لە بۆردوومانەکانی ئەمڕۆی تاراندا 23 کەس کوژران

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو - دیجیتاڵ
 
قائیمقامی قەزای بەهارستان لە پارێزگای تاران رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر دوو یەکەی نیشتەجێبوون، 13 کەس گیانیان لەدەستداوە. هەروەها لە سنووری قەزای شەهریار لە هەمان پارێزگا شەش کەس کوژران. لە ئەنجامی هێرشێکیش لە رۆژهەڵاتی تاران 4 کەس کوژران و 7ی دیکەش بریندار بوون.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 06-04-2026، عەبدولحەمید شەرەفی، قائیمقامی قەزای بەهارستانی سەر بە پارێزگای تاران رایگەیاند، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردووەتە سەر پرۆژەی نیشتەجێبوونی (قەڵای میر) لە سنووری قەزاکە و دوو خانوویان کردووەتە ئامانج.
 
بەگوتەی قایمقامی بەهارستان، تاوەکو ئێستا تەرمی 13 کەس لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە لە ژێر داروپەردووی خانووەکان دەرهێنراون. ئاماژەی بەوەش کردم پرۆسەی گەڕان و رزگارکردن بەردەوامە، چونکە گومان دەکرێت هێشتا کەسانی دیکە لە ژێر پاشماوەی خانووە رووخاوەکاندا مابنەوە و ژمارەی قوربانییەکان بەرزببێتەوە.
 
هەر بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 06-04-2026، هێرشێکی ئاسمانی کرایە سەر ناوچەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری شاهیدشەهری سەر بە قەزای شەهریار لە پارێزگای تاران.
 
جێگری سیاسی و ئەمنیی قائیمقامییەتی شەهریار رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا تەرمی شەش کەس لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە لە ژێر داروپەردووی خانووەکان دەرهێنراون، کە سێیان منداڵن و یەکێکیشیان ئافرەتە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر رۆژهەڵاتی تارانیش، سێ باڵەخانەی نیشتەجێبوون بە تەواوی وێران بوون.
 
میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە هێرشەکە کاژێر 03:15ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە کراوە، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانی مانگی سووری ئێران، تاوەکو ئێستا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و حەوت کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
لە ئەنجامی هێرشەکەدا سێ باڵەخانەی نیشتەجێبوون بە تەواوی تەخت بوون و زیاتر لە 50 یەکەی دیکەی نیشتەجێبوونیش بەهۆی تووندی تەقینەوەکەوە زیانی زۆریان بەرکەوتووە.
 
تیمەکانی بەرگریی شارستانی و فریاکەوتن بە ئامێری قورس بەردەوامن لە گەڕان و لادانی داروپەردووەکان، چونکە گومان دەکرێت هێشتا کەسانی دیکە لەژێر پاشماوەی باڵەخانە رووخاوەکاندا مابنەوە و ژمارەی قوربانییەکان بەرزببێتەوە.
 
ئەم هێرشە خوێناویترین رووداوی زنجیرە هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆیە، کە تاران و چەند شارێکی دیکەی ئێرانی گرتووەتەوە، کە تێیدا چەندین بنکەی سەربازی، زانستی و ناوچەی نیشتەجێبوون کراونەتە ئامانج.
 
هەر لە ئەنجامی هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شاری قومی ئێران پێنج کەس گیانیان لە دەستداوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دووکەڵی بۆردوومانێکی سەر شاری تاران

دەنگی تەقینەوە لە تاران و شارەکانی دیکەی ئێران بیسترا

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، زنجیرەیەک تەقینەوەی بەهێز تاران، قوم، شیراز و چەند شارێکی دیکەی ئێرانیان هەژاند، هاوکات دەنگی فڕۆکەی جەنگی لە ئاسمانی زۆربەی ناوچەکانی ئێران بیستراوە