رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران بڵاویکردەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆ سەر ژێرخانی ئەتۆمییان و ئەمەش بە "تاوان دژی زانست و تەندروستی مرۆڤ" دەزانێت.
رۆژی دووشەممە، 6ی نیسانی 2026، رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران لە ئێکس سەبارەت بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ژێرخانی ئەتۆمی وڵاتەکەیان رایگەیاند، "هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوەی ئاوی قورسی ئێران تاوانە دژی زانست و تەندروستی مرۆڤ." دەشڵێت، "پێشکەوتنی زانستی ئێمە راناگیرێت و پەکناخرێت."
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیان بە هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران کرد و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامی هێرشەکانیان دایەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکەشی ئێران هێرشیکردووەتە سەر وڵاتانی کەنداو.
لە دەستپێکی جەنگەکەوە بەرپرسانی ئێران لانیکەم چوار هێرشی ئەمریکا-ئیسرائیلیان بۆ سەر ناوەندە ئەتۆمیەکانیان پشتڕاستکردووەتەوە.
رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران لە نووسینەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "ئاوی قورس و پێکهاتەکانی بۆ بوارەکانی پزیشکی، چارەسەری نەخۆشی و پیشەسازییە پێشکەوتووەکان زۆر گرنگن". رێکخراوەکە جەختی لەوەش کردەوە، "سوورین لەسەر خزمەتکردنی ئاشتی و تەندروستی جیهانی".
پێش جەنگی 12 رۆژەی حوزەیرانی رابردوو لەنێوان ئیسرائیل و ئێراندا، تاران خاوەنی زیاتر لە 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراو بوو بە رێژەی سەروو 60٪. بەڵام دوای بۆردوومانکردنی ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە لەو کاتدا، نازانرێت ئەو بڕە ئەتۆمە چی بەسەر هاتووە.
پێشتر بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندبوو نایانەوێت چەکی ئەتۆمی دروستبکەن و پڕۆگرامی ئەتۆمییان بۆ پرسی ئاشتییە، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەردەوام تارانیان بە هەوڵدان بۆ دەستگەیشتن بەو چەکە تۆمەتبار دەکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ