سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێران 'دەستپێکی بەهاری پەیوەندییەکانی هەولێر و تاران' دەبێت

06-05-2024
سۆران حوسێن
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی لە تاران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تارانە و بە جیا لەگەڵ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران؛ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوە کۆبووەوە. شرۆڤەکارێک دەڵێت، سەردانەکە دەبێتە بەهاری پەیوەندییەکانی نێوان تاران و هەولێر.
 
لە "مێزی گفتوگۆ"ـی تۆڕی میدیایی رووداودا هەریەکە لە جەواد قادر، لێکۆڵینڤان لە پەیمانگەی توێژینەوە و گەشەپێدانی کوردستان؛ د. عومەر نوورەدینی، مامۆستای کۆلێژی یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی لوبنانی – فەرەنسی و د. زوبێر رەسووڵ، پسپۆڕی سیاسەتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پەیوەندییە هەرێمییەکان سەردانەکەیان تاوتوێ کرد.
 
جەواد قادر لە گفتوگۆکەدا گوتی: "بەگوێرەی بایەخی رۆژنامە فەرمییەکانی ئێران، سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەرێنیە؛ پێم وایە بەهاری پەیوەندییەکانی تاران و هەولێر دەستیپێکردووە".
 
سەنگەر عەبدولڕەحمان، نێردراوی رووداو بۆ تاران لە وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە بۆ ئامادەبووانی مێزی گفتوگۆ قسەی کرد و گوتی، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کە پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی کردووە، دەنگدانەوەی زۆری لەنێو ئێران و میدیاکانی وڵاتەکەدا دروستکردووە و گرنگییەکی زۆری پێدراوە.
 
جەواد قادر گوتی، سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەرهەمهێن دەبێت و عێراقیش دەتوانێت سوودی لێ ببینێت.

 

عومەر نوورەدینی لە گفتوگۆکەدا گوتی، پێگەی رێبەر لە ئێران باڵاترین پێگەیە و لە رووی مەزهەبی و سیاسییەشەوە کەسی یەکەمی وڵاتەکەیە، "بۆیە ئیرادەیەکی سیاسی لە ئێرانییەکان هەست پێ دەکەین کە قۆناخێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات".
 
عومەر نوورەدینی گوتی، نزیکەی 700 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران هەیە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران دەیەوێت هەرێمی کوردستان نەچێتە نێو هاوپەیمانییەکەوە کە دژی ئێران بێت، لە بەرامبەردا هەرێمی کوردستانیش هەمیشە ویستوویەتی پردێکی پەیوەندی بێت، نەوەکو دژی وڵاتێک.
 
د. زوبێر رەسووڵ لە قسەکانیدا گوتی: "وەکو هەرێمی کوردستان لە ژینگەیەکی سەختی نێودەوڵەتی و ناوچەیەکی بارگرژی وەکو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سیاسەت دەکەین و پێگەیەکی دەوڵەتیشمان نییە، چونکە دەوڵەتان دەرفەتیان زیاترە. سەرەڕای ئەوەش پاراستنی هاوسەنگیی توانایەکی زۆری دەوێت. ئەوەی هەرێمی کوردستان لەنێوان ئێران و تورکیادا کردوویەتی دەستکەوتی گەورەیە لە رووی هاوسەنگییەوە".
 
زوبێر رەسووڵ دەڵێت: "هەرێمی کوردستان لەگەڵ پەیوەندییەکی دۆستایەتیدایە لەگەڵ ئێران، بەڵام ئەو پەیوەندییە دۆستایەتییە لەنێو ئەو کۆمەڵە ئاسایشییە هەرێمییەی وەکو تیۆر باسی دەکەین پڕە لە بەربەستی نادڵنیایی، چونکە متمانەی تەواو نییە.. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی تۆ بەشێکی لە ئاسایشی من؛ دەکرێت ئەو هاوکێشە ئاسایشیانە بە ئاسانی تێکبچن". 
 
عومەر نوورەدینی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە مێژووی پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "مێژووی پەیوەندییەکان دوو وێنە و دوو ئاراستەی جیا بوون؛ یەکێکیان ئەوەیە، لەکاتی راپەڕین و پێش راپەڕینیش کۆماری ئیسلامیی ئێران دەوڵەتێکی پاڵپشتیکار بووە بۆ روودانی وەرچەرخانی سیاسی لە دەوڵەتی عێراق کە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانی تێیدا بێتە دی".

 

 
عومەر نوورەدینی باسی لە دیوێکی دیکەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و تاران کرد و گوتی: "لەپاڵ ئاراستە ئەرێنییەکاندا، ئێمە ئاراستەیەکی دیکەش دەبینین، ئەویش ئەوەیە، مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە رێگەی مووشەکبارانکردن و درۆنبارانکردنەوە؛ هەروەها لە رووی بازرگانییەوە جۆرێک کاڵامان لە ئێرانەوە بۆ دێت بەسەرچوون؛ هاوکات گەشتیاران لێرەوە دەچنە ئێران رووبەڕووی لێپرسینەوە دەبن. بۆیە هەرێمی کوردستانیش نیگەرانی هەیە".
 
بە بڕوای عومەر نوورەدینی، هەرێمی کوردستان مەبەستیەتی لە گفتوگۆکاندا تاوتوێی وێنە ئەرێنییەکە بکرێت کە "کۆماری ئیسلامیی ئێران دراوسێیەکی باش و پشتیوانکەرە و پەیوەندییەکان دەبێت بەشێوەیەک بن بە ئاراستەی هێنانەدی بەرژەوەندیی هاوبەش".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح.

هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە

هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح کە کەمپێکی ئاوارەکانی کردە ئامانج، کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە. بەشێک لە وڵاتان داوا دەکەن ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر شارەکە رابگرێت و رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرێت.