆ "هەر ئەگەرێک" و بەریتانیا فڕۆکە و چەکی زیاتری رەوانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد. هاوکات ماکرۆن گوتی کە پیتاندنی یۆرانیۆم لە وڵاتەکەی زیاد دەکات.
ترەمپ دەڵێت، جەنگەکە رەنگە 5 هەفتە بخایێنێت. "هەرچەندە ئێران داوای دانوستاندنی کردووە، بەڵام ئێمە خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرجمان دەوێت."
پزیشکیان و فەرماندە سەربازییەکانی ئێرانیش دەڵێن، تاکۆتایی بەرگریی لە "شکۆی" وڵاتەکەیان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ