رووداو دیجیتاڵ
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دان بە گرانبوونی کاڵاکان لە بازاڕەکانی وڵاتەکەیدا دەنێت و رایدەگەیێنێت، "ئاگادارم نرخەکان بەرزبوونەتەوە،" هۆشداریش دەداتە قۆرخکاران و دەڵێت: "گرانفرۆشی بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە."
رۆژی چوارشەممە، 6ـی ئایاری 2026، مەسعود پزیشکیان لە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، ئاگاداری بەرزبوونەوەی نرخەکانە و ئاماژەی بەوە کرد، "بەشێکی گرانبوونی کاڵاکان پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی نرخی ماددە سەرەتاییەکان و ئەو جەنگە سەپێندراوەوە هەیە، کە خەڵک لێی تێدەگەن."
سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، نابێت دۆخی ئێستا بکرێتە بیانوو بۆ گرانفرۆشی و قۆرخکردنی کاڵا بنەڕەتییەکان. وەک رێکارێکی یاساییش گوتی: "داوام لە وەزیری داد کردووە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری، بە تووندی رووبەڕووی ئەو سەرپێچییانە ببنەوە کە ئارامیی کۆمەڵگە تێکدەدەن."
لە تاران چاودێریی بازاڕ چڕ دەکرێتەوە
ئەم قسانەی پزیشکیان لە کاتێکدایە کە بازاڕەکانی ئێران بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، جەنگ و گۆڕانکاریی لە نرخی دراو، رووبەڕووی شەپۆلێکی نوێی گرانی بوونەتەوە.
محەممەدسادق موعتەمیدیان، پارێزگاری تاران رایگەیاند، رۆژانە لیژنەی رێکخستنی بازاڕ لە پارێزگاکە کۆدەبێتەوە و گوتی: "بەشێکی بەرزبوونەوەی نرخەکان پەیوەندی بە زیادبوونی کرێ و تێچووی ئاو، کارەبا و گازەوە هەیە."
پارێزگاری تاران هەڕەشەی گرتنەبەری رێکاری تووندی کرد بەرامبەر ئەو کەسانەی "بە شێوەیەکی نالۆژیکی" نرخەکان بەرز دەکەنەوە.
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، زەبیحوڵڵا خودائیان، سەرۆکی رێکخراوی چاودێریی گشتیی ئێران، مۆڵەتی 72 کاژێری دایە وەزارەتەکانی (پیشەسازی و بازرگانی، کشتوکاڵ و رێکخراوی پاراستنی بەرهەمهێنەر) بۆ ئەوەی راپۆرتی کۆتایی لەسەر "نرخی راستەقینەی کاڵاکان" پێشکەش بکەن و کۆنترۆڵی بازاڕ بکەن.
خودائیان رایگەیاند بە تووندی رووبەڕووی ئەو کەسانە دەبنەوە کە کەمتەرخەمن و وردبینی لەو خزمەتگوزارییە حکومییانەش دەکرێت کە بوونەتە هۆی گرانی. هەروەها گوتی، دەبێت وەزارەتەکان بە شێوەی هەفتانە راپۆرتی چاودێرییەکانیان رەوانە بکەن و هەر فەرمانگەیەک رێگری لە هاوردەکردن و هەناردەکردن بکات، وەک سەرپێچیکار مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
بەهۆی ناسەقامگیرییەوە، بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر دۆلار بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە؛ ئێستا هەر دۆلارێک لە بازاڕی ئازاددا بە نزیکەی 175 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت، لەکاتێکدا ساڵێک لەمەوبەر تەنیا 81 هەزار تمەن بوو.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی سندووقی نێودەوڵەتی دراو (IMF) بۆ ساڵی 2026، کۆی بەرهەمی نێوخۆیی ئێران (GDP) بە رێژەی 6.1% پاشەکشە دەکات و رێژەی هەڵاوسان دەگاتە 68.9%.
خەمڵاندنە حکومییەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە زیانەکانی جەنگ گەیشتووەتە نزیکەی 270 ملیار دۆلار، کە یەکسانە بە 60%ـی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی ساڵانەی ئەو وڵاتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ