رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی ئێران لە هیندستان رایگەیاند، وڵاتەکەی بۆ هەردوو بژارەی جەنگ و ئاشتی ئامادەیە، بەڵام ئاشتییان پێ باشترە. هاوکات هۆشداریی دا کە تەنگەی هورمز ئاوی هەرێمیی ئێران و عومانە و بەمزووانە میکانیزمی نوێی تێپەڕبوون لەو رێڕەوە ئاوییە جێبەجێدەکەن.
رۆژی دووشەممە، 13ی نیسانی 2026 محەممەد فەتحعەلی، باڵیۆزی ئێران لە هیندستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بارەگای باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە نیودەلهی رایگەیاند، سەرکردایەتی و دامەزراوەکانی ئێران چەندین جار ئامادەیی خۆیان بۆ جەنگ و ئاشتی دەربڕیوە، بەڵام ئێستا ئارەزووی ئاشتی دەکەن.
فەتحعەلی رەخنەی لە هەڵوێستی ئەمریکا گرت و گوتی: "ئێمە بۆ لادانی هەموو بیانووەکان گەڕاینەوە سەر مێزی دانوستاندن، بەڵام بەداخەوە ئەوان مێزی گفتوگۆیان تێکدا." ئاماژەی بەوەشکرد کە سەرکەوتنی هەر دانوستاندنێکی داهاتوو و بەردەوامیی ئاگربەست بەندە بەوەی ئەمریکا واز لە "داواکارییە نایاساییەکان" بهێنێت و رێز لە ماف و بەرژەوەندییە شەرعییەکانی ئێران بگرێت.
باڵیۆزی ئێران باسی لە تەنگەی هورمز کرد و رایگەیاند، ئەم تەنگەیە ئاوی هەرێمیی ئێران و عومانە. فەتحعەلی رایگەیاند " لە داهاتوویەکی نزیکدا، میکانیزمی تێپەڕبوون لەم تەنگەیە رادەگەیێنین."
سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ هیندستان، باڵیۆزی ئێران دڵنیایی دایە نیودەلهی و گوتی وڵاتەکەی پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ حکومەتی هیندستان هەیە و دەیانەوێت ئاسانکاریی تەواو بۆ کەشتییەکانی ئەو وڵاتە بکەن. هەروەها گوتی ئێران نەوتی هەیە و ئامادەیە بە هەر وڵاتێکی بفرۆشێت کە خوازیار بێت.
شکستی دانوستاندنەکانی پاکستان و پێداگریی ئێران لەسەر کۆنترۆڵی تەواوەتیی تەنگەی هورمز، بازاڕی نەوتی جیهانیی هەژاندووە و نرخەکەی لە سەروو 100 دۆلارەوەیە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا وەک کاردانەوەیەک بۆ شکستى دانوستاندنەکان رایگەیاند، لە رۆژى دووشەممەوە 13ى نیسان، گەمارۆ دەخاتە سەر تەنگەکە و رێگرى لە هەر کەشتییەک دەکەن ئامانجەکەى بەندەری ئێران بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ