دوو فڕۆکەوانە ئەمریکییەکە چۆن رزگار کران؟

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوو فڕۆکەوانی ئەمریکی بە فڕۆکەیەکی جەنگیی جۆری F-15E ستریک ئیگڵ لەسەر ئاسمانی ئێران لە ئەرک دا بوون، فڕۆکەکەیان پێکرا، بەڵام توانییان بە پەڕەشووتی تایبەت خۆیان هەڵدەن و دوای ماوەیەکیش لە مانەوەیان لەسەر خاکی ئێران رزگاربکرێن.
 
پێشتر ئەمریکا و ئیسرائیل بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ئاسمانی ئێرانیان بەتەواوی کۆنترۆڵ کردووە و هەموو بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتەیان تێکشکاندووە، بەڵام لەناکاو مووشەکێک کە گومان دەکرێ بە چەکی سەر شان هەڵدرابێت، لە ناوچەیەکی سەختی شاخاویدا لە باشووری رۆژئاوای ئێران فڕۆکەکەی پێکا.
 
دوو فڕۆکەوانەکەی نێو فڕۆکەکە دەسکی خۆهەڵدان لە فڕۆکەکەیان راکێشاوە و بە پەڕەشووتەکانیان لە دوو ناوچەی جیاوازدا گەیشتنە سەر زەوی.
 
لێرەوە ئیدی کێبڕکێ لەگەڵ کات دەستپێدەکات. ئێران دەیەوێ دوو فڕۆکەوانەکە بە دیل بگرێ و ئەمریکاش دەیەوێ بە هەر نرخێک بووە رزگاریان بکات.
 
فڕۆکەکە دەکەوێتە خوارەوە، بەڵام هێشتا دەتوانێ شوێنی خۆی بۆ ئامێرەکانی وەرگرتنی سیگناڵ بنێرێت.
 
تەنانەت ئەو دوو کورسییەش کە لەگەڵ فڕۆکەوانەکاندا لە فڕۆکەکە جیادەبنەوە، ئامێری ناردنی سیگناڵیان تێدایە و دەتوانن شوێنی خۆیان بۆ بنکەکانی بەدواداگەڕان بنێرن.
 
فڕۆکەوانەکان لەو ساتەوە لەیەکدی دادەبڕێن و پاش ئەوەی دەگەنە سەر زەوی، هەریەک بە ئاراستەیەکدا دەڕۆن.
 
فڕۆکەوانەکان لەم جۆرە دۆخانەدا پرۆتۆکۆلێکی کارکردنیان هەیە کە لە چوار بەش پێکدێت: خۆپاراستن، خۆحەشاردان، بەرگری و دوورکەوتنەوە.
 
هەنگاوی یەکەم خۆهەڵدان بە پەرەشووت و دابەزینە بە زیندوویی. پاشان خۆشاردنەوە و خۆبەدوورگرتن لە دەستگیرکردن دەستپێدەکات.
 
فڕۆکەوانەکانیش ئامێری تایبەتیان پێیە بۆ پەیوەندی، کە ناسراوە بە (سیسیل) و لەڕێگەیەوە دەتوانن زانیاری لەبارەی حەشارگەکانی خۆیان بنێرن. ئەم ئامێرە شەپۆلی رادیۆیی بۆ بنکەکانی چاودێری و بەدواداگەڕان دەنێرێت. دەشتوانێت زانیاری لەبارەی دۆخی خۆی و شوێنەکەی و ئەوەی کە ئایا لە مەترسیدایە یان نا، بۆ بنکەکان بنێرێت، بەڵام هەموو ئەم پەیوەندییانە لە رێگەی کۆدی تایبەتن و دووژمن ناتوانێت ئاماژەکانیان بەدیبکات. وێڕای ئەوەش، دەبێت زانیاریی ئەوتۆ بدەن کە بناسرێنەوە و بنکەکانیان دڵنیابنەوە لەوەی هەوڵی دووژمن نین بۆ خەڵەتاندن و راکێشانیان بۆ نێو تەڵەیەک.
 
لەو لاشەوە دەسەڵاتدارانی ئێران دەستیان کردبوو بە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەیان. هێزەکانی پاسداران و بەسیج و گوندنشینانی ناوچەکە خەریکی کێوماڵ بوون بۆ دۆزینەوەیان و چەکی دژەفڕۆکە لە ناوچەکەدا بڵاوکرانەوە. تەلەڤیزیۆنی ئێرانی پەیتا پەیتا ئاگاداریی بڵاودەکردەوە کە خەڵاتی 15 ملیار تومەن دەدرێتە هەر کەسێک بیانکوژێ یان دەستگیریان بکات.
 
ئەمریکا هێزێکی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی بە دەیان فڕۆکەی جەنگی و هێلیکۆپتەری بلاک هۆکەوە رەوانەی شوێنەکە کرد، ئەوە سەرباری فڕۆکەی جۆری A-10  بۆ پشتیوانی. ئێرانییەکان دەڵێن توانیویانە دوو هەڵیکۆپتەری بلاک هۆک و فڕۆکەیەکی ئەی 10 بپێکن، ئەوە لە کاتێکدا کە فڕۆکەوانی یەکەم بە زیندوویی دۆزرابووەوە و هێشتا نەگەیشتبوونە فڕۆکەوانی دووەم کە ئەفسەری بەکارخستنی بۆمب و مووشەکەکانی فڕۆکەکەیە.
 
ئەمریکا ناچاربوو دوو فڕۆکەی MC-130 بە هێزی تایبەتەوە بگەیێنێتە شوێنەکە. ئەم فڕۆکانە بەجۆرێک دیزاینکراون کە دەتوانن لە شوێنی تەختی خۆڵیش دا بنیشنەوە. دەگوترێ سوودیان لە فڕگەی کۆنە فڕۆکەخانەیەکی کشتوکاڵی وەرگرتووە بۆ نیشتنەوە، بەڵام لە دوای نیشتنەوەیان هیچ کام لە فڕۆکەکان نەیانتوانی بفڕن. هێشتا هۆکاری ئەمە روون نییە، ئێران دەڵێ بە مووشەکی ئەوان پێکراون و ئەمریکا دەڵێت بەهۆی کێشەی تەکنیکی تێکچوون.
 
دەستبەجێ فەرمان بە هێزەکەی ئەمریکا درابوو هەردوو فڕۆکەکەیان لە شوێنی نیشتنەوەیاندا تێکبشکێنن کە بەهای هەریەکێکیان سەرووی 100 ملیۆن دۆلارە.
 
سەرئەنجام هێزەکە توانییان فڕۆکەوانی دووەم بدۆزنەوە و رزگاری بکەن. ئۆپەراسیۆنەکە وەکو کارێکی سەربازیی دەگمەن و کەم وێنە کە پێکدادانی راستەوخۆی لەگەڵ لایەنی ئێرانی تێدا بووە، چووە مێژووەوە، بەڵام لایەنی ئێرانیش بە تێکشکاندنی ئەو ژمارەیە لە هەلیکۆپتەر و فڕۆکەی جەنگی، گومانی خستە سەر ئەو بانگەشەیەی لایەنی ئەمریکی و ئیسرائیلی کە گوایە ئاسمانی وڵاتەکە لە کۆنترۆڵی خۆیاندایە.
 
هەرچۆن بێت، ئەو ئۆپەراسیۆنە بووە تاقیکردنەوەیەکی بچووک و توانی وێنایەکمان بداتێ لەبارەی هەر ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی زەوینی ئەگەر هەوڵەکانی ئاگربەست و بەدیهێنانی ئاشتی نەگەیشتنە ئەنجامێک و شەڕ پێی نایە قۆناخێکی دیکەی تووندوتیژترەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێستگەیەکی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران. وێنە: ئەرشیڤ

رووسیا: تکایە با رێگری لە دروستبوونی مەترسی لە دەوری بنکە ئەتۆمیەکانی ئێران بکەین

ئەلێکسی لیخاچێڤ، سەرۆکی کۆمپانیای وزەی ئەتۆمیی رووسیا (رۆس ئەتۆم) دەڵێ، بەهۆی مەترسییەکانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، پرۆسەی گواستنەوەی 198 کارمەندی رووسی لە وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر بەرەو سنووری ئەرمینیا بەردەوامە. لە هەمان کاتدا ئامادەیی مۆسکۆی نیشاندا بۆ یارمەتیدانی تاران لە پاراستنی وێستگەکەی