وەزیری کولتووری ئێران رەخنە لە "بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەڵەتی" بەرامبەر بۆردوومانکردنی وڵاتەکەی دەگرێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری کولتوور و گەشتوگوزاری ئێران دەڵێ، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی، 131 شوێنەواری مێژوویی و کولتووری لە سەرتاسەری ئێران زیانیان بەرکەوتووە، لەنێویاندا 14 مۆزەخانە، کۆشکی گوڵستان و باڵەخانەی چڵ ستوون. هەروەها رەخنەی تووند لە "بێدەنگیی" رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەگرێت.
 
لە هەڤپەیڤنێکدا کە رۆژی یەکشەممە لە تاران تۆمارکراوە و ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوکراوەتەوە، رەزا ساڵحی ئەمیری، وەزیری کولتوور و گەشتوگوزاری ئێران گوتی، "تەنیا لە سەعدئاباد، 14 مۆزەخانە زیانیان بەرکەوتووە. کۆشکی گوڵستان کە شوێنەوارێکی کەلەپووری جیهانییە، زۆر زیانی بەرکەوتووە. بینای چڵ ستوونیش کە یەکێکە لە شاکارەکانی تەلارسازیی جیهان، زیانی گەورەی بەرکەوتووە."
 
وەزیری کولتوور و گەشتیاریی ئێران بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەکانی بە "سامناک" ناوبرد و گوتی، سەرەڕای پەیوەندیکردنیان بە رێکخراوەکانی یونسکۆ (UNESCO)، ئیسێسکۆ (ICESCO)، ئیکۆ (ECO)، نەتەوە یەکگرتووەکان و دادگای لاهای، "ئەوەی پێمان گەیشتووە تەنیا دەربڕینی نیگەرانی بووە، نەک هیچ کاردانەوەیەک."
 
ئەو بەرپرسە ئێرانییە گوتیشی: "ئەمە دەیسەلمێنێت کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچ کۆدەنگییەکی راستەقینەی نییە، تەنیا هاوسۆزییەکی بێ کاریگەری هەیە بۆ بەرگریکردن لە کەلەپووری کولتووری."
 
ئەمیری بە تووندی رەخنەی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گرت و گوتی، ترەمپ "هەموو شتێک دەکات بۆ راکێشانی سەرنج." 
 
وەزیرە ئێرانییەکە گوتی، "ترەمپ ئامادەیە هەموو تاوانێک بکات بۆ تێرکردنی ئارەزووە خۆپەرستییەکانی. ئەو زۆر پێویستی بە پیاهەڵدانی کەسانی دیکەیە و کاتێک پێیدا هەڵنادرێت، تۆڵە دەکاتەوە، چونکە کەسایەتییەکی جێگیری نییە."
 
ئەمیری گوتی، "زۆر دووژمن هێرشیان کردووەتە سەر ئەم خاکە. هەموویان رۆیشتن، بەڵام ئێران مایەوە. ئێران ئەو ئەڵقە سەرەکییەیە کە ئێرانییەکانی سەرانسەری جیهان پێکەوە دەبەستێتەوە. ئێران ناسنامەمانە، ئێران شکۆمانە، ئێران پاسپۆرتمانە، ئێران هۆکاری سەرەکیی مانەوەمانە."
 
دەقی قسەکانی رەزا ساڵحی ئەمیری، وەزیری کولتوور و گەشتوگوزاری ئێران:
 
ئەمریکا، وڵاتێک کە خۆی رەگ و ریشەی شارستانییەتی نییە، وڵاتێک کە مێژوویەکی کەمتر لە سەدەیەک، تەمەنی حکومەتێک و سەروەرییەکی کەمتر لە سەدەیەکی هەیە. بەهۆی نەبوونی پاشخانی شارستانی، مێژوویی و کولتوورییەوە، هەوڵ دەدات هێرش بکاتە سەر نەتەوەیەک کە زیاتر لە چەندین هەزار ساڵ شارستانییەتی لەنێو خۆیدا هەڵگرتووە.
 
تاوەکو ئێستا، 131 شوێنەوارمان لە سەرانسەری وڵات زیانیان بەرکەوتووە، کە زۆربەیان لە تارانن. تەنیا لە سەعدئاباد، 14 مۆزەخانە زیانیان بەرکەوت. کۆشکی گوڵستان کە شوێنەوارێکی کەلەپووری جیهانییە، زیانی گەورەی بەرکەوت. لە ئیسفەهان، 'چڵ ستوون' و زۆر لە شوێنەوارەکانی ئیسفەهانمان لە دوای تاران بە سەختی زیانیان بەرکەوت. هەروەها بینای 'چڵ ستوون'، کە یەکێکە لە شاکارەکانی تەلارسازیی جیهان، زیانی گەورەی پێگەیشتووە.
 
بێدەنگیی جیهان سامناکە. سەرەڕای پەیوەندیکردنمان بە یونسکۆ، ئیسێسکۆ، ئیکۆ، وەزیرانی کەلەپووری ئاسیا، وەزیرانی گەشتوگوزار، رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و لاهای، ئێمە تەنیا دەربڕینی نیگەرانیمان پێگەیشتووە، نەک هیچ کاردانەوەیەک. ئەمە دەیسەلمێنێت کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچ کۆدەنگییەکی راستەقینەی نییە، تەنیا هاوسۆزییە، بێ هیچ کاریگەرییەک بۆ بەرگریکردن لە کەلەپووری کولتووری.
 
ترەمپ هەموو شتێک بۆ راکێشانی سەرنج دەکات و ئامادەیە هەموو تاوانێک بکات بۆ تێرکردنی ئارەزووە خۆپەرستییەکانی. لێکدانەوەکە ئەوەیە کە ئەو بە زۆر پێویستی بە پیاهەڵدانی کەسانی دیکەیە و کاتێک پیاهەڵدانی بۆ ناکرێت، تۆڵە دەکاتەوە. مەبەستەکە ئەوەیە ترەمپ هیچ ئامانجێکی دیکەی نییە جگە لەوەی خۆی وەکو کەسایەتییە باڵاکەی جیهان نیشان بدات و کاتێک رێکخراوی جیهانی رەتیکردەوە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبدات، ئەو رێگەی تۆڵەسەندنەوە، جەنگ و توندوتیژی گرتەبەر چونکە کەسایەتییەکی جێگیری نییە.
 
هێندە جوانی لە 'چڵ ستوون'دا هەیە کە هەزاران کەسایەتیی گەورە، شارەزایانی کەلەپوور و پسپۆڕانی کولتووری لە سەرانسەری جیهانەوە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کردووە و لەسەریان نووسیوە. مرۆڤایەتی بەو تەلارسازییە سەرسامە. ئەوە دەرئاسایەکی تەلارسازییە و زۆر زیانی پێگەیشتووە، ئەمەش ئێمەی دڵگران کردووە.
 
یەکێک لە باڵەخانە بەنرخەکانی تاران، کۆشکی گوڵستانە، کە شوێنەوارێکی کەلەپووری جیهانیی یونسکۆیە، هەروەها شاکارێکی تەلارسازییە کە زیانی گەورەی بەرکەوتووە. سەرەڕای شکان و تێکشکانی دەرگا و پەنجەرەکان، بەشێکی گەورە لە تەلارسازیی بنمیچەکە و کارە جوانەکانی کە تێیدا نیگارکێشی، دیزاین و گەچکاری بەکارهێنرابوون، داڕماون. ئەم نموونانە لە سەرانسەری وڵاتدا هەن: لە سننە، کرماشان، خوزستان و شیراز و لەسەرووی هەمووشیانەوە تاران، هەموویان کراونەتە ئامانجی رژێمی منداڵکوژ و تاوانکاری ئیسرائیل و ئەمریکا.
 
لەبیرتان نەچێت، زۆر دوژمن هێرشیان کردووەتە سەر ئەم خاکە. هەموویان رۆیشتن، بەڵام ئێران مایەوە. ئێران ئەو ئەڵقە سەرەکییەیە کە ئێرانییەکانی سەرانسەری جیهان پێکەوە دەبەستێتەوە. ئێران ناسنامەمانە، ئێران شکۆمانە، ئێران پاسپۆرتمانە، ئێران هۆکاری سەرەکیی مانەوەمانە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە