رووداو دیجیتاڵ
غوڵامحوسێن موحسینی ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران دەڵێ، وڵاتەکەی ئامادەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنە لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام بەو مەرجەی لەسەر بنەمای "پرەنسیپ و لۆژیک" بێت.
رۆژی دووشەممە، 13-4-2026، غۆلامحوسێن موحسینی ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای دەسەڵاتی دادوەریی ئەو وڵاتە لە تاران، باسی لە دانوستاندنەکانی ئیسلامئاباد لەنێوان شاندەکانی ئێران و ئەمریکای کرد و گوتی: "ئەمریکییەکان بەو لەخۆباییبوونەی هەیانە و بە هەمان هاوکێشەی سەپاندنی قسەی خۆیان، لە دانوستاندنەکانی ئیسلامئاباد ئامادە بوون."
غوڵامحوسێن موحسینی ئیژەیی گوتی: "ئەمریکا دەیویست لەسەر مێزی گفتوگۆ لە ئیسلامئاباد ئەو دەستکەوتانە بەدەست بهێنێت کە لە جەنگدا بۆی بەدینەهاتبوو."
سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، شاندی ئێرانی بە سەرۆکایەتیی محەممەد باقر قالیباف توانی بە سەرکەوتوویی پارێزگاری لە مافەکانی خەڵکی ئێران و دەستکەوتەکانی مەیدانی جەنگ بکات و هەربۆیەش نەیهێشێت ئەمریکا بگاتە ئامانجەکانی.
ئیژەیی باسی لەوەش کرد کە ئەگەر جەنگ دەستپێبکاتەوە، سوپای وڵاتەکەی ئامادەیە و رایگەیاند: "پەنجەی سەربازەکانمان لەسەر پەلەپیتکەیە. راگرتنی کاتیی شەڕ نەبووەتە هۆی سستبوونی ویستی هێزەکانمان."
سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران دەشڵێت: "گەلی ئێران بە یەکگرتوویی و یەکریزییەوە دەمێنێتەوە و گوێڕایەڵی فەرمانەکانی رێبەری کۆماری ئیسلامییە و پشتیوانی هەمەلایەنە لە هێزە چەکدارەکان دەکات."
رۆژی 11ی نیسانی 2026، دانوستاندنەکانی نێوان شاندەکانی ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیری پاکستان لە ئیسلامئابادی پایتەختی ئەو وڵاتە دەستیان پێکرد، بەڵام دوای 21 کاژێر گفتوگۆ نەگەیشتنە رێککەوتن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ