ئێران قەرەبووی زیانلێکەوتووانی شەڕ بە 9 ملیۆن تاوەکو 700 ملیۆن تمەن دەکاتەوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە لە پەرلەمانی ئێران، پلانی حکومەتی بۆ هاوکاریکردنی ئەو کەسانە ئاشکرا کرد، کە خانوو و شوێنەکانیان بەهۆی شەڕەوە زیانی بەرکەوتووە؛ پلانەکە پێدانی پێشینەی نیشتەجێبوون و هاوکاری دارایی بێبەرامبەر لەخۆ دەگرێت.
 
عەبدولجەلال ئیری، گوتەبێژی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، حکومەت بڕیاریداوە  700 ملیۆن تمەن وەک پێشینەی نیشتەجێبوون بداتە ئەو خێزانانەی لە شارەکاندا ماڵەکانیان زیانی بەرکەوتووە، هەروەها 300 ملیۆن تمەنیش بۆ دانیشتووانی گوندەکان تەرخانکراوە.
 
سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی خانووەکانیان بە تەواوی خاپوور بوون، عەبدولجەلال ئیری گوتی، حکومەت بڕیاری داوە، بۆ هەر مەترێکی چوارگۆشە لەو باڵەخانانەی تاوەکو سێ نهۆمن: 26 ملیۆن تمەن بدرێت و بۆ هەر مەترێکی چوارگۆشە لەو باڵەخانانەی لە سێ نهۆم زیاترن 28 ملیۆن تمەن.
 
ئەو یەکانەشی تەنیا پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە و چاکسازی هەیە، حکومەت 9 ملیۆن تاوەکو 18 ملیۆن تمەن وەک هاوکاری بێبەرامبەر پێشکەشی خاوەن ماڵەکان دەکات.
 
بەپێی ئاماری مانگی سووری ئێران، نزیکەی 120 هەزار خانوو، شوقە و دووکان، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە زیانیان بەرکەوتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە