رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر 10 کەس و کۆمپانیادا سەپاند، کە چەندین کۆمپانیای چینیان تێدایە، ئەوەش بە تۆمەتی هاوکاریکردنی سوپای ئێران بۆ دابینکردنی چەک و کەرەستەی خاو کە لە دروستکردنی درۆنەکانی (شاهید) دا بەکاردێن.
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی گەنجینە تەنیا چەند رۆژێک پێش گەشتە چاوەڕوانکراوەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ چین و کۆبوونەوەی لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی ئەو وڵاتە دێت؛ هەروەها هاوکاتە لەگەڵ چەقبەستوویی هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئامادەیە بۆ گرتنەبەری رێکاری ئابووریی زیاتر دژی بنکە پیشەسازییە سەربازییەکانی ئێران، تاوەکو تاران نەتوانێت توانای بەرهەمهێنانی خۆی نوێ بکاتەوە و هێزەکانی لە دەرەوەی سنوورەکانی بەکاربهێنێت.
وەزارەتەکە رایگەیاندووە کە ئامادەیە رێکار دژی هەر کۆمپانیایەکی بیانی بگرێتەبەر کە پشتیوانی لە "بازرگانیی نایاسایی ئێران" دەکات، لەوانەش کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی. واشنتن هۆشداریشی داوە کە رەنگە سزای لاوەکی بەسەر ئەو دامەزراوە داراییە بیانییانەدا بسەپێنێت کە هاوکاریی ئێران دەکەن، بەتایبەتی ئەو دامەزراوانەی پەیوەندییان بە پاڵاوگە نەوتییە سەربەخۆکانی چین (ناسراو بە پاڵاوگەکانی تیپۆت) هەیە.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، لەو بارەیەوە رایگەیاند، "لەژێر سەرکردایەتییە بڕیاردەرەکەی سەرۆک ترەمپ دا، بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەمریکا و بەئامانجگرتنی ئەو کەس و کۆمپانیا بیانییانەی چەک بۆ سوپای ئێران دابین دەکەن تاوەکو دژی هێزەکانی ئەمریکا بەکاریان بهێنێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ