رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی ئێران رایگەیاند، 16 کارمەندیان لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا کوژراون.
ئەمڕۆ دووشەممە، 13ی نیسانی 2026 حەسن موئمینی، جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی ئێران بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، 16 لە هاوکارەکانیان لە پۆلیسی هاتووچۆ لەو 40 رۆژەی جەنگدا لە تاران و شارەکانی دیکە کوژراون.
سەبارەت بە رووداوەکانی هاتووچۆش لە کاتی جەنگدا، موئمینی گوتی: "رووداوەکانی هاتووچۆ لە کاتی جەنگدا بەرامبەر بە هەمان ماوەی پار 52% کەمیان کردووە".
ئەو بەرپرسەی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران ئاماژەی بەوەدا لە ماوەی جەنگدا هێزەکانیان بەبێ وەستان لە خزمەتکردنی هاووڵاتیان بەردەوام بوون و بەتایبەت لە کاتی گردبوونەوەی لایەنگرانی حکومەت لە تاران و گەورە شارەکانی ئێران رێوشوێنی تایبەتیان بۆ کۆنترۆڵی هاتووچۆ جێبەجێ کردووە.
لە 28ی شوباتی 2026ـەوە ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و بەرەبەیانی چوارشەممە، 8ی نیسانی 2026 ئاگربەستێکی دووهەفتەیی لە نێوان لایەنەکان راگەیێندرا.
رۆژی شەممەش دانوستاندنەکانی نێوان شاندەکانی ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیری پاکستان لە ئیسلامئابادی پایتەختی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوون، بەڵام نەگەیشتنە رێککەوتن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ