رووداو دیجیتاڵ
ئاستی ئاوی بەنداوی داریان لەنزیک پاوە لە پارێزگای کرماشان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. گەرچی سیراون، کە رووبارێکی گەورەیە و کانی بڵ کە سەرچاوەیەکی گەورەیە، دەڕژێنە نێو ئەو بەنداوە، بەڵام دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوەکە نیشانەی ئەوەیە سەرچاوەکانی ئاوی بەنداوەکە کەمیان کردووە.
ئێستا سەرجەم بەنداوەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان 46%ی توانای گلدانەوەی ئاویان تێدایە، بەڵام دۆخەکە بەراورد بە ساڵی رابردوو باشترە.
فیروز قاسم زادە، گوتەبێژی پیشەسازیی ئاوی ئێران رایگەیاند، "بەراورد بە ساڵی پار، بەنداوەکان 27% ئاوی زیاتریان تێدا کۆبووەتەوە، بەڵام ئەگەر بەراورد بە پێنج ساڵی رابردوو دۆخەکە هەڵسەنگێنین، 14% کەمتر ئاو لە بەنداوەکاندا هەیە و تەنانەت لە هەندێک ناوچەی 40% کەمتر بووە و لە هەندێک ناوچەش هیچ ئاو لە بەنداوەکاندا نییە."
بەڵام بەکارهێنانی ئاویش زۆر بووە. ئەمساڵ بەراورد بە پار، 18% ئاوی زیاتر بەکاردەهێندرێت. کەمبوونەوەی ئاوی بەنداوەکان و زیاتر بەکارهێنانی دەکرێت لێکەوتەی ئەرێنیی هەبێت.
بەپێی راپۆرتی ناوەندی توێژینەوەکانی پەرلەمانی ئێران، 476 شاری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کێشەی قووڵی ئاویان هەیە. بە گوتەی هاشم ئەمینی، گوتەبێژی دامەزراوەی ئاو و ئاوەڕۆی ئێران، "گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی بەفر و باران بوونەتە هۆی ئەوەی لە هەندێک لە شارەکاندا هاوسەنگیی نێوان سەرچاوەکانی ئاو و بەکارهێنان تێکبچێت."
ئێران بۆ دروستکردنی بەنداو لە ئاستی جیهانیدا پلەی سێیەمی هەیە. عەباس کشاوەرز، جێگری ناوەندی توێژینەوەی ئاوی ژووری بازرگانیی ئێران دەڵێت، بەنداوەکانی ئێران لە کاتی وشکەساڵیدا یارمەتیدەر نەبوون و تەنانەت ئەگەر ساڵێکیش لافاو زۆر بووبێت، دیسان نیگەرانی وشکەساڵیی ساڵی داهاتوو بووین.
بەنداوەکان بۆ دەسەڵات پەیداکردن بەسەر سەرچاوەکانی ئاودا دروست دەکرێن، بەڵام کەسانێکیش هەن پێیانوایە بەنداوەکان کاریگەرییە نەرێنییەکانیان زیاترە لە ئەنجامە ئەرێنییەکان و کاریگەریی خراپیان لەسەر ئیکۆسیستم داناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ