دامەزراوەی بێلینگکات بۆ رووداو: بۆردوومانەکەی شاری مینابی ئێران بە مووشەکی تۆماهۆکی ئەمریکی کراوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیرەم هۆشیار
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دامەزراوەی بێلینگکات (Bellingcat) بۆ لێکۆڵینەوەی مەیدانی، وردەکاریی نوێی ئەو هێرشە مووشەکییە بۆ رووداو ئاشکرا دەکات کە شاری مینابی ئێرانی کردە ئامانج. دامەزراوەکە دەڵێت، مووشەکەکە لە جۆری "تۆماهۆک"ی ئەمریکی بووە، هێرشەکەش "چەندین ئامانجی سەربازیی وردی" پێکاوە.
 
رۆژی 8ی ئاداری ئەم ساڵ، هێرشێکی مووشەکی شاری مینابی لە ئێران هەژاند. دامەزراوەی بێلینگکات لە رێگەی بەکارهێنانی تەکنیکی لێکۆڵینەوەی سەرچاوەکان (OSINT) و وێنەکانی مانگی دەستکرد، وەڵامی ئەو گومانانەی دایەوە کە لەسەر ناسنامەی مووشەکەکە و زیانەکانی هێرشەکە دروست ببوون.
 
تۆماهۆک یان ئەبومەهدی؟
 
تریفۆر باڵ، لێکۆڵەر لە دامەزراوەی بێلینگکات لە وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداو دا بەراوردکارییەکی وردی تەکنیکیی لە نێوان مووشەکی "تۆماهۆک"ی ئەمریکی و مووشەکی "ئەبومەهدی"ی ئێرانی ئەنجامدا بۆ دیاریکردنی ناسنامەی چەکەکە، کە بەم جۆرەیە:
 
- بزوێنەری مووشەک: لە مووشەکە ئێرانییەکاندا بزوێنەرەکە لە دەرەوەی جەستەی مووشەکەکەیە و وەک "کۆڵەکەیەک" لە ژێرەوە دەردەکەوێت، بەڵام ئەو مووشەکەی مینابی پێ بۆردوومان کراوە، بزوێنەرەکە لە ناوەوەی جەستەکەیە.
 
- دیزاینی جەستە: ئەو مووشەکەی لە ڤیدیۆی هێرشەکەدا دەردەکەوێت، جەستەیەکی تەواو لوولەیی و رێکی هەیە کە تایبەتمەندیی نەوەی چوارەمی مووشەکی تۆماهۆکە کە لەدوای ساڵی 2004ەوە بەکاردێت.
 
سەبارەت بە بۆردوومانکردنی قوتابخانەیەکی کچان لە شارەکە، لێکۆڵەرەکەی بێلینگکات بە رووداوی راگەیاند، "ئێمە پشتڕاستمان کردەوە کە هێرشەکە لە نزیک قوتابخانەکە بووە، بەڵام مووشەکەکە بەر باڵەخانەیەکی تەنیشت قوتابخانەکە کەوتووە." دامەزراوەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە "لەو چرکەساتەی مووشەکەکە دەگات، قوتابخانەکە لەناو چوارچێوەی وێنەکەدا نییە."
 
''هێرشەکە بە چەندین چەک ئەنجامدراوە''
 
بێلینگکات لە رێگەی وێنە سەتەلایتییەکانەوە تێبینی ئەوەی کردووە کە پێش گەیشتنی مووشەکی تۆماهۆکەکە، دووکەڵ لە ناوچەکەدا بینراوە، ئەمەش بەڵگەیە کە پێشتریش هێرش کراوەتە سەر هەمان شوێن.
 
لێکۆڵەرەکە دەڵێت، "ئەو زیانانەی لە وێنەکاندا دەبینرێن تەنیا بە یەک مووشەک دروست نابن، چەندین باڵەخانە لەو ناوچەیەدا بە وردی پێکراون، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە چەندین جۆرە چەکی وردپێکی دیکە لەگەڵ تۆماهۆکەکەدا لەو هێرشەدا بۆ لێدانی ئامانجە سەربازییەکان بەکارهێنراون."
 
هەڵەی تەکنیکی یان هێرشی پلان بۆ داڕێژراو؟
 
لێکۆڵەرەکەی بێلینگکات ئەو گومانانەی رەتکردەوە کە باس لە کەوتنەخوارەوەی مووشەکێکی ئێرانی بە هەڵە دەکەن و باس لەوە دەکات، "هیچ بەڵگەیەک نییە پشتگیری لەو بانگەشانە بکات کە دەڵێن مووشەکێکی ئێرانی بە هەڵە کەوتووەتە خوارەوە، بەپێچەوانەوە، شێوەی مووشەکەکە و وردی پێکانەکە ئاماژەن بۆ هێرشێکی دەرەکیی داڕێژراو."
 
دامەزراوەی بێلینگکات جەخت دەکاتەوە کە لێکۆڵینەوەکانیان لەبارەی رووداوەکە بەردەوامە و چاوەڕێی گەیشتنی بەڵگەی زیاترن بۆ دیاریکردنی هەموو ئەو چەکانەی لەو هێرشەدا بەکارهێنراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران

پزیشکیان: سەرەڕای جەنگ، رێگریمان لە پەککەوتنی خزمەتگوزارییەکان کردووە

سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، سەرەڕای تێپەڕبوونی 15 رۆژ بەسەر "جەنگی سەپێندراو" و بوونی کێشە لە کەرتەکانی گواستنەوە و پەیوەندی، بەڵام حکومەتەکەی رێگەی نەداوە خزمەتگوزارییە گشتییەکان بوەستن