رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ئێران رایگەیاند، لە رۆژی شەممەوە پڕۆژەی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.
فەرماندەییەکانی پۆلیس لە ناوەندی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بەیاننامەی جیاوازدا رایانگەیاند، پڕۆژەی باڵاپۆشی لە رۆژی شەممەوە لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکان دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای کرماشان داوا لە کچان و ژنان دەکات، پابەندی یاسا و بەهاکان بن، ئەگەر پابەند نەبن لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکەن.
راگەیێندراوی پۆلیسی پارێزگاکان دوای ئەوە بڵاوکرانەوە، رۆژی چوارشەممە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گوتاری جەژنی رەمەزاندا گوتی، پاشەکشێ لە بڕیاری پابەندبوون بە باڵاپۆشی ناکەن و هەمووان دەبێت پابەندی ئەو یاسایە بن.
پڕۆژەی پابەندبوون بە باڵاپۆشی هێشتا لە ئێران نەبووەتە یاسا. ساڵی رابردوو کۆمیسیۆنێکی تایبەتی پەرلەمانی ئێران پڕۆژەیاساکەی پەسند کرد و بڕیارە بۆ ماوەی سێ ساڵ جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران تێبینی لەسەر هەیە و پڕۆژەیاساکەی گەڕاندووەتەوە پەرلەمان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ