راپۆرتێک: ئێران مادەی پێویست بۆ دروستکردنی 800 مووشەکی بالیستی لە چین دەکڕێت

06-06-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

میدیای ئەمریکی دەڵێت، ئێران هەزاران تۆن مادەی پێویستی بۆ بەهێزکردنی توانا مووشەکی و سەربازییەکانی لە چین کڕیوە. باس لەوەش دەکات، ئەو مادانە لە چەند مانگی داهاتوودا دەگەنە ئێران.
 
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ-ی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، لە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو مامەڵەیەوە، زانیاریی دەستکەوتووە کە ئێران هەزاران تۆن مادەی پێویستی بۆ دروستکردنی مووشەکی بالیستی لە چین کڕیوە، لەوانەش پێرکلۆرایتی ئەمۆنیۆم کە وەکو سووتەمەنیی مووشەک سوودی لێوەردەگیرێت.
 
مادەکان لەلایەن کۆمپانیای تیجارەت رافی نۆڤینی ئێرانییەوە لە کۆمپانیای لایۆن کۆمدتی هۆڵدینگی هۆنگ کۆنگی-یەوە کڕدراون.
 
ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ میدیا ئەمریکیەکە کردووە، دەڵێن، ئەو بڕە پێرکلۆرایت ئەمۆنیۆمەی ئێران کڕیویەتی بەسە بۆ دروستکردنی 800 مووشەکی بالیستی، کە باوەڕ وایە بەشێکیان بە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە دەدرێن، لەوانەش حووسییەکانی یەمەن و گرووپە چەکدارە شیعەکان لە عێراق.
 
میدیای ئیسرائیل باس لەوە دەکات، ئێستا ئێران 3000 مووشەکی بالیستیی هەیە.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، نێوەڕاستی شوبات و کۆتایی ئاداری ئەم ساڵ، ئێران هەزار تۆن سۆدیۆمی پێرکلۆرایتی لە چینەوە بەدەستگەیشت کە بەس بوو بۆ بەکارهێنانی لە دروستکردنی 260 مووشەکی کورتمەودا.
 
بەپێی ئەو سەرچاوانەی قسەیان کردووە، بەشێکی ئەو مادانە لە تەقینەوەکەی نیسانی ئەم ساڵ لە بەندەری شەهید رەجایی لە بەندەر عەباس لەنێوچوون.
 
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی چین رەتیکردەوە هیچ زانیارییەکی لەبارەی کڕینی مادەی پێویست بۆ دروستکردنی مووشەک لەلایەن ئێرانەوە لە وڵاتەکەیان هەبێت؛ گوتیشی، چین کۆنترۆڵێکی تووندی لەسەر بەندەرەکان داناوە، بە جۆرێک پێویستە بەکارهێنانیان بە گوێرەی یاسا و رێکارە نێودەوڵەتییەکان بێت. 
 
لە وەڵامی مامەڵەی چین لەگەڵ ئێران، جاروبار ئەمریکا سزا بەسەر کۆمپانیای هەردوو وڵاتدا دەسەپێنێت.
 
29ی نیسانی ئەم ساڵ، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، شەش کۆمپانیا و کەسایەتی چینی و ئێرانی سزاداوە کە مادەی پێویستیان بۆ دروستکردنی مووشەک بۆ حکومەتی ئێران دابینکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە