رووداو دیجیتاڵ
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ کاربەرێکەری باڵیۆزخانەی ئەفغانستان لە تاران، داوای بەردانەوەی ئاو لە ئەفغانستانەوە بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی شاری مەشهەد لە باکووری رۆژهەڵاتی ئێرانی کردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ی تشرینی دووەمی 2025، كازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ كاروباری نێودەوڵەتی و یاسایی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، لەگەڵ مەولەوی فەزڵ محەممەد حەقانی، کاربەرێکەری باڵیۆزخانەی ئەفغانستان لە تاران کۆبووەتەوەو لە کۆبوونەوەکەدا باسی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ شاری مەشهەد لە باکووری رۆژهەڵاتی ئێران کراوە.
كازم غەریبئابادی دەڵێت: "مەولوی فازڵ محەممەد حەقانی، بەرپرسی باڵیۆزخانەی ئەفغانستان لە تاران، سەردانی کردم. لەم دیدارەدا باسمان لە بەدواداچوونی ئەو لێکتێگەیشتنانە کرد، کە لە سەردانەکەی ئەم دواییەمان بۆ کابوول و پرسی پشکی ئاوی هیرمەند گەیشتبووین."
غەریبئابادی دەشڵێت: "جەختم لەسەر پێویستی بەردانەوەی ئاو لە بەنداوی سەلما بۆ دابینکردنی بەشێک لە ئاوی خواردنەوەی شاری پیرۆزی مەشهەد (کە ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی ئەفغانستانیشی تێدان) لە رێگەی بەنداوی دۆستیەوە کرد."
شاری مەشهەد، ناوەندی پارێزگای خۆراسانی رەزەوی، کە دووەم گەورەترین شاری ئێرانە و ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی سێ ملیۆن و 300 هەزار کەسە، رووبەڕووی قەیرانێکی سەختی کەمئاوی بووەتەوە.
حوسێن ئیسماعیلیان، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی مەشهەد رایگەیاندووە، ئاستی ئاو لە بەنداوەکانی شارەکە بۆ خوار 3٪ دابەزیوە.
بەنداوی سەلما دەکەوێتە پارێزگای هەراتی ئەفغانستان، کە هاوسنوورە لەگەڵ پارێزگای خۆراسانی رەزەوەی، لەسەر رووباری هەریرود دروستکراوە و توانای گلدانەوەی 640 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.
بەنداوی دۆستی دەکەوێتە پارێزگای خۆراسانی رەزەوی و سنووری هاوبەشی ئێران و تورکمانستان و لەسەر رووباری هەریرود دروستکراوە. بەنداوەکە توانای گلدانەوەی یەک ملیار و 250 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە و نزیکەی 60٪ی ئاوی مەشهەد لەو بەنداوەوە دابین دەکرێت.
ئاوی خواردنەوەی شاری مەشهەد لە چوار بەنداوی تۆرۆق، کاردە، ئەرداک و دۆستی دابین دەکرێت، بەڵام بەهۆی وشکەساڵییەوە سێ بەنداوی تۆرۆق، کاردە، ئەرداک وشک بوون.
عەباس عەلی ئابادی، وەزیری وزەی ئێران لەبارەی قەیرانی کەمئاوی هۆشداری دەدات و دەڵێت، هاوبەشەکان ئەگەر ئاوی زۆر بەکاربهێنن، رووبەڕووی بڕینی ئاو دەبنەوە. هەروەها ئەو هاوبەشانەی زیاتر لە پێوەری دیاریکراو ئاو بەکاربهێنن، بە پارەیەکی زۆر سزا دەدرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ