قاوەخانە رۆژئاواییەكان لە ئێران بە هێمای ئازادی کۆمەڵایەتی دادەنرێن

12-03-2014
رووداو @Rudawkurdish
,
,
نیشانەکردن تاران ئازادی کۆمەڵایەتی
A+ A-
رووداو- تاران

بە دەیان  كافێ و شوێنی حەسانەوە لە تارانی پایتەختی ئێران كراونەتەوە و تێیدا خەڵكی بەئازادی كۆدەبنەوە و بیرورایان ئاڵوگۆڕدەكەن، ئەمەش بە ئاماژەیەكی گرنگ دادەنرێت بۆ پێشڤەچوونی  ئازادی كۆمەڵایەتی لە ئێران، كە زۆرجار بە پێشێلكاری بەرامبەر مافەكانی مرۆڤ تۆمەتباردەكرێت.

 لەیەكێك لە كافێكانی ناوەڕاستی تاران، گەنجانی ئەو وڵاتە خەریكی بیروڕاگۆڕینەوەن و بەئازادی جگەرەدەكێشن ، جگە لەمانەش ئینتەرنێت بە خۆڕایی بەكاردەهێنن.

ماوەی زیاتر لە سەدەیەكە كافێ و قاوەخانەكان لە ئێران هەن، بەڵام  بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران هەردەم ویستوویانە كە شێوازی رۆژئاوایی  باڵ بەسەر ئەو قاوەخانانە نەكێشێت و رێگربوونە لەبەردەم گۆڕانی شێوەی قاوەخانەكان، بەتایبەت لەدوای شۆڕشی ئێران لە ساڵی 1979.

لەسەردەمی مەحموود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆكۆماری پێشووی ئێران چەندین قاوەخانە بە بیانووی بوونی شێوازی رۆژئاوایی تێیدا داخران، بەڵام ئێستا بەشێك لەسەركردەكان بەبەراورد لەگەڵ سەردەمی پێش خۆیان كراوەترن و هەندێك بەلایانەوە ئاساییە كە قاوەخانەكان شێوازی رۆژئاواییان هەبێت.

فەرزین یەكێك لەو گەنجانەیە كە كاتێكی زۆر لەو قاوەخانانە بەسەردەبات، بە بڕوای ئەو ئازادی كۆمەڵایەتی لە وڵاتەكەی تاوەكو راددەیەك پێشكەوتووە.

فەرزین كە دانیشتووی تارانە، لەبارەی بوونی ئازادییەوە دەڵێت" ئازادیی كۆمەڵایەتی تاوەكو رادەیەك هەر هەبووە، بەڵام ئەگەر بەراوردی بكەین لەگەڵ ئێستا، ئەوا ئازادییەكە  هەندێك باشترە و زۆرترە لە جاران، شتەكان ئێستا باشترن و خەڵكێكی زیاتریش دەچنە كافێكان، هەروەها كافێكانیش باشبوونەو شتی سەرنجڕاكێشتریان تێدایە".

بەرپرسی یەكێك لە كافێكان دەڵێت، بە بەراورد لەگەڵ پێشتر كافێكان دوو ئەوەندە زیاتربوون بەتایبەت لە دووساڵی رابردوودا.

بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەكان، ئێستا  تەنیا لە تاران زیاتر  لە 4 هەزار و 800 كافێ هەن، لەشارێكدا  كە ژمارەی دانیشتووانەكەی 12 ملیۆن كەس دەبێت.

لەكافتریاكان دەنگی موزیكی رۆژئاوا  بەتایبەت رۆك و پۆپ دەبسترێت، دیوارەكانیش بە وێنەی رەنگاڕەنگ داپۆشراون، هەندێك لە وێنەكانیش هی هونەرمەندە ئەمریكییەكانن، جگە لە بوونی پۆستەری شانۆ و فیلمە ئێرانییەكان.

هەرچەند تاوەكو رادەیەك ئازادی كۆمەلایەتی لە ئێران دەستەبەر بووە، بەلام هێشتا وڵاتان كرانەوەی ئێران بە رووكەشی دەبینن و پێیانوایە كە  لەو ئاستە نییە جێگای دڵخۆشی و دەستخۆشی بێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە