رووداو دیجیتاڵ
هێزی دەریایی ئەرتەشی ئێران دەستبەسەرداگرتنی تانکەرێکی نەوتی لە دەریای عومان راگەیاند و دەڵێت، تانکەرەکە نەوتی ئێرانی گواستووەتەوە و "سەرپێچی" لە یاساکانی هەناردەکردن کردووە.
رۆژی هەینی، 8ـی ئایاری 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی ئەرتەشی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و بە فەرمانی دادگە، هێزی دەریایی سوپا لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا دەستی بەسەر تانکەری (OCEAN KOI)دا گرتووە.
بەگوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، تانکەرەکە باری نەوتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی هەڵگرتووە. سوپای ئێران تۆمەتباری دەکات بەوەی "بەمەبەستی زیانگەیاندن و تێکدانی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت و بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران"، ویستوویەتی بارودۆخی ناوچەکە بقۆزێتەوە و سەرپێچی بکات.
لە ئۆپەراسیۆنی دەستبەسەرداگرتنی تانکەرەکەدا، هێزە تایبەتە دەریاییەکانی ئێران بەشدار بوون و کەشتییەکەیان بەرەو کەناراوەکانی باشووری ئێران ئاراستە کردووە و رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دادگەیان کردووە. هێزی دەریایی ئێران جەختی کردووەتەوە کە "لە بەرامبەر هیچ سەرپێچیکارێکدا چاوپۆشی ناکەن."
درەنگی شەوی رابردوو، پێکدادانی سەربازی لەنێوان هێزەکانی ئەمریکا و ئێران لە نزیک تەنگەی هورمز روویدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ