ئێران
ئەم وێنەیە لەلایەن میدیاکانی ئێرانەوە وا بڵاوکراوەتەوە کە شوێنی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە ئەمریکییەکەیە
رووداو دیجیتاڵ
"دۆزیمانەوە!" بەم وشەیە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆتاییهاتنی یەکێک لە مەترسیدارترین ئۆپەراسیۆنەکانی مێژووی سوپای ئەمریکای راگەیاند. دوای تێکشکانی فڕۆکەیەکی F-15Eی ئەمریکی لە ئاسمانی ئێران، پرۆسەیەکی ئاڵۆز و پڕ لە تەکنیک لەلایەن دەزگای هەواڵگری (CIA) و هێزە تایبەتەکانەوە دەستیپێکرد بۆ هێنانەوەی فڕۆکەوانە بێسەروشوێنبووەکە، پێش ئەوەی بکەوێتە دەست هێزەکانی تاران.
ئەم راپۆرتە پشت بە زانیارییەکانی زیاتر لە 10 بەرپرسی سەربازی و ئەمنیی ئەمریکا دەبەستێت کە بۆ رۆژنامەکانی واشنتن پۆست و نیویۆرک تایمز قسەیان کردووە.
سەرەتای رووداوەکە
رۆژی هەینی، فڕۆکەیەکی F-15E Strike Eagle بووە یەکەم فڕۆکەی ئەمریکی کە لەم جەنگەدا بە تەقەی دووژمن بخرێتە خوارەوە. هەردوو ئەندامی ستافی فڕۆکەکە بە پەڕەشووت خۆیان فڕێدایە خوارەوە. فڕۆکەوانی سەرەکی بە خێرایی پەیوەندیی بە یەکەکەیەوە کرد و دوای نزیکەی 6 کاژێر رزگار کرا.
بەڵام ئەفسەری دووەم، کە بەرپرسی سیستمی چەک بوو و پلەی عەقیدە، لە کاتی خۆفڕێدانەکەدا لە فڕۆکەوانەکەی دیکە جیابووەوە و لە قووڵایی خاکی ئێراندا بەتەنیا مایەوە، کە تەنیا دەمانچەیەکی پێبوو.
خۆشاردنەوە و راوەدوونان
ئەفسەرەکە ناچار بوو زیاتر لە 2300 مەتر بەسەر زنجیرە چیایەکدا سەربکەوێ و خۆی لەنێو درزێکی شاخەکەدا بشارێتەوە. دەیزانی کە هێزەکانی ئەمریکا و سوپای ئێرانیش پەلەیانە بیدۆزنەوە.
بۆ ئێران، دەستگیرکردنی عەقیدێکی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا دەستکەوتێکی گەورە دەبوو تاوەکو لەسەر مێزی دانوستاندن وەک کارتی گوشار بەکاریبێنێت. تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران پاداشتی راگەیاند بۆ هەر کەسێک کە فڕۆکەوانەکە بە زیندوویی رادەستی هێزە ئەمنییەکان بکات. ڤیدیۆکان نیشانیان دەدا کە هێزەکانی ئێران و خەڵکی ئاسایی لە چیاکاندا بەدوایدا دەگەڕێن، تەنانەت تەقەیان لەو هەلیکۆپتەرە ئەمریکییانەش دەکرد کە بۆ گەڕان هاتبوون.
تەکنیکەکەی CIA
لە کاتێکدا فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) خەریک بوو راگەیێندراوێک بڵاوبکاتەوە و بڵێت یەکێک لە فڕۆکەوانەکانیان بێسەروشوێنە، لەناکاو ئاماژەیەک لە ئامێری پەیوەندیی ئەفسەرەکەوە گەیشت. یەکسەر پێنتاگۆن بڵاوکردنەوەی راگەیێندراوەکەی راگرت بۆ ئەوەی ئێران نەزانێ کە هێشتا بەدوایدا دەگەڕێن.
بۆ بەدەستهێنانی کات، CIA دەستیکرد بە بڵاوکردنەوەی زانیاریی چەواشەکارانە لەنێو ئێران، گوایە هێزەکانی ئەمریکا پێشتر فڕۆکەوانەکەیان دۆزیوەتەوە و ئێستا لەرێگەی وشکانییەوە بە ئۆتۆمبێل بەرەو دەرەوەی وڵات دەیبەن. ئەم فێڵە سەرکەوتوو بوو. هێزەکانی ئێران گەڕانەکانیان لە چیاکانەوە گواستەوە بۆ سەر رێگاوبانەکان.
لە هەمان کاتدا، CIA بە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیایەکی تایبەت توانی شوێنی وردی فڕۆکەوانەکە لەنێو درزی چیاکەدا دەستنیشان بکات.
ئۆپەراسیۆنی رزگارکردن
رۆژی شەممە، دوای ئەوەی دڵنیا بوون ئەفسەرەکە بەتەنیایە و دەستگیرنەکراوە، ترەمپ فەرمانی جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەی دا. نزیکەی 100 سەربازی هێزە تایبەتەکان، لەوانە تیمی 6ی نەیڤی سیڵز و دێلتا فۆرس، بە پاڵپشتیی دەیان فڕۆکە و هێلیکۆپتەر بەڕێکەوتن.
بە شەو، کۆماندۆکان گەیشتنە شوێنەکە. لەو کاتەدا، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆردوومانی دەوروبەری چیاکەیان دەکرد بۆ رێگریکردن لە پێشڕەویی هێزەکانی ئێران. ئەفسەرە بریندارەکە لە شوێنی خۆشاردنەوەکەیەوە رێنمایی دەدا کە کام ناوچە بۆردوومان بکەن.
کۆماندۆکان توانییان ئەفسەرەکە هەڵبگرن و بەرەو فڕۆکەخانەیەکی خۆڵینی چۆڵکراو لە ئیسفەهان بڕۆن، کە پێشتر هێزە تایبەتەکان بۆ کاتی لەناکاو ئامادەیان کردبوو.
کێشە لە دوایین ساتدا
پلانەکە ئەوە بوو کە تیمی رزگارکردن و ئەفسەرەکە بچنە نێو دوو فڕۆکەی بارهەڵگری C-130 و راستەوخۆ بەرەو کوێت بفڕن. بەڵام کێشەیەکی گەورە دروست بوو؛ تایەی پێشەوەی یەکێک یان هەردوو فڕۆکە C-130ـەکە لەناو خۆڵی فڕۆکەخانەکەدا چەقی و دەرنەدەهات.
چەند کاژێرێک تێپەڕی و هەوڵەکان بۆ دەرهێنانی فڕۆکەکان بێسوود بوون. سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە کەوتە مەترسییەوە.
ناچار، کۆماندۆکان داوای سێ فڕۆکەی دیکەیان کرد.
دوای گەیشتنی فڕۆکە نوێیەکان و گواستنەوەی هێزەکە، پێش ئەوەی بڕۆن، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا هەردوو فڕۆکە C-130ـەکە و لانیکەم دوو هەلیکۆپتەری MH-6 یان بۆردوومان کرد و سووتاندنیان، بۆ ئەوەی نەکەونە دەست سوپای ئێران. دواتر میدیاکانی ئێران ڤیدیۆی پاشماوە سووتاوەکانیان بڵاوکردەوە.
لەگەڵ هەڵاتنی خۆردا، هەرسێ فڕۆکەکە بەدوای یەکدا فڕین و ئاسمانی ئێرانیان بەجێهێشت، بێ ئەوەی هیچ سەربازێکی ئەمریکی بکوژرێت یان بریندار بێت.
هەڕەشە نوێیەکەی ترەمپ
کەمێک دوای نیوەشەو، ترەمپ بە خۆشحاڵییەوە هەواڵی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکەی راگەیاند و گوتی ئەفسەرەکە سەلامەتە.
بەڵام ئاهەنگگێڕانەکە کورتخایەن بوو. بەیانیی یەکشەممە، ترەمپ رووبەڕووی راستییە تاڵەکەی جەنگ بووەوە: تەنگەی هورمز هێشتا بە داخراوی ماوەتەوە و ئابووریی جیهانی خستووەتە مەترسییەوە.
دوای ئەوەی وڵاتانی هاوپەیمان گوێیان بە داواکارییەکەی ترەمپ نەدا بۆ ناردنی کەشتیی جەنگی بۆ کردنەوەی هورمز، ترەمپ پەیامێکی زۆر توڕە و پڕ لە جنێوی بڵاوکردەوە.
ترەمپ نووسیویەتی، "رۆژی سێشەممە دەبێتە رۆژی وێستگەکانی کارەبا و رۆژی پردەکان لە ئێران. هاوشێوەی نابێت!!! گەرووە نەفرەتییەکە بکەنەوە ئەی زۆڵە شێتینە، ئەگەرنا لە دۆزەخدا دەژین - تەنیا سەیر بکەن! سوپاس بۆ ئەڵڵا. سەرۆک دۆناڵد جەی ترەمپ."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ