لێبووردنی نێودەوڵەتی: چوار کورد لە ئێران مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە

13-01-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکدا باسی چوار کوردی پارێزگای ئەلبورزی ئێران دەکات کە بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی خراپەکاری" مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە و لە ژێر زەبری ئەشکەنجە، بەزۆرەملێ دانپێدانانیان پێ واژۆ کراوە.
 
لێبووردنی نێودەوڵەتی دەڵێت، ئەنوەر خزری، فەرهاد سەلیمی، کامەران شێخ و خوسرەو بەشارەت، کوردی سوننەی ئەو پارێزگایەن و لە زیندانی قزل حەسار دەستبەسەرن. 
 
رێکخراوەکە دەڵێت، لەنێوان تشرینی دووەمی 2023 بۆ کانوونی دووەمی 2024، سێ کوردی دیکە لەو پارێزگایە بەناوەکانی غاسم ئەبستە، ئەیوب کەریمی و داود عەبدوڵڵاهی بە "هەڕەمەکی" بە هەمان تۆمەت دادگەیی کران و لەسێدارەدران. رێکخراوەکە  جەخت دەکاتەوە لەوەی "ئەو حەوت کوردە پێش دادگەییکردن لە حوزەیرانی 2018 ئەشکەنجە دراون و مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا کراوە و رێگەیان نەداوە پارێزەرەکانیان قسە بکەن."
 
رێکخراوەکە لە 12-1-2024 راپۆرتەکەی بڵاوکردووەتەوە و لە روونکردنەوەی زیاتردا نووسیویەتی، ئەو حەوت کەسە لە مانگی 12ـی 2009 و مانگی 1ـی 2010 لە پارێزگەی ئازەربایجانی رۆژئاوا لە باکووری رۆژئاوای ئێران دەستگیرکراون و لە ئورمیە دەستبەسەرکراون. سەرەتا تۆمەتی ئەوەیان خراوەتە پاڵ کە پەیوەندییان بەگرووپەکانی "سەلەفی"ـیەوە هەبێت و ئەوانیش رەتیانکردووەتەوە.
 
ئەنوەر خزری، کامەران شەیخ و خوسرەو بەشارەت دواتر تۆمەتی ئەوەیان خرایە پاڵ کە هەرسێکیان لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا بوون و لە پیاوێکیان داوە و کوشتوویانە، هەرسێ دەستبەسەرەکە ئەو تۆمەتەیان رەتکردووەتەوە. ئەو کوردانە لە نامەیەکی کراوەدا کە بۆ وەزارەتی ئیتلاعاتیان ناردووە، باسی ئەوەیان کردووە؛ بە بەردەوامی لەکاتی لێکۆڵینەوەدا ئەشکەنجەدراون و "بەزۆر واژۆی دانپێدانانیان پێکراوە."
 
لێبووردنی نێودەوڵەتی لەسەر زاری ئەو کەسانە شێوازەکانی ئەشکەنجەکانیانی بەمشێوەیە بڵاوکردووەتەوە: "لێدان، هەڵواسین، لەسێدارەدانی وەهمی، زەوتکردنی خەوتن و ئەشکەنجەی دەروونی."ـی دراون.
 
رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی نامەیەکی بۆ غولام حوسێن موحسین ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ناردووە و داوا دەکات لەسێدارەدانی ئەو چوار کوردە رابگرێت و بە بنەما نێودەوڵەتییەکان دادگەیی بکرێن.
 
نامەکەی خزری بۆ ئیبراهیم رەئیسی
 
لە شوباتی 2020، ئەنوەر خزری نامەیەکی بۆ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی ئێستای ئێران و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئەوکاتی ئێران ناردووە و تێیدا باسی ئەو پێشێلکارییانەی کردووە کە بەرامبەری کراون. لە نامەکەدا نووسیویەتی، "دوای ئەوەی 56 رۆژ بێ وچان ئەشکەنجەدرام، هەوڵمدا خۆم بکوژم. لە ئیتلاعات بە بەردەوامی لە سینگم، قاچم و سەریان دەدام."
 
دەڵێت ئەوکاتەی براوەتە نەخۆشخانە بۆ ئەوەی خوێنی تێبکرێت، بە دەسەڵاتدارانیان گوتووە دەبێت لە نەخۆشخانە بخەوێندرێت، بەڵام ئەوان رۆژی دواتر بردوویانەتەوە زیندان و بە زۆرملێ دانپێدانانیان پێ واژۆکردووە.
 
خزری دەڵێت، "لە ئابی 2017 رۆژێک چاو و قۆڵییان بەستم و بردیانم بۆ سەر سەکۆی لەسێدارەدان و ئامادەیان کردم، بەڵام دواتر بۆم دەرکەوت ئەوە تەنیا لە سێدارەدانی وەهمییە و بۆ ئازاردانی دەروونیی منە."
 
گوێگرتن لە ئەشکەنجەی ئەوانی دی
 
رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی دەڵێت، دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان خوسرەو بەشارەت دەستگیر دەکەن، بە تووڵی کارەبایی لێیدەدەن، لە جێخەوی خۆی دەیبەستنەوە و لێیدەدەن، بۆ ماوەی چەندین رۆژ بە کەلەپچە لە بنمیچی ژوورێک هەڵیدەواسن، بەزۆر وای لێدەکەن گوێ لە هاواری کەسانی دیکە بگرن، کاتێک ئەشکەنجە دەدرێن و بە زۆر رێگەی نادەن بخەوێت. بەمجۆرە، بەشارەت بە زۆرملێ "نامەی دانپێدانانی پێ واژۆ دەکرێت."
 
لەکۆتایی راپۆرتەکەدا، رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەکات، لە هەموو حاڵەتەکاندا بەبێ جیاوازی دژی سزای لەسێدارەدان وەستاوە.
 
رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی بە بەردەوامی داوا لە هەموو ئەو وڵاتان بە ئێرانیشەوە دەکات کە سزای لەسێدارەدان جێبەجێ دەکەن، بەفەرمی لەسێدارەدان بووەستێنن. 
 
بەگوێرەی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، 977 کەس لە 2015، 567 لە 2016، 507 کەس لە 2017، 249 کەس لە 2018، 273 کەس لە 2019، 246 کەس لە 2020، 290 کەس لە 2021، 553 کەس لە 2022 و 499 کەس لە 2023 لە ئێران لە سێدارەدراون.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای ئێران و ئەمریکا

وەڵامەکەی ئێران بۆ پێشنیازەکەی ئەمریکا چی تێدایە؟

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، تاران لە وەڵامی دوایین پێشنیازی ئەمریکادا، داوای کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ناوچەکە، هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی و ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانی کردووە. میدیای فەرمیی وڵاتەکەش بەشێکی ناوەڕۆکی وەڵامی تاران بۆ پێشنیازەکەی واشنتنیان بڵاوکردەوە.